لە خۆپیشاندانەكانی كرماشان دوو برا شەهید بوون

کوردستان

05/01/2026‌ 606 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
 
ڕەسووڵ كدیوەریان، هەرزەكاری تەمەن ١٧ ساڵەی كورد لەگەڵ برا گەورەكەی ڕەزا كدیوەریان لە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی شاری كرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران شەهیدبوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەخۆپیشاندانەكانی چەند شەوی رابردوودا ڕەزا كدیوەریان، ٢٠ ساڵە و خەڵكی شارۆچكەی دیپین سەر بە كرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكوومییەكان لە ناڕەزایەتیی خەڵك لە گەڕەكی جافراوای ئەم شارە شەهیدبووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوەكە، ڕەسووڵ كدیوەریان، مێرمنداڵی ١٧ ساڵە و برای بچووكی ڕەزا كدیوریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكومەت شەهیدبووە.

ماوەی هەفتەیەك زیاترە لەدەیان شار  و شارۆچكەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان بەردەوامە.

لە خۆپیشاندانەكانی شارۆچكەی هەرسین لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا حەوت كەس شەهید بوون و دەیان كەسی دیكە برینداربوون.