شارپرێس:
په‌یامنێرى شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، گروپه چه‌كداره‌كانى دیمهشقو توركیا، له‌دوو قۆڵه‌وه هێرشێكى دژواریان بۆسه‌ر گه‌ڕه كوردیهكانى شارى حه‌له‌ب ده‌ستپێكردوه، ده‌شڵێت، "شه‌ڕڤانانى كورد وه‌ڵامێكى توند ده‌ده‌نه‌وه‌و شه‌ڕێكى سه‌خت به‌رده‌وامه".
كهنداڵ جودى په‌یامنێرى شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ به‌یانى جارێكى دیكه په‌لامارى گه‌ڕه‌كه كوردیهكانى حه‌له‌ب (ئه‌شره‌فیه، شێخ مه‌قسودو به‌نى زه‌ید) دراوه‌ته‌وه‌و ژماره‌ى شه‌هیدو برینداره‌كانیش زۆر به‌رزبوه‌ته‌وه.
به‌وته‌ى كهنداڵ، هێرشه فراوانه‌كه‌ى به‌یانى ئه‌مڕۆى گروپهكانى سه‌ر به‌دیمه‌شق‌و توركیا له‌دوو قۆڵه‌وه ئه‌نجامدراون ئه‌ویش (میحوەرەکانی کاستێلۆو شێخان)ن، به‌ڵام هێزه‌كانى ئاسایشى كورد به‌رگرییه‌كى سه‌خت دهكهنو تائێستا ڕێگه‌ى پێشڕه‌وییان له‌گروپه چه‌كداره‌كان گرتوه‌و ڕێگه‌یان نه‌داوه هیچ چه‌كدارێكى سه‌ر بهتوركیاو دیمه‌شق بچنه ناو گه‌ڕه‌كه كوردیهكانى شاره‌كه‌وه.
په‌یامنێرى شارپرێس زیاتر له‌وباره‌یه‌وه وتى، "په‌لاماره‌كان تادێت سه‌ختتر دهبنو بهچهكى قورس هێرشده‌كرێته‌سه‌ر شوێنى نیشته‌جێبونى هاوڵاتیانو هاوكات چهكدارو چه‌كى قورسه‌وه په‌لامارى هێزه‌كانى ئاسایش كورد دراوه، به‌ڵام ئاسایش به‌رگرییه‌كى سه‌خت ده‌كات".
شارپرێس هاوسه‌رۆكایه‌تى گه‌ڕه‌كه‌كانى شێخ مه‌قسودو ئه‌شره‌فیه‌وه زانیویه‌تى، "به‌هۆى سه‌ختى په‌لاماره‌كانى ئه‌مڕۆوه، ژماره‌ى شه‌هیدو برینداره‌كان بهرزبوهتهوهو له‌ئه‌نجامى په‌لاماره‌كانى شه‌وى ڕابردوو و به‌یانى ئه‌مڕۆدا، شه‌ش كه‌س شه‌هیدو 45ى دیكه‌ش بریندارن كه به‌شێكى زۆریان ژن‌و منداڵن".
