چەند ڕۆژێکە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بێشەرمانە و
ڕاشکاوانە گوتی ئێمە، دەوڵەتی عێراق، چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
نادەین. چەند ساڵێکە قسە لە دزیی سەدە دەکرێت بەڵام ئێستا بۆتان ڕوون دەبێتەوە کە
تەیف و باوانی لە هەموو دزەگەورەکان دزەگەورەترن.
من لێرە ناچمە ناو ڕەهەندە زۆرەکانی ئەم پرسە، بەشی هەرە
زۆرتان ئاگادارن، هەمووشمان دەزانین کە کەم تا زۆر حکومەتی هەرێم نەک لە
ململانێکانی لەگەڵ بەغدا بەڵکوو لە دابینەکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی خەتابارە.
خەتای یەکەمیشی ئەوە نییە کە لیستی مووچە دروست نییە، داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا
ناکات، یان داهاتی ناوخۆ نانێرێت، وەک تەیف سامی دەڵێت. ئەمانە پرسی لاوەکین، لای
من خەتاکە لەوەدایە بۆ دەبێت حکومەتێک کە دوو حیزب ٣٢ ساڵە بەڕێوەی دەبەن تا ئێستا
نەیتوانیوە کە چارەسەرێک لە دەرەوەی گەڕانەوە بۆ بەغدا فەراهەم بکات. ئەم وتارە
دەیەوێت باس لە دوو هۆکاری دیکە بکات کە پەیوەندییان بە عەقڵییەتی کورد هەیە،
یەکێکیان عەقڵییەتی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتیی، ئەوەی دیکەش عەقڵییەت و هەڵسوکەوت و
کرداری یەکێتیی و پارتی. دیارە هۆکار زۆرن، بەڵام ئەم دووانە هەم گرنگن هەم ئەگەر
بگۆڕێن کێشەکە بە ئاقارێکی دیکەدا دەبەن لە بەرژەوەندی کوردستانیان.
کێشەی یەکەم ئەوەیە کە
کورد وادەزانێ مووچە، یان باشتر بڵێم بودجە، ئیمتیازێکە، چاکەیەکە، پیاوەتییەکە، خێرێکە،
عێراق بە کوردی دەکات، یان دەدات. دەیان حەقیقەت هەن ئەم تێگەیشتنە پووچەڵ دەکەنەوە.
مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەش هەڵوەشاندنەوەی ئەم تێگەیشتن و جیهانبینییەیە، کە زادەی
سەد ساڵ داگیرکاریی و داگیرکردنی عەقڵی ئینسانی کوردە لە عێراق.
لەم کورتە وتارە، هەر دەرفەتی ئەوە دەبێت کە ئاماژە بە یەکێکیان
بکەین. ناوچەی ئێمە، کەندێناوە، کە لە ڕووی جوگرافییەوە درێژکراوەی "دەشتی هەولێر"ە،
تا ١٩٧٥ سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام دواتر زیاتر لە ٢٠ گوندی خرایە سەر کەرکووک
و ناحیەی "قودس"ی جاران و "سەرگەڕان"ی ئێستایان لێ دروست کرد.
لەو داتایانەی کە ئێستا دەیخەینە ڕوو، بۆتان دەردەکەوێت کە بۆچی ئەو ناوچەیە لە
١٩٧٥ تەعریب کرا و خرایە سەر پارێزگای کەرکووک.
من خەڵکی ئەو ناوچەیەم و لەوێ گەورە بووم، گوند بە گوند
گەڕاوم، سەردانی زۆر لە بیرە نەوتەکان و وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتم لەو دەڤەرە
کردووە. بەپێی ئەو داتایانەی کە من لە ئەندازیاران و خەڵکی ناوچەکە وەرم گرتووە،
سەرگەڕان ٢٠٠ بیر نەوتی لێیە، گوندەکەی ئێمە، گابەرەکە، بە بەراورد بە گوندەکانی
دیکە کەمترین بیرە نەوتی هەیە لە سەرگەڕان، کە پێنج بیرە نەوتە، گوند هەیە ٣٠ بیر
نەوتی هەیە، وەک عەوڵافات. لە کۆتایی پەنجاکان بابم لە یەکێک لەو بیرە نەوتانەی
گوندەکەمان وەک حەرەس و دواتر وەک کرێکار دەست بەکار دەبێت.
لە پەنجاکانەوە دەست بە دەرهێنانی نەوت لەو ناوچەیە
کراوە. ئێستا ڕۆژانە ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لە ڕاستیدا
ئەندازیارەکان دەڵێن سەرگەڕان توانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە
ڕۆژێکدا، ئەگەر حەزبکەن. واز لەوە بێنن کە چەندین ملیۆن بەرمیل نەوتی دەدزرێت.
بەڵام بۆ حیساب کردنی بڕی دزراوی نەوت لەلایەن دەوڵەتی عێراق، واتە تەیف سامی و باوانی،
با کەمترین توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن وەک ڕێژەیەک (مەعەدەلێک)
وەرگرین، با بڵێن لانی کەم ڕۆژانە ١٠٠ هەزار
بەرمیل هەناردە کراوە. ئەگەر لە پەنجاکانەوە حیساب بکەین، کە دەبێتە لانی کەم ٧٠
ساڵ، هەر ساڵێکیش ٣٦٥ ڕۆژە، ئەوا لەو کاتەوە تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری عێراق 2,٥٥٥,٠00,000
بەرمیل نەوتی دەرهێناوە و فرۆشتووە، واتە لە کاتەوە تا ئێستا عێراق زیاتر لە ٢ ترلیۆن
و نیو نەوتی کوردستانی دزیوە. ئەگەر بەرمیلی بە ٣٠ دۆلار حیساب بکەین ئەوە دەکاتە ٧٦,٦٥٠,٠00,000.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەیف و باوانی تەنیا لە ناوچەی سەرگەڕان زیاتر لە ٧٦ ترلیۆن
و نیو دۆلاریان لە سامانی نیشتیمانیی گەلی کوردستان دزیوە. ئەگەر نەوتی بابەگوڕگوڕ
و جەوەل جەمبور و خانەقین حیساب بکەین ئەوە دزییەکە خۆی لە ٥٠٠ ترلیۆن دۆلاریش
دەدات. دەبێت ئەوە بزانین کە ئەگەر کاتی خۆی نەوت بە ٣٠ دۆلار فرۆشابێت ئەوە ئەو
٣٠ دۆلارە بەرانبەر بە ٣٠٠ دۆلاری ئەمڕۆ هەیە چونکە توانای کڕینی دۆلار لەو کاتدا
زۆر لە ئێستا لەسەرەوەترە بووە.
کەچی ئەم ڕاستییە کەس قسەی لەسەر ناکات، لە ڕاستیدا کەس هەر
ناشیزانێت. نەتەوەیەک ئاوا بە ڕۆژی ڕووناک سامانی نیشتیمانەکەی بدزرێ، کەچی سیاسەتوان
و ڕووناکبیر و ئەکادیمیی و چالاکوانانیشی وەک خەڵکە عەوامەکە بێ دەنگ بن، ئەوە
بەدڵنیاییەوە داگیرکەرەکەی هەر بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، واتە پارەی خۆت
بە منەت و لووتبەرزی نەک دەداتێ، بەڵکوو لێت دەبڕێ.
کێشەی دووەم، پێشتریش، بەڵام
لانی کەم دوای مردنی مام جەلال و تێکچوونی نێوانی یەکێتیی و پارتی، هەموو مامەڵەیەکی
ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لەگەڵ عێراق، بە نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتداران و
حیزبەکان و کەسایەتییە عێراقییەکان یان دوورکەوتنەوە لێیان، مەبەست لێی قازانجی
گشتی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی نەبووە، بەڵکوو بۆ دەستکەوتێکی تەواو حیزبی
بووە، ئەوە ئەگەر بۆ ملشکاندنی ئەوی دیکە نەبووبێت.
نموونە زۆرن بەڵام تاوەکوو بابەتەکە درێژدادڕ نەبێت، ئەوە
تەنیا یەک نموونە ئاماژە پێ دەکەین. کاتێک پارتی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی لە ٢٠٢١
هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەیان پێک هێنا هێندەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی عێراق بوو
لە یەکێتیی نیو هێندە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبوو. بەهەمان شێوە،
کاتێک یەکێتیی لەگەڵ مالیکی و عامری و خەزعەلی ڕێگریان لە سەرگرتنی بەرە سێ
قۆڵییەکە دەکرد، هێندەی بۆ شکست پێهێنانی پارتی و سەرخستنی کاندیدەکەی خۆی بۆ
پۆستی سەرۆک کۆمار بوو، نیو هێندە قازانجی گشتیی گەلی کوردستان ڕەچاو نەکرابوو،
ئەمە و سەدان نموونەی دیکە.
بۆیە لەسەروبەندی دوا گەڕی ململانێکانی هەرێم و عێراق لە
پەیوەند بە مووچە، هەر کردەیەک یان هەڵوێستێک کوردستانیان بینوێنن ئەم دوو خاڵەی
لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا ڕەچاو نەکات ئەوە هەر لە جێی خۆی دەسوڕێتەوە. بە واتایەکی
دیکە، دەبێت کوردستانیان لە پێگەی دەرۆزەکەرەوە لەگەڵ بەغدا مامەڵە نەکەن، وەک
مرۆڤێکی عەقڵ داگیرکراو و بێئاگا لە دزییە گەورەکانی ئەو دەوڵەتە نەچنە
دانوستانەوە، بەڵکوو وەک خاوەن مافێکی سەد ساڵ زەوتکراو و سامان دزراو بچن بۆ بەغدا.
دووەم، کاتێک کە حیزب و لایەن کوردستانییەکان، بە خەڵکیشەوە، هەڵوێست دەنوێنن ئەوە
هەڵوێستەکە، کردارەکە، بەیاننامەکە، دەبێت زادەی قازانجی حیزبی نەبێت، بەڵکوو بەرژەوەندی
نەتەوەیی، نیشتیمانیی، کوردستانیی لەبەر چاو گرتبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی