ورده‌كاریى دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا

کوردستان

28/03/2024‌ 3609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم وردەکاریی بڕیاره‌كه‌ى دوێنێى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیارمانداوە وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار دەستبکات بەتەرخانکردن‌و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی تائێستا لەحکومەت سودمەندنەبون".


دوێنێ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، بڕیارمانداوە وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار دەستبکات بەتەرخانکردن‌و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تائێستا لەحکومەت سودمەندنەبون.

د.عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون لەئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، "بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی زەوی، هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە، بەفەرمانبەرانی هەمیشەیی‌و گرێبەستەوە کە لەڕابردودا سودمەندنەبونە، ئەوەش وەکو مافێکەو حکومەتیش ئەو مافە دەدات".

زیاتر وتیشی:"ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، کە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی بەیەکەوە هەماهەنگی بکەن‌و ڕێکاری دابەشکردنی زەوی دەستنیشانبکەن".

عەبدولحەكیم خەسرەو ئاماژەی بەوەشدا، "ڕێنوێنی بۆ ئەو بابەتە دەردەچێت، بۆ ئەوەی لەشارو شارۆچکەکان زەوی تەرخانبکرێت‌و لەپڕۆسەیەکی ورد زەوی بەفەرمانبەران دەدرێت، کە ماوەیەکی زۆری پێناچێت، چونکە وەزارەتی شارەوانی پێشتر میکانزمی خۆی بۆ ئەو پڕۆسەیە هەبوەو ئەزمونی زەوی دابەشکردنیشمان هەیە".

بەرپرسەکەی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە، دەستیشانکردنی ناوی فەرمانبەران بەگوێره‌ى ڕێکاری تایبه‌تى ئەنجومەنی وەزیران دەبێت‌و دواتر وەزارەت‌و دامەزراوەکانی لێ ئاگاداردەکرێتەوە، زەوی تەرخانکردن‌و شوێنەکان‌و بابەتی زەوی کوژاندنەوە ئەوەیان وەزارەتی شارەوانی دەیکات، هه‌ركاتیش بڕیارەکە دەرچوو، ڕونکردنەوەی زیاتر دەدەین".