دەرچوانی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەبنە خاوەنی بڕوانامەیەكی جیهانی

کوردستان

04/09/2019‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە باڵەخانەیەكی چوار نهۆمی یەكێك لەو ناوچانەی كە بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندنی باڵای تێدایە لە شاری سلێمانی، زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەردەكەوێت، هەرچەندە خوێندكاران و ستاف و مامۆستایانی زانكۆكە بۆماوەیەكی كاتی لەم كامپەن و لە چاوەڕوانی تەواوبوونی یەكێك لە باشترین و سەردەمیانەترین كامپی زانكۆن لە  شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا لە ئاستێكی باڵادا بەردەوامی بە خوێندن دەدەن.

چیرۆكی دروستبوونی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی لە زانكۆكانی دیكە جیاوازە، چونكە هاوبەشی یەكێك لە بەناوبانگترین زانكۆكانی جیهان و مالیزیایە (زانكۆی یو تی ئێم) كە لە پلەی ٢١٧ دایە لە ریزبەندی زانكۆكانی جیهان بەپێی (QS(

ئەو خوێندكارانەی لەم زانكۆیە دەخوێنن لەداهاتوودا دەبنە هەڵگری بڕوانامەی هەمان زانكۆی یو تی ئێمی مالیزی، ترێ  ئەزمەر سەبارەت بە هەڵبژاردنی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەڵێت " ویستم بەهەمان كوالیتی ئەزموونی خوێندنێكی جیهانی بكەم، بەڵام لە وڵاتەكەی خۆم".

ژیر ئەردەڵان كە خوێندكارێكی دیكەیە و لە بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی دەخوێنێت ، سەبارەت بە زانكۆكە گوتی " زانكۆی قەیوانم هەڵبژارد لەبەر ئەوەی كواڵیتی و ئاستێكی بەرزی هەیە."

زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی لە ریزبەندی باشترینەكاندایە لە بواری توێژینەوە ئەندازیاریی و تەكنەلۆژی و پیشەییەكان و بەشێكی زۆرلە ستاف و ئەو مامۆستایانەی لە زانكۆكە وانە دەڵێنەوە مامۆستای نێودەوڵەتین.

 د. محەمەد شوكور كە سەرۆكی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازیی و سیستەمی كۆمپیوتەر و نێتۆركینگە، خەڵكی وڵاتی مالیزیایە و ئێستا لە زانكۆكە وانە دەڵێتەوە، ئەو لە ژوورەكەی خوی سەرقاڵی دانان و ئامادەكردنی بابەتی خوێندن و گەڕانبوو بەدوای نوێترین سەرچاوە زانستییەكان.

 سەبارەت بە ئەزموونی خۆی د. شوكور وتی كە ماوەی حەوت مانگە لە زانكۆ وانە دەڵێتەوە و دەیەوێت باشترین كوالیتی خوێندن پێشكەش بە خوێندكاران بكات و هانیان بدات زیاتر فێرببن لەو بوارەی وانەیان پیدەڵێت.

د. شكور هەروەها وتی " لەپاڵ وانە وتنەوەدا بەشداریدەكەم  لەچەندین چالاكی لەگەڵ خوێندكاران، و خۆشی لێدەبینم، وەكو، لەبەركردنی جلی كوردی و سەیران و وەرزش".
 
كتێبخانە، تاقیگە و ئامێری پێشكەوتوو لە زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی بۆ خوێندكاران بەردەستن و بڕیارە لە كامپی نوێی زانكۆ كە بەم نزیكانە دەكرێتەوە فاسلیتی زیاتر بۆ خوێندكاران دابینبكرێت.

مامۆستا كەنار روشن، بەڕێوەبەری كارگێڕی و كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی گوتی "بە هۆی ئەوەی بڕوانامەكەمان مالیزیە، لیستی تایبەت بە ئامێر و تاقیگەی پێویست لە مالیزیاوە دەگات بە دەستمان و ئێمە دابینی دەكەین". 

ئەو وتیشی كە كارەكانیان بەردەوام لەژێر چاودێریدایە و  لیژنەی بە ئەزموون و تایبەت لە مالیزیاوە دێن بۆ پەسەند كردنی تاقیگەكان، و لیژنەی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان سەردانیان دەكەن بە بەردەوامی بۆ پەسەند كردنی تاقیگەكان.  

سەبارەت بە سیستەمی خوێندن لە زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی مامۆستا كەنار گوتی  كە سیستەمی خوێندنی ئێمە ١٠٠% مالیزیە لە زنكۆی یو تی ئێم، بە هەمو شتێكیەوە چ لە ناوی بابەتەكان، سلایدەكان، كتێب و سەرچاوە، كۆرس بووكی بابەتەكان، هەروەها گوتی  " بۆ دڵنیابوون لە پڕۆسەی خوێندنی فێرخوزانی ئێمە، تەنانەت پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە وڵاتی مالیزیاوە ئامادە دەكرێن....و كۆنمرەی خوێندكاران بە هەماهەنگی زانكۆی یو تی ئێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دیاری دەكرێت بەگوێرەی ڕێنماییەكان و بەشەكان."

خوێندن لە زانكۆیەكی نێودەوڵەتی مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ خوێندكاران، بەتایبەت لە رووی كۆنمرە و ئاستی زمانی ئینگلیزی، زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتیش لە رێگای ماڵپەڕ و لاپەڕەكانی سۆشیاڵمیدیای تایبەت بە خۆی هەموو زانیارییەكان بۆ خوێندكارانی پۆلی ١٢ رووندەكاتەوە.

ئەو خویندكارانەی دەیانەوێت لەم زانكۆیە بخوێنن، پێویستە لە هەنگاوی یەكەمدا  تاقیكردنەوەی ئاستی زمان لە زانكۆكە ئەنجامبدەن كە بەخۆڕایی بەردەستە، بەڵام زانكۆكە ئاسانكارییەكی دیكەی كردووە ئەویش بەخشینی خوێندكارانی ئەو خوێندنگایانەیە كە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن.

پاش دیاریكردنی ئاستی زمان، خوێندكاران دەتوانن ئەگەر پێویست بكات بەشداری كۆرسی (پری-ئەكادێمیك) بكەن و پاش تەواوبوونی راستەوخۆ دەتوانن دەست بكەن بە خوێندن لەو پرۆگرامەی خواستیان بۆی هەیە.

لە ئێستا لە هەرێمی كوردستان چەندین زانكۆ و پەیمانگای ناحكومی كراونەتەوە كە چانسی زیاتریان داوە بە خوێندكاران و دەرگای بژاردەی زیاتریان لەبەردەمیاندا واڵاكردووە، بە پێی گوتەی مامۆستایانی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی زانكۆكەی ئەوان ئەوەیە خوێندكارەكانیان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە بتوانن بە ئاسانی كاریان دەستبكەوێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵدەدەن ئەو بەشانە بكەنەوە و ئەو وانانە بە خوێندكار بڵێنەوە، كە دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون سوودی لێببین.

لە ئێستادا پرۆگرامەكانی ( گەشەپێدانی سەرچاوە مرۆییەكان، سكیوریتی تۆڕەكانی كۆمپیوتەر، تەكنەلۆجیای بەڕێوەبردن و ئەندازیاری پرۆگرامسازی )لە زانكۆكە بەردەستن و دەرچووانی دەبنە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس. وەرزی داهاتووی خوێندنیش پلان هەیە پرۆگرامەكانی (ئەندازیاری شارستانی، ئەندازیاری نەوت، ئەندازیاری بایۆمێدیكەڵ و ئەندازیاری میكانیكی ) بەردەستبن لەگەڵ چەند پرۆگرامێكی گرنگی پزیشكی وەكو( زانستی ددان، دەرمانسازی و پەرستاری).

زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی پلانی زیاتری هەیە و مەبەستیەتی گرنگی بە خوێندنی باڵا بدات، هەر بۆیە لە بەرنامەیدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا خوێندنی باڵا لە بوارەكانی ( ماستەر لە ئەندازیاری شارستانی،  كارگێڕی تەكنەلۆجیا و زانسی كۆمپیوتەر )بكاتەوە لەگەڵ خوێندنی دكتۆرا  لە پرۆگرامەكانی زانكۆی( یو تی ئێمی مالیزی ).

زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١٨ لە سلێمانی دامەزراوە و لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە خاوەندارێتی دەكرێت، هاوبەشی زانكۆی (یو تی ئێم)ی مالیزییە.  ئەو خوێندكارانەی لەم زانكۆیە دەخوێنن دەبنە هەڵگری بڕوانامەی زانكۆی (یو تی ئێم)ی مالیزی. لەئێستادا دەرگای خۆتۆماركردن بۆ خوێندی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە زانكۆكە كراوەیە، لەداهاتووشدا كەمپی زانكۆكە كە دەكەوێتە بەرزاییەكانی سلێمانی لە شاری سلێمانی تەواودەبێت و خوێندكاران دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.