تۆم باراک: داڵە کەرخۆرەکەی ئەمریکا لە سوریا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام رەفعەت

تۆم باراک گۆتویەتی فیدڕاڵی بەکەڵک سوریا نایەت، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی فیدڕاڵی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕست فەشەل دێنێت... قسەکەی باراک لەوە دەچێت کە هەر لە ئیجادەوە، دەوڵەتە فاشی و دەسکردەکانی عێڕاق و تورکیا و سوریا و ئێڕان فیدڕاڵی بوونە و هەرکامێکیشیان هاوشێوەی ئەمریکا لە ٥٠ ویلایەت پێکهاتوون.

بەڵام دوای سەدەیەک لە فیدڕاڵییەت ئێستا تێگەییشتوون کە ئەم سیستەمە ناجیح نییە و دەیانەوێت مەرکەزییەت تاقی بکەنەوە. ئەگەر گافەکەی تۆم باراک بەجدی وەربگرین دەبێت بڵێین هەر ئەمریکا جۆرج واشنتۆن و ئەڵمانیا کۆرنارد ئەدیناوەر و ئەندەنوسیا محەمەد هاتتی و هیندیەکانیش ئەمبێدکاریان نییە کە سیستەمی فیدڕاڵی ئەو وڵاتانەیان داڕشتبێت. بەڵکو لە عێڕاقیشدا مەلیک فەیسەل و سەدام و لە ئێران رەزاشا و خومەینی و لە تورکیا ئەتاتورک و ئەردۆغان و لە سوریاش ئەسەدی باوک و کوڕ هەن کە شانازی دامەزراندنی سیستەمی فیدڕالیان پێ بڕاوە. بەڵام داخەکەم، بەقسەی تۆم باراک بێت، ئەو سیستەمە ناجیح نەبووە و ئێستا دەبێت بیر لە رژێمێکی ناوەندی بەهێز بکەینەوە. مرۆڤ نازانێت بە دەبەنگی ئەو دیپلۆماتکارە جێ متمانەیەی ترەمپ پێبکەنێت یان بۆ بەدبەختی کورد بگریێت کە چارەنووسی کەوتۆتە دەست داڵە کەرخۆرەی وەک تۆم باراک. بۆ ئەوەی لە گافەکانی ئەم پیرە داڵە ئەمریکییە تێبگەین ، رەنگە گەڕانەوە بۆ رۆمانی "ئەمریکا دزێوەکە" سوودبەخش بێت.

ساڵی ١٩٥٨ یوجین بۆردیک و ویلیام لیدەر رۆمانێکی ناوەرۆک سیاسی و دیپلۆماسیان بەناوی "ئەمریکا دزێوەکە" نووسی. لە رۆمانەکەدا هەردوو نوسەر شکستەکانی نێردە دیپلۆماسیەکانی ئەمریکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نیشان دەدەن. ئەوان لە رۆمانەکەدا تیشک دەخەنە سەر دزێوی و کەم و کورتییەکانی ئەمریکا و دیپلۆماسیەتی ئەمریکا لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا. پەیامی سەرەکی رۆمانەکە ئەوەیە کە بەهۆی لووتبەرزی، خواست و داواکاری زۆری ناواقیعیانە، نەزانی و بێ ئاگاییان لە دۆخی ناوخۆی وڵاتان و کەلتورەکانیان، نێردە ئەمریکییەکان بەردەوام دەبنە هۆی شکستی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا لەو وڵاتانە. بەکورتی، لەروانگەی ئەو دوو نووسەرەوە وڵاتان و گەلانی باشوری ئاسیا ئەمریکا بەدزێوی دەبینن و هۆکارەکەیشی نێردە و دیپلۆماتکارە خەشیمەکانی ئەو زلهێزەیە.

وەک بڵێیت لە ١٩٥٨ تا ئێستا هیچ رووی نەدابێت، ئەمریکا بە هەمان لوتبەرزی و خەشیمی و بێ ئاگایی نێردە و دیپلۆماتکارەکانیەوە هاتونەتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەراستیدا، دوای نزیکەی ٧٠ ساڵ لەنوسینی رۆمانەکە، ئەمریکیەکان خەشیمانەتر و دزێوانەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەمریکا چی لە ئەفغانستان چنییەوە.. دیموکراسیەتی عێڕاقی بەکوێ گەیاند؟ تێڕوانینێکی دۆناڵد رەمسفێڵد، وەزیری بەرگری ئەمریکای ئیدارەی جۆرج بۆش بەسە بۆ تێگەییشتن لە ئاستی خەشیمی و بێ ئاگایی سەرانی ئەمریکا لە دۆخی وڵات و نەتەوەکانی ناوچەکە. ئەو لەسەر و بەندی داگیرکردن/رزگارکردنی عێڕاق و روخاندنی حوکمی خوێناوی سوننەکانی ئەم وڵاتە دەسکرد و فاشییەدا، گۆتی کێشەی عێڕاق سەدام حوسێنە. ئەم لابچێت عێڕاق دەبێتە سینگافۆرەی رۆژهەڵاتی ناوەراست. عاڕەبەکانی عێڕاق وشیارترین و خوێندەوار ترین گەلی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. من کە پێنج ساڵ و لە زانکۆی بەغدا لەگەڵ نوخبەی ئەو عاڕەبانەی کە رامسفێلد بە رۆشنبیرتینی وەسف دەکرد لەهەمان پۆلی خوێندن و لەسەر هەمان کورسی قژی رەشم سپی کردبوو، دەمزانی رامسفێڵدی وەزیر چەندە خەڵەفاوە و لە تێزی ماستەرکەم و لە کتێبی "کورد لە عێڕاقی پۆست-داگیرکراوی" ئاماژەم بەو بێ ئاگاییەی رامسفێڵد کرد. تۆم باراک و بۆسەکەی، ترەمپ لەپرسی جۆلانیدا هەنگاوێكیش لە رامسفێڵد بەولاوەتر چوونە.

ئەوان جۆلانی تا دوێنێ داعش و دواتریش ئەلقاعیدە و ئێستاش دەست سۆر بە خوێنی دروز و عەلەوی، وەک پیاوی مەزن دەناسێنن. تەنانەت جارێکیان بە جۆرج واشنتۆنیان شوبهاند و ئێستاش دەڵێن لەسەر دەستی جۆلانی سوریا دەبێتە سینگافۆرە و ئیتر کورد و عەلەوی و دروز چ حەوجەی فیدڕاڵێن. کە باراک و ترەمپ ئەو شەکرانە دەشکێنن، هێشتا خەڵاتی دە ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک کەللەی جۆلانیان بۆ بهێنێت هەر لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەیانە. یوجین بۆردیک لە ١٩٦٥دا و ویلیام لیدەرەریش لە ٢٠٠٩دا کۆچی دواییان کردووە. ئێستا ئەگەر زیندوو ببنەوە و وڕێنەکانی تۆم باراک ببیسن خۆبەخشانە و بێ سێ و دوو دەگەڕێنەوە ناو گۆڕەکانیان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی