توركیا رەتیدەكاتەوە لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی "ئیف-٣٥" دەركرابێت

جیهان

16/08/2019‌ 222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەولوود چاویش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەنقەرە لەبەرنامەی پەرەپێدانی فرۆكەی جەنگی "ئێف-٣٥" ی ئەمەریكی نەكراوەتە دەرەوە.

لەمانگی تەموزی ئەمساڵ ، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، وەك هەنگاوێك بەرانبەر بە كرینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی، بڕیاردراوە توركیا بێبەش بكرێت لەكڕینی فرۆكەی "ئێف-٣٥"، كە وابریار بوو زیاد لە سەد فرۆكەی لەو جۆرە بەو وڵاتە بفرۆشرێت ، جگە لەوەش توركیا لە بەرنامەی پەرەپێدانی سەدان پارچەی فرۆكەكە دەكرێتە دەرەوە .

واشنتۆن دەیان جار هۆشداری بە توركیا دا بەوەی بەردەوام نەبێت لە هەنگاونان بۆ كڕینی ئەو سیستەمە ئاسمانییە روسییە، لەبەر ئەوەی مەترسی هەیە بەرنامەی رادار و بەدواكەوتنی "ئێس-٤٠٠" بتوانێت زانیارییەكانی ناو فرۆكە ئەمەریكییەكە بدزێت .

پێش ئەو بڕیارەش واشنتۆن ڕاهێنانی فرۆكەوانە توركەكانی لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی فرۆكەی ئێف-٣٥ لە ویلایەتی ئەریزۆنا كۆتایی پێهینابوو.

بەگوێرەی پێگەی ئەحوالی توركی، چاویش ئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاندووە، كە هیچ شتێكی فەرمی لەو جۆرە لەئارادا نییە بەناوی دەركردنی توركیا لە بەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی ئێف-٣٥".

ئۆغڵو باسی لەوەش كردووە، كە ئەنقەرە بەشداری كردووە لە پەرەپێدانی ئەو فرۆكە ئەمەریكییە و لەو بوارەشدا ١،٤ ملیار دۆلاری بۆ كڕینی ئەو جۆرە فرۆكەیە داوە، كە وابڕیار بوو ببێتە بڕبرەی پشتی هێزی ئاسمانی توركیا لەماوەی دەیەی رابردوودا .

هێشتا واشنتۆن بەفەرمی هیچ وەڵامێكی ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی توركیای نەداوەتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی