​ پێدەچێت پێکهاتەی عەرەبیش بە بیرۆکەی تورکمانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە سەرەکییەکانی کەرکووک رازی بن

عیراق

29/03/2024‌ 510 جار خوێندراوه‌ته‌وه



بەرپرسێکی پێکهاتەی عەرەبیی لە کەرکووک رایگەیاندووە کە پێشوازیی لە بیرۆکەی گۆڕینی پۆستەکانی پارێزگار لە نێوان هەر سێ پێکهاتەکەی کەرکووک ( عەرەب، کورد و تورکمان) دەکات، ئەمەش پێشنیارێکە کە تورکمانەکان وەکو ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە کەرکوک پێشکەشیان کردووە.

نازم شەمەری، ڕێکخەری ئەنجومەنی ڕای عەرەبی لە کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی “بەغداد ئەلیەوم” ڕایگەیاند، “ئەنجوومەنی ڕای عەرەبی پێشوازیی لە بیرۆکەی گۆڕینی پۆستەکانی پارێزگاری کەرکوک لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە دەکات، و پێمان وایە پێویستە و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو تۆخکردنەوەی عێراقیبوونی کەرکوک”.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە گەرەنتی سەقامگیریی پارێزگاکە و کۆتاییهێنانە بەگرژییە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان و بازرگانیکردن بە پرسەکەی لە ئێستادا و لە داهاتوودا، کە هەندێک لایەن لە مێژە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەر هەڵبژاردنێکدا وروژاندوویانە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی شەقام و بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک، هەربۆیە ئاڵوگۆڕی  پۆستەکان سەرکەوتووترین چارەسەرە”.

عەرەب و تورکمانەکان ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە  کە پێویستی بە کۆکردنەوەی 9 دەنگی ئەنجوومەنەکە هەیە. هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی