بڕیارێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەرچوو

جیهان

28/03/2024‌ 753 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بڕیاریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر لە هەندێک ناوچەدا هەڵبژاردنی گشتیی حکوومەتی خۆجێی هەڵبوەشێندرێتەوە کە بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ئەوا هەڵبژاردنی نوێ لە ڕۆژی یەک شەممە دووی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت.

لەو بڕیارەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کە لە ڕۆژنامەی فەڕمیدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە بەپێی یاسای ژمارە ٢٩٧٢ی هەڵبژاردنی ئیدارە خۆجێیەکان و موختاری گەڕەکەکان و دەستەی ریش سپیەكان، ئەگەر بڕیاردرا بەهۆی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنەوە لە ناوچەیەک هەڵبژاردن هەڵبوەشێتەوە، ئەوا هەڵبژاردنێکی نوێ لەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێت. ئەمەیش پێویستە یەکەم یەک شەممەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ بێت.

بەپێی میدیای تورکیا، لە بڕیارەکەدا باس لەوە کراوە بە هەر هۆکارێک بێت ئەگەر هەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤ی شارەوانی و موختار و هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی ریش سپیەكان نەکرا، لەگەڵ هەڵبژاردنی موختار و ئەندامانی دەستەی ریش سپیەكانی ئەو گوندانەی کە یەکەیەکی حکوومەتی خۆجێیین و لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە پێکهێنراون، پێویستە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی حوزەیران ئەنجام بدرێن.

هەروەها لە بڕیارەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەو هەڵبژاردنانەی پێویستە نوێ بکرێنەوە، دووبارەکردنەوە و درێژەی ئەم هەڵبژاردنەن، لەبەرئەمە پێویستە تەنیا کارەکانی دەنگدان دووبارە بکرێنەوە.