بانگەوازی مانگرتنی گشتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندرا

کوردستان

06/01/2026‌ 768 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبووەوە و لەبانگەوازێکدا داوای مانگرتنی گشتی بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و  سەرکۆنەی تاوانەکان لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان دەکات.
 
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "خەڵكی خۆڕاگری كوردستان، حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان،
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران دەچێتە دەیەمین ڕۆژی خۆی. ئەم ناڕەزایەتییانە "نا"گوتنێکی ئاشکرا، بەرز و گشتیی دیکە بە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە، سەبارەت بەو هەموو نەهامەتییەی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بۆ گەلانی ئێرانی بەدیاری هێناوە". 

دەشڵێن "کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا پێشەنگ و ڕچەشکێنی ئەو "نا"گوتنە و سەنگەری هەمیشەیی و لەگیراننەهاتووی ئازادیخوازی و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بووە. هەروەها بە بزووتنەوەی ژینا، "ژن، ژیان، ئازادی" دەسەڵاتی دێکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی تووشی گەورەترین قەیرانی شەرعییەت لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانیش پێشانی دا کە ژیلەمۆی ئەو ڕاپەڕینە هەروا گەشاوەیە، بۆیەشە خۆپیشاندانەکان بە توندی سەرکوت کران و لە مەلەکشایی تاوانێکی گەورە خوڵقێندرایەوە."

ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دەڵێت "ئێمە سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و گرتنی خەڵکی ناڕازی و مافخوازی ئێران کە سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵاتی ئێران بووە، بە توندی مەحکووم دەکەین و بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپێوەندی لەگەڵ هاونیشتمانانمان لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان داوای مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە دەکەین".

ڕونیشیکردەوە "کوردستان بەم مانگرتنە گشتییە جارێکی دیکە "نا"یەکی گەوەرەی تر بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دەڵێتەوە و پێ لەسەر مافەکانی دادەگرێتەوە کە ئازادی، یەکسانی و مافە ڕەواکانیەتی. داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستانیش دەكەین بە هاودەنگی و یەكگرتووانە لە بەرانبەر تاوانەکانی كۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان هەبێ و بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن".

 
حیزبە بەشداربووەکان:
- پارتی ئازادیی کوردستان
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران