رۆژێك هەموو شەقامەكان دادەخەن

4 کاتژمێر پێش ئێستا

رەحمان غەریب

 

ناهێڵن بچیتە هۆڵی پەرلەمان، فریا ناكەویت سەیری لیستی ئامادەبوانی وەزارەتەكەت بكەیت، ناگەیتە بارەگای حزبەكەت تا خاتونی پرسگە پێت بڵێ: ئەوە خوشكی شەهیدێكە، دایكی نەشتەگەری پێویستەو داوای هاوكاری دەكات، ئەو رۆژە تۆ لەماڵەوە بەدیار شاشەی تیڤییەوە دانیشتویت و زیڕەت كردوە، كونە مشكت لێ بووە بە قەیسەری.

ئاخر سیاسەت تەنها دروشم نییە، ئەبێت ئەمەی ناونراوە سیاسیەت رۆژانە لە كەرتەكانی تەندروستی و خوێندن ببینرێت، لە فرسەتی كارو خزمەتگوزاری گشتی هەستی پێبكەیت، لە نرخی كارەباو باج و ئاو ، ئازادی رادەربڕین، رۆژنامەگەری، ئەنتەرنێت، كاری سیاسی و سەندیكایی هەستی پێبكرێت.

وانەزانی كچ و كوڕی گەنجی ئەم وڵاتە  لە سیاسەت تێناگەن، ئەوە نییە بە شێوازی خۆیان سیاسەت دەكەن، پێتوانەبێت دەربڕینی رۆژانەی گەنجان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناڕەزایەتی و قسەی گاڵتە ئامێزیان تا دەگاتە گاڵتەجاڕی بە سیاسەت و سیاسییەكان، ئەمە سیاسەت نەبێت.

 جیاوازیەكەش لەگەڵ گەنجانی سەردەمی شۆڕش لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، ئەمان دروشمی روخانیان بەرز نەركردۆتەوە كە لە هەندێ دیدار ووتم: دەسەڵات ئەبێت مەمنون بێت كە تا ئێستا چەند راپەڕێنێكیان نەكردوە، دروشمەكانی ئەم نەوە نوێییە، ئەوەندە سادە و واقعییە كە دەچێتە چوارچێوەی چاكسازی لە سیاسەتەكان، نەك بژی و بڕوخێی سەردەمی لەگۆڕنراوی ملازم موحسینەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك. 

ئەوەی لەسەردەمی پێشوو حزب سەركردایەتی دەكرد و كەس بە بێ بڕیار فڵانە هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوبیرەكانی دەستی نەدەكردە ناو ئاو، ئێستا پلاتفۆرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم ناوەندێتییەی وردوخاش كردوە، بە هاشتاگێك: جوڵەیەك، گردبوونەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەك رێكدەخرێت، شەقامەكان دەگرن و سەدان رێكخەریان هەیە و واقتان وڕماوە نازانن دانووسان لەگەڵ كامیان بكەن. 

كاندیدی بەڕێز: ئەو رۆژەی ئەم نەوەیە، دڕژێنە شەقامەكان، پێیان نەڵێن: تابوری پێنجەم و گیرەشێوێن و تێكدەرو ئاژاوەگێڕ، لەوانەیە كوڕ یان كچ، برا یان خوشكی خۆت بن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی