داوا یان هۆشداریی؟

10 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆزان حەمەتاتە

بەپێی لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوەو داوای لێکردوە "پەلەبکات لەچەکداماڵینی میلیشیا شیعەکان"، چونکە ئەوان نزیکی ئێرانن‌و جێبەجێکاری سیاسەتی ئەو وڵاتەن لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا، ئەوەیش مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق‌و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و ناوچەکە.

 بێگومان ئەوە نە یەکەمجارو نە دواجاریش دەبێت کەوا ئەمریکا ئەو داوایە لەعێراق دەکات، بەڵام ڕونە ڕاستەوخۆ هیچ سەرۆک وەزیرانێک ناتوانێت بچێتە شەڕی میلیشیا شیعەکانەوەو ڕاستەوخۆ داوای چەکدانانیان لێبکات، بەوپێیەی ئەوان پشتیوانیی ناوخۆیی عێراقی‌و هەرێمایەتیی وەکو ئێرانیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا مەترسییەکانی سەریان جدین‌و دورنییە ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشداریی پرۆسەی چەکدانانیان بکات.

دوو ڕوداو تایبەتن بەپرسی چەککردنی میلیشیا شیعەکان‌و بەجۆرێک نیشانەن بۆ ئەوەی ئەمجارەیان ئەمریکا لەو پرسەدا جدیترە:
یەکەم: چەند ڕۆژی پیشتر دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا کەسێکی بەڕەچەڵەک عێراقی بەناوی مارک ساڤایا وەکو نێردەی تایبەتی خۆی بۆ عێراق دیاریکرد، بێگومان دیاریکردنی نێردەی تایبەت لەکاتێکدا کە باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق هەیە، وەکو زۆر لەشارەزایانی سیاسەتی ئەمریکا ئاماژەیان پێکردوە مانای ئەوەیە بارودۆخێکی تایبەت‌و جیاوازتر هەیە لەو وڵاتەدا، ئەگەرنا باڵیۆزی ڕەسمی نوێنەرایەتی وڵاتی دۆست دەکات لەوڵاتی خانەخوێ.

دوەم: بەشێک لەقسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆنی هەڕەشەیان لێدێ، بۆ نمونە بەپێی راگەیەندراوەکە هاتوە مارکۆ ڕۆبیۆ سوربونی خۆی لە"پەلەکردن لەچەکداماڵینی ئەو میلیشیایانە کردەوە کەوا لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیدەکرێن، چونکە ئەو گروپانە سەروەریی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوەو هەڕەشە لەژیان‌و کاری ئەمریکی‌و عێراقییەکان دەکەن‌و سامانی عێراق بۆ ئێران بەفیڕۆ دەدەن".

داواکەی وەزیری دەرەوە ڕونەو مەترسییەکانی بۆ سەرۆک وەزیران خستوەتەڕوو، ڕەنگە ویستی سەرۆک وەزیرانیش ئەوەبێت دور لەهەیمەنەی میلیشیاكان کارەکانی بکات‌و دەسەڵاتی زیاتری سەربازیی‌و ئەمنیی هەبێت، بەڵام بەوپێیەی لەئێستادا خاوەن هێزێکی گەورەی پەرلەمانی نییەو لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندایە، ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بۆی قورسەو کاریگەریی لەسەر سەنگ‌و پێگەی دەبێت.

داوا بێت یان هەڕەشەو فشار، ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بەو میلیشیایان بهێنێت، ئەوەیش پێویستی بەگوشاری زیاترەو سیاسەتوانانى عێراقیش دەزانن، بەتایبەت لەسەردەمی ترەمپدا "ئەمریکا قسەکانی دەکاتە کردار".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی