ئێستا تێگەیشتی دەسەڵاتدار واتای چی ؟

4 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆمەر محەمەد

سەرۆکەکان، جا هی خێڵ و حزب و دەوڵەت بن، خاڵێکی هاوبەشیان هەیە(ئەویش بەسوک تەماشاکردنی خەڵکە) بەڵگەش ئەوەیە لەدوای شەڕی نێوانیان بێگوێدانە خوێنی ڕژاوای هەژاران، دەست لە ملی یەک دەکەنەوەو یەکتر ماچ دەکەن و بەدەم یەکترەوە دەتریقێنەوە. بەڵام تۆ پەندت لێ وەرنەگرتوو، هەزاران ساڵە بکوژو کوژراوی مەیدانی شەڕەکانیانی، وەک نەگبەتێک لە ئاشتی نێوانیاندا زوڕناژەنی برایەتی و لەکاتی شەڕیشدا کەوا سوری بەرلەشکر. 

هاونیشتمانی باش پەلاماری هاوڵاتیەکی دی نادات بە بیانوی ئەوەی نەیاری حزب و سەرۆکە. ئەوە دەخاتە خانەی ماف و جیاوازی بیروڕاوە. هاونیشتمانی وریا سەرۆکەکان لەسەرەوە دەبینێت کە کێشەیان نییە. بۆیە لە خوارەوە لەکەوڵی مرۆڤ بوونی خۆی ناچێتە دەرەوەو نابێت بەشتیکی تر، هەتا هێندەی دەلوێت یەکتری سوک و ڕیسوا بکەن.

ئێمە بیرمانە و بینیمان سەرانی بەرەی کوردستان لەو شاخە چییان بەیەکتری کرد و چەند کوردیان بەکوشتدا.. یادەوەرییە تۆمارکراوەکانی خۆیان پڕە لەڕاستی تاڵ، بۆسە دانان و شەڕ و تێکبەربوونی (هەژاران) و (داوەت و خواردنەوەی گرانبەها بۆ خۆیان) بۆ مەراسیمی ئاشتبوونەوە، ڕاستییە تاڵەکەش فەرامۆشکردنی خوێنی بەهەدەرچووی ئەو خەڵکەیە.

 وەنەبێت ئەمە تایبەت بێت بە سەرۆکی و دەسەڵاتداری حزبە کوردیەکان، ئەوانی تریش هەروان. لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ کە بەعسیەکان لە کوردستان چۆکیان شکابوو، سەرانی بەرەی کوردستانی بێ گوێدانە ئەو هەموو شەهیدانەو ئەو هەموو قوربانیانەی فەیلیەکان و بارزانیەکان و ئەنفال و کیمیاباران چوون بۆ بەغدا و بەبەرچاوی کامێرای هەموو جیهانەوە بەگەرموو گوڕی و تاسەوە لەگەڵ سەدام و تاوانبارانی خوێنی کورد. یەکتریان لە باوەشگرت و یەکتریان ماچ کرد..!! (بەلۆژیکی ئەوان ئەمە سیاسەت و دبلۆماسییەتە) بەڵام بە دیدی من بەسوک تەماشاکردنی ژیان و خوێنی خەڵکە، ئەوە بۆ سەدام و بەعسیەکانیش هەر ڕاستە.

گفتوگۆ و بێدەنگ کردنی چەکەکان بژاردەیەکی باشە. بەڵام ئەو یەکتر لەئامێزگرتنە پەیامێکی ڕوونە، نەک هەر بۆ کورد بۆ تەواوی عێراقیەکان ئەویش کوژرانی (سەربازەکان و جاشەکان و پێشمەرگەکان و جێنۆسایدکراوان) و هەموو ئەوانەی زیانی گیانی و ماڵییان بەرکەوتووە هێزی ئەوەیان نییە، ماچ و ئامێز وبەرژەوەندی سەرۆکەکان ڕاگرێ. لەبنەڕەتدا بەدیدی ئەوان خەڵک بەها ومافی ئەوەی نییە سنور بۆ هەڵسوکەوتی سەرۆک دابنێن. سەربازو پێشمەرگەو شەهیدیش کاتێک پیرۆزن کە گیانفیدای سەرۆک بن (نەک هی نیشتمان) جا بانیشتمان پەروەریش بیت، مادام شوێنکەوتووی سەرۆک نیت تاوانباریت.

عێراق قیبلەی کورد نییە، بەڵکو قەوارەیەکی دژە کوردە
هەرگیز عێراق قیبلەی کوردن نەبووەو نییە. ئەگەر بۆهەندێک واش بێت ئەوە هی حزبەکان و دەسەڵاتدارانە، نەک هی خەڵک. تەنانەت هەرێمی کوردستانیش هی خەڵک نەماوە، چ ئەوانەی گوایە بەگیان داکۆکی لێدەکەن و چ ئەوانەی گوایا دژی قەوارەی هەرێمن. ئەو راستیە دەزانن. ئەگەر قەوارەی هەرێم نەبێت ئەوانیش نازونیعمەتیان نەک لە هەرێم لە عێراقیش نامێنێت. چونکە عەرەبی سوننەو شیعە بە شایانی موچەی وەزیر و پەرلەمانیان نازانێت. مەگەر وەک سەردەمی بەعسیەکان ببنە پیاوی حزب و لەبری قاتی زەیتونی بپۆشن، عەمامە لەسەریان ببەستن.

هەرچۆنێک بێت دەوڵەتی عێراق میراتگری دەوڵەتی پێشووە، قەرزداری کوردەکانە. هێشتا خوێنی سەدان هەزار شەهید و دەیان هەزار ئەنفالکراو و روخاندنی گوند و وێرانکاریی کوردەکان قەرزدارە. نەدانی موچە بەفەرمانبەرانی تاوانێکی ترە وەک هەر تاوانێکی تری کوشتن. ئەگەر ڕاست دەکەن و کورد بەهاوڵاتی دەزانن نەک ئێستا هەر لەیەکەم مانگی موچە برینەوە لەهەرێم بەشە مووچەیان لە بودجەی گشتی هەرێم جیادەکردەوەو قایل نەدەبوون هاوڵاتیان ئەو ستەمە گەورەیان لێ بکرێت. ئەگەر بەچاوی دوژمن تەماشای کورد ناکەن با مافی رەنجی فەرمانبەر تێکەڵ بەکێشەی خۆیانی نەکەن. بەڵام ئەم عەقڵییەتە لە ئاخوندەکان و ئەفەندییە کۆنە بەعسیەکان ناوەشێتەوە.

کوشتارێک بەبێ خوێن ڕژان
با جارێ چیرۆکی شەهیدو خوێن و تەخوین لێگەڕێین و باسی مەرگێکی شێنەیی بکەین بەبێ خوێنڕشتن. ئەوا بۆ سێ مانگ دەچێت فەرمانبەرانی هەرێم، هەقی کارەکانیان (مووچە)یان وەرنەگرتووە. پێشتریش نزیکەی ١٨ مانگیان خوراوە واتا ساڵ ونیوێک بە بێگار کاریان پێکراوە. میللەتێک بە بەرچاوی ئەو سەرۆکانەو وەزیرو گزیرو (پەرلەمانکار)انەوە هاوار دەکاو بۆ مافی خۆی دەناڵێنێ. ئەوان هیچ باکیان بە ناڵەو ئازاریان نییە. ئەمە نەک هەر لەروی ئەخلاقییەوە بەڵکو لەروی یاساییەوە تاوانە، ئەم بەدڕەفتارییە لە دەسەڵاتدارانی عێراقدا کورت ناکەمەوە، چونکە ئاوەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕشتویانەو پێش شیعەکان و سوننەکان دەسەڵاتدارانی کورد ئەزموونیان کردووەو مووچە بڕینیان فێری عێراقیەکان کرد. ئەوانەشی خۆشخەیاڵ بوون بە عێراق و بەهاریان لە خەڵک هێنابووە چۆکان و هەر دەنگێکیان تەخوین دەکرد کاتێک دەیگوت چارە لەلای دەوڵەتی عێراق نییە و دەسەڵاتدارانی شیعەو سوننە فریشتەو فریاد رەس نین. ئەوەتا میللەتێک بەبەرچاوی مەلاو ئاخوندو ئەفەندییەوە دەمرێت و مویان ناجوڵێ و ئازاریان پێناگات. (نوێنەرانی كورد لە بەغدا!!) ڕاستترە بڵێین نوێنەری خێڵ و بنەماڵەکان لە بەغدا. بێباک و بێ غیرەتن. ئەوپەڕی بۆ چاوبەستەو یارییەکی سیاسی قسەیەک بکەن کە هیچ بەهایەکی نییە، چونکە نە موچەو بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە لەبەغداو نە مافی خوراوی خەڵکیش دەگێڕێتەوە. 

دەنا ئەگەر نوێنەری کورد بوونایە دەبوو لەسەرۆک کۆمارەوە بۆ کارمەندێکی پلەنزمی دەوڵەتی عێراق لەبەغدا بیانگوتبا کاری ئێمە تەواو بوو. بەڵام گومانی تێدانیە ئەگەر تاک تاکەش هەبن وەها هەڵوێستێک بنوێنن ئەوا حزب و سەرۆکەکانیان رێگەیان نادەن.

بۆیە بوون و نەبوونی (نوێنەرانی كورد لە بەغدا..!!)، جا سەرۆك بن یان وەزیرو گزیر لە سەرۆک كۆمارەوە هەتا پەرلەمانکارو کارمەندێکی پلەنزم، بۆ خەڵکی کوردستان بێ بەهایە.. چونکە ئەوان هەرچییەک بن جگەلە کاسبی ماڵی خۆیان و نوێنەری حزب و گوێ لەمستی سەرۆک شتێکی تر نین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی