عێراق ئەنجامی هێرشەکەی کۆرمۆری بڵاوکردەوە و بڕیاریدا سیستمی بەرگری ئاسمانی بە هەرێم بدات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1314 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەهێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکە لەقەزای خورماتوەوە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوەو بڕیاردراوە سیستمی بەرگری ئاسمانی بە حکومەتی هەرێم بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو کێڵگانە بپارێزێت.


سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و لەچوارچێوەی هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەپارێزگای سلێمانی، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەهێرشەکە دەستبار بوو، کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق تێیدا بەشداربون.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکۆبونەوەیەکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە رادەستی محەمەد شیاع سودانی کرا و ئەویش ئەنجامەکانی پەسەندکرد، کە ئەمانە لەخۆدەکرێت

-یەکەم

-‌هێرشەکە لەڕێی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە، یەکێکیان کێڵگەکەی کردوەتە ئامانج و ئەوەی دیکەشیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتوەخوارەوە.

-هەردوو درۆنەکە لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوەوە ئاراستەکراون

-ئەمە 11مین جارە هێرشدەکرێتەسەر ئەو کێڵگەیە

-ناوی ئەو کەسانە ئاشکراکراوە کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە کۆمەڵێک کەسی دەرچون لەیاسا و بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە.

-دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە بۆ ئەوەی تۆمەتباران دەستگیر بکرێن و رادەستی دادگا بکرێن

 

دوەم:

لیژنەکە کۆمەڵێک راسپاردەی بۆ پاراستنی کێڵگەکە دەرکردوە، کە بریتین لەمانە:

-دوبارە بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە میحوەری فەرماندەیی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، بۆ ئەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە

-راسپاردنی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی بە گۆڕینی فەرماندە سەربازییەکانی ئەو سنورە.

-پێشخستنی کەناڵەکانی پەیوەندی هەواڵگری لەنێوان دەزگا هەواڵگیرییەکانی هەرێم و عێراق.

-پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی بە حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی کێڵگەکە بپارێزرێت.

-توندۆڵکردنەوەی رێککارەکانی بەکارهێنان و گواستنەوەی سەرجەم جۆرەکانی درۆن