لە یادی یەكێتیدا، بە كورتیی:

01/06/2025

سەرهەنگ فەرەج


لەدوای كۆتایهێنان بە شۆڕشی ئەیلول و بێهیوای خەڵكی كوردستان، لەلایەن سەركردایەتی ئەوكاتی پارتییەوە.
كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و سەربازیی و گەنجی خوێنەوار، یەكێتییان دامەزراند. دامەزراندنی بەرەیەكی فراوان لەوكاتەدا، هەنگاوێكی گرنگ و قۆناغێكی گرنگی مێژوی میللەتی ئێمەیە، بە تایبەتی لەباشوری كوردستان. ئامانجی ئاشكرای دروستبونی یەكێتی لەو ڕۆژگارانەدا، ڕون و ڕاگەیەنراون. ئامانجی شاراوەو ڕانەگەیەنراویشی هەبوو، كە خۆ بە خاوەنكردنی شۆڕشی خەڵكی باشوری كوردستانە و ڕابەرایەتی كردنیەتی لەو قۆناغەدا، بە ئامانجی سڕینەوەی پارتی و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی حزبایەتی كە تەواو جیاوازبێت لە قۆناغی ئیشكردنی پارتی .ئەدەبیاتی یەكێتی و كۆمەڵەی ڕەنجدەران پڕیەتی لە نوسین و وتارو پەخشنامەی جیاوازی فكری و بونیادیی بە ئامانجی هێنانە كایەی، شێوازی ئیشكردنێكی نوێ و دروستكردن و پێگەیاندنی كادرو  ئۆرگانی جیاواز، بە ئامانجی تۆخكردنەوەی جیاوازی و دروستكردنی هێڵی كاركردنێكی نوێ و سەردەمیانە، كە گرنگترینیان شێوازی ڕابەرایەتیكردنی دەستە جەمعی و بونیادنانی ڕێكخراوێكە كە باوەڕی بە دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرنی ناخێڵەكی هەبێت و تیایدا تاكی هۆشیار بە بیروباوەڕی چەپ، لە چوارچێوەی گروپی فكری و ڕێكخراوەییدا، سەنتەری بڕیاردان بێت. بنەما فكرییەكان و دیسپلینی ڕێكخراوەیی، دوو ئامڕازی گرنگی سەركەوتن و گەشەكردنی یەكێتی بون تاوەكو ڕاپەڕینی باشوری كوردستان.
لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەبڕوای من، یەكێتی بە سێ قۆناغی جیاواز، لە هێزێكی چەپی مۆدێرنی  نیمچە بەرەییەوە.
دەبێتە هێزێكی تەقلیدی كۆنەپارێزو (محافزكار)ی خێزانی،  تەواو جیاواز لەو بنەمایانەی كە نیوسەدە لەمەوبەر ئەو حزبەی لەسەر دروست بوو:

قۆناغی یەكەم:
لەدوای كۆنگرەی یەكەمی یەكێتی دەستپێدەكات لە ١٩٩٢.
كە تیایدا كۆمەڵەی ڕەنجدەران، هەڵوەشێندرایەوەو قۆناغی یەكێتی لە حوكمڕانیدا دەستیپێكرد. ئەم قۆناغە، قۆناغی گۆڕینی یەكێتی بوو لە حزبێكی تاڕادەیەك خاوەن ئەندام و لایەنگرو جەماوەری مۆدێرنی بەدیسپلینەوە، بۆ حزبێكی پان و پۆڕی جەماوەری(زۆر و بۆر)و دروستبونی گروپی گەورەی بەرژەوەندی و تەكەتول. ئەمەش وایكرد كە یەكێتی كێرڤی ڕۆژ بەرۆژ ڕوو لەداكشان بێت و نەتوانێت جیاوازی شوناسی خۆی لەگەڵ ڕكابەرە تەقلیدیەكەیدا بپارێزێت!

قۆناغی دوەم:
قۆناغی دەركەوتنی باڵی ڕیفۆرمە لە ناو ئەو حزبەدا لە ٢٠٠٥بۆ ٢٠٠٦.
لەم قۆناغەدا، ململانێی ناوخۆیی، گەشتە ئاستێك، جگە لەوەی ئێسقانی تێدا شكا، تێیدا هەرچی ڕێگای ناشەرعی و حەرامكراو هەبوو، بۆ یەكلابونەوەی ململانێیەكان گیرایە بەر. ئەنجامەکەی گرنگ نەبوو، ئەوەندەی ئەوە گرنگ بوو، كە یەكێتی بردە قۆناغێك كە ئیتر ئەستەم بوو بتوانێت دەست بە شوناسی ڕابردویەوە بگرێی و شانازی پێوە بكات!
لەدوای ئەم قۆناغەوە، ئیدی ئەم حزبە بوە هەڵگری شوناسی حزبە تەقلیدیەكانی دیكەی كوردستان و تیایدا سەردەمی سەرۆكی هەمیشەیی و ڕابەری هەمیشەیی ڕێگاو ڕێبازی كەسی بووە دروشم و جێگای هەموو دروشمە مۆدێرنەكانی ڕابردوی گرتەوە!

قۆناغی سێیەم:
قۆناغی كۆنگرەی چوارەمی ئەم حزبە بوو، لە ٢٠١٨ ئەنجامدرا.
لەم قۆناغەدا، یەكێتی بووە حزبێكی خێزانی و كوڕو برازاكانی سەرۆكی كۆچكردو(مام جلال)بەتەواوی یەكێتی لە شوناسە ڕاستەقینەكەی خۆی دادەبڕن و كۆتایی یەكجاریی بە جیاوازی شوناس و هێڵی كاركردنی بەرەیەك یاخود ڕێكخراوێك دەهێنن، كە سەردەمانێك هەزاران توانای جۆراو جۆری لێكۆبوبوەوە بە ئامانجی دروستكردنی دونیایەكی باشتر بۆ میللەتەكەمان.

لە كۆتاییدا ئەمەوێت بڵێم:
حزب ڕۆڵێكی ئێجگار گەورەو گرنگی هەیە لە هەمو كۆمەڵگایەكدا. مۆدێرنیزەكردن و دیموكراتیزەكردنی حزب، هەوڵێكی گەورەو كاریگەرە بۆ بەرەو پێشبردن و دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگە، بە پێچەوانەشەوە. بۆیە قسەكردن لەسەر حزب و پێكهاتەو مێژوەكەی، ئەركی هەموو تاكێكی كۆمەڵگەیە بە حزبی و نا حزبییەوە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی