توركیا بە هاوكاری بەغدا هەوڵ بۆ دابڕینی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەدات

کوردستان

27/03/2024‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه



تورکیا دەیەوێت کۆتایی بە کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی كوردستان بهێنێت، هەروەها پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر دروست بكات هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا دەیکات و لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە دڵنیابێت لەوەی کە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بە تەواوی بپچرێنێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی لە ژێردەستی هێزەكانی گەریلادان.

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بڵاویكردەوە بەپێی سەرچاوەکانی تورکیا، بەغدا بەهیچ شێوەیەک لاری نییە هاوکار بێت لە نەهێشتنی مەترسی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە بە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو پۆلێنی کردووە کە مەترسی بۆ سەر عێراقیش دروست دەکات.

ئەوەش لە چوارچێوەیەکی هەمەلایەنەدا کە پرسەکانی ئاو، ووزە، و ڕێگای گەشەپێدان دەگرێتەوە.

لایەنی تورکیا و عێراقی کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی کە هەموو ئەم پرسانە لەخۆدەگرێت کە لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق لە مانگی نیسانی داهاتوودا واژۆ بکرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە دیالۆگی ئەمنی بەغدا و ئەنقەرە سەبارەت بەشەڕی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان گواسترایەوە بۆ تاوتوێكردنی ئایندەی پڕۆژەی عێراق بۆ بازرگانی هەرێمی كە بە "رێگای گەشەپێدان" ناسراوە.

شاندێكی عێراقی بە سەرۆكایەتی ناسر ئەسەدی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری گواستنەوە، سەردانێكی بۆ ئەنقەرە دەستپێكرد بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی "رێگای گەشەپێدان".

 بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، سەفا جەبار ناسر، لەنێو شاندەكەدایە، لەگەڵ بەرپرسانی دیكە.