هەرێمی کوردستان و کێشە هەنووکەییەکانی، کە هەموویان رەگێکی مێژووییان هەیە و لەلایەن هێزە سیاسییە بەرپرسەکانییەوە دروستکراوە، تەواو گەیشتووەتە نزیکبوونەوە لە کۆتایی تونێلەکە، تونێلی تاریکی چارەنووس نادیار کە ئەگەر پەرجوویەکی سیاسی روونەدات، ئەوا دەبینە شایەتیی کۆتایی ئەزموونێک کە رووبارێک خوێنمان بۆ داوە.
قەیرانەکانی ئێمە چین کە بەو شێوەیە لە رەشبینیی تەواو نزیکی کردووینەتەوە؟ بۆچی بەردەوام فۆکەس دەخەینە سەر مەترسییە گەورەکان و داوای دۆزینەوەی دەرچەی چارەسەر دەکەین؟ دڵسۆزییە یان لاوازی؟
بێگومان قەیرانی سەرەکی بریتییە لە:
یەکەم: قەیرانی دارایی و پێنەدانی مووچە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، ئەوە وایکردووە دوکان، بازاڕ و سەرشەقامەکانیش تا ئەندازەیەکی زۆر خامۆشی پێوە ببینرێت، ئاسوودەیی لە خەڵک بڕاوە و ناتوانن بەشی کەمی پێداویستییەکانیان بکڕن.
دووەم: قەیرانی سیاسی کە خۆی لە تێکچوونی پەیوەندیی هێزە سیاسییەکان و رێکخراوەکاندا دەبینێتەوە، ئەوەش سەری کێشاوە بۆ پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.
سێیەم: پەیوەندیی خراپی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە، بەشێوەیەک سەری کێشاوە بۆ کاریگەر نەبوونی پێگەی کورد لە بەغدا و سەرەڕای بوونی چەندین پۆست و پلە لە ئاستە جیاوازەکاندا، کەچی ناتوانن کەمترین کاریگەرییان لەسەر بڕیاردانی حکومەتی عیراق و رێککەوتن هەبێت لەگەڵیاندا، یان کاریگەریی ئەوەیان نییە زەمینەسازی بکەن بۆ کۆبوونەوە گرنگەکان و هێنانەکایەی چارەسەرێک لەو هەموو قەیرانانەی لەنێوان هەردوولادا هەن.
چوارەم: دەرکەوتنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و هەڕەشەکان و هەڵدانی درۆن بۆ سەر ناوچە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان (با کەمیش بن و زیانی گیانی نەبووبێت)، بەڵام هەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆن لە ئارامی و ئایندەی هەرێمی کوردستان و ئەگەر رێگەی لێ نەگیرێت لە داهاتوودا کوردستان زیانی زۆری بەردەکەوێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هێزی سیاسی ئەوەیە بچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکان و لەکاتی قەیرانەکاندا پلانی بی و سی و دی هەبێت، هەروەها پرۆژەی نیشتمانیی جێگرەوەی هەبێت، سەرخانی باش و ژێرخانی پتەوی بنیاتنابێت، لەبارەی زۆر سێکتەرەوە یەدەگی زۆری هەبێت، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە چوار دەوری بە دوژمنان سنووربەند کراوە و هیچ دەرچەیەکی دەرەکیی نییە لەکاتی قەیرانە قورسەکاندا پشتی پێ بەستێت.
بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەئێستادا ئاڵۆز و شێواو و پڕە لە قەیرانی گەورە، هەڵبەت دەستی دەرەکیش ویستی ئەوەی هەیە کێشەکان قورستتر بکات، بەڵام هۆکاری سەرەکیی لە ناوخۆوەیە، نەبوونی هەوڵی جدی بۆ چارەسەر کوردستان دەگەیەنێتە کۆتایی تونێلێکی تاریک و ئەزموونی خۆماڵیمان دەڕوخێنێت، ئەوە ئامانجێکە کەس نایەوێت، هەروەک کەس هێزی سیاسیی وایشی ناوێت کە جگە لە قەیران هیچی دیکە پێشکەشی خەڵکەکەی نەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی