ئەگەرچی لە فەرھەنگی سیاسیدا ڕای گشتی زاراوەیەکی نوێیە، بەڵام ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵگهی سیاسییەوە ئەم زاراوەیە ھەبووە،ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی سیاسی بدەینەوە، دەبینین کە لە دەوڵەت - شارەکانی یونانی کۆن، وەک (ئاسینا و کۆرینس و ئیسپارت) کە ھەر یەکێکیان دەوڵەت - شاری سەربەخۆ بوون بەپێی بنەماکانی دیموکراسی بە پێوەری ئەوکات، بەڕێوە دەبران، ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگه واتە( ئەو پیاوانەی کە بە تەمەنی یاسایی گەیشتبوون، جیا لە کۆیلە و ئافرەت و بیانییەکان) لە گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی شار کۆ دەبوونەوە تا بەرپرسانی حکوومەت ھەڵبژێرن و سەبارەت بە پرسە گشتییەکان گفتوگۆ بکەن. لێرەدا دەبینین کە چۆن لە یۆنانی کۆن بیروبۆچوونی دانیشتووان سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کاروباری دەسەڵات گرنگیی تایبەتی ھەبووە.
ھەندێ لە توێژەران وای بۆ دەچن کە زەمینەی زاراوەی ڕای گشتی، "ئەنگڵۆسەکسۆنی"یە و بۆ یەکەم جار لە ئینگلتەرا لە سەرەتاکانی سەدەی دوازدەیەم لەلایەن (جۆن ساڵزبۆری)ی سیاسەتڤان لە ساڵی (١١٥٩ز)دا بەکار ھاتووە، کە وەک بەڵگەنامەیەک بۆ پەرلەمان و دەسەڵات هەژمار دەکرا. لەبارەی ڕای گشتیەوە"مهکیاڤێللی" دەڵێت: "مرۆڤی عاقڵ سەبارەت بە پرسە دیار و وردەکان ڕای گشتی پشتگوێ ناخات، وەک پرسگەلی دابەشکردنی پلە و پایە و ئەفزەڵیات و پێشکەوتن.
هەروەها "جۆن لۆک" لە ھەمبەر پەیوەندیی نێوان گەل و دەسەڵات باس لە جۆرە گرێبهستێك دەکات کە بە گرێبهستی کۆمەڵایەتی ناسراوە کە لە نێوان گەل و پاشادا مۆر کراوە؛ ئەگەر بێت و پاشا یاخود میر لە بەندەکانی ڕێکكەوتننامەکە لا بدات ئهوا لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت و گەل مافی گۆڕینی دەسەڵاتی دەبێت.
"جان جاک ڕۆسۆ" باس لە ئیرادەی گشتی دەکات و وای بۆ دەچێت کە دەوڵەت لە تاکەکان پێک دێت کە ماف یەکسانیان ھەیە. کەس بەسەر ئەوی تردا دەسەڵاتی نییە و، ھەموو لە پێکهێنانی ویستی گشتی-کە تاکە سەرچاوەی دەسەڵاتی ڕەوایە- بەشدارن. لێرەوە ڕای گشتی دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆڵی چاودێریکردن دەگێڕێت، بەڵام بۆ یەکەم جار لەلایەن "ژان نیکر"، وەزیری داراییی لۆیی شازدەیەم، لە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا بەکار ھات. بە بڕوای ئەو، ڕای گشتی، ڕۆحی کۆمەڵگهیە؛ بە پردی پەیوەندییەکی نەپچڕاو لە نێوان مرۆڤەکاندا دەژمێردرێت.
ڕای گشتی لە بۆشاییدا سەر ھەڵنادات و ناخولێتەوە، بەڵکوو لە ڕووی پێکهاتن و تواناییەوە کارتێکراو دەبێت بە گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکان. واتە ڕای گشتی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسییە و لە ئەنجامی سەرھەڵدانی گرفتێک کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی تاک و کۆمەڵ دەگەیەنێت دێتە ئاراوە. لەم ڕێڕەوەدا کۆمەڵگا کاریگەری لەسەر ئەو بڕیار و سیاسەتانە دادەنێت کە لە ئەنجامیاندا گرفت سەری ھەڵداوە و پێویستە دووبارە پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکرێت. بەم جۆرەیش پانتای و ھێزی ڕای گشتی ھەرچەند فراوانتر بێت، کاریگەریی زۆرتر و کاریگەرتر دەبێت.
ھەر بۆیەیش لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا ڕای گشتی بە باشترین ئامراز دەژمێردرێت. ئێستا لە جیهاندا زۆربەی حکوومەتەکان بریتین لە حکوومەتی ڕای گشتی، جا بە ڕێژەیەکی کەم بێت یان زۆر.
زانایان بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆریان لەبارەی ڕای گشتییەوە هەیە. "ھیگڵ" وای دادەنا کە ڕای گشتی، تێگەیشتنی جەماوەری یان کۆمەڵایەتی بێت؛ بەستراوەتەوە بە ھەڵسەنگاندنی ئەو شتەی کە درکی پێ کراوە. "ڤۆلتێر"یش جەختی لەسەر باڵادەستیی ڕای گشتی کردووەتەوە، بەڵام "جۆن ستوارت میل" سەرزەنشتی سەرکەشیی ڕای گشتی دەکات،لە ڕوانگەی مێژووییەوە ڕای گشتی پەرەی سەندووە لەگەڵ گەشەکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت: "باڵادەستیی حکوومەت، پێویستە لەسەر ڕەزامەندیی ھاووڵاتیانەوە بوەستێت، بەتایبەتیش لە بیرۆکەی دیموکراتیدا."؛ واتە ئەو بیرۆکەیەی کە لەو بڕوایەدایە، پێویستە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیستەمێکی دیموکراسی و پشتبەستراو بە ڕای گشتی بێت
لێرەدا پرسیارێکی زۆر جدی کە دێتە پێشەوە ئایا لە باشوری کوردستان ڕای گشتی تا چەند کاریگەری لەسەر ڕووداو پێشهاتەکان هەیە؟ بێشک وەک هەموو بابەتێکی دیکە ڕای گشتی لەهەندێک بارودۆخدا یەکگرتوو یەکهەڵوێستەو لە هەندێک بابەتیش پەرتەوازەو دابەش بووە، بەڵام بەداخەوە هێشتا پەرتەوازەیی زۆرترە تا یەکڕیزيی و تەبایی.
لەسەر پرسە نیشتیمانیە چارەنوسسازەکانی وەک جەنگی دژی داعش و تیرۆر کەوابەستەی پاراستنی ئارامی وڵات بوو ڕای گشتی کوردستان یەکڕیزو تەباو یەکهەڵوێست بوو بێشک ئەمەش کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر ئاراستەی جەنگەکە لە سودی کوردستان هەبوو ، بەڵام بە داخەوە لە بابەتەکانی وەک هەبوونی دەستورێکی پێشکەوتوو مۆدێرن ، بابەتی وزەو ئابوریەکی بەهێز ، پاڵپشتی دامودەزگانی حوکمڕانی ، مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراقی و زۆر بابەتی دیکەش ڕایی گشتی دابەش بوەو لە چاویلکەی بەرژەوەندی حیزب و قەوارەو بەرەبەندیەوە دەخوێندرێتەوە بێگومان ئەمەش وا دەکات بڵێین تا ئەم ساتەوەختەش ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەو کاریگەریەدا نیە کە دەبوو هەبێت،وەلێ ئەوە بەمانایی ئەوە نیە کە ناتوانین ڕایەکی گشتی کاریگەرو پۆزەتیڤ لەسەر ئاستی پرسە نیشتیمانی و ژیارەیکانمان هەبێت بە پێچەوانەوە دروستکردنی ڕای گشتی ئەستەم نیەو دەتوانرێت بە ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیریەوە بوونیاد بنرێت و بۆ ئایندەسازی ئەم وڵاتە سودی گەورەی لێببینین کەوابوو دەتوانین بڵێین هێشتا ڕۆشنبیریەتی ڕای گشتی لە ئاستی پێویستیدا نیەو نەبوونی ڕایەکی گشتی کاریگەریش زیانی بۆ پرس و دۆزەڕەواکەمان و حکومڕانیەکی تەندروست و شەفاف دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی