نوسەر کێیە ؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

زەبەنگ بەهادین

نوسەر ئەو کەسەیە دەتوانێت قوڵایی ئازارەکان ببینێت و بە ووشە بونیاتی ستراکچەرێکی کاریگەر بخولقێنێ تا بە شێوەی نووسین بگاتە خوێنەر ، نوسەر وەک وەرگێری زمانە دەتوانێت زمانی کردار و جەستە و کارەسات و روداوەکان و دەرون بخوێنێتەوە سەر لە نوێ بە ووشە و رستە دایرێژێتەوە لە دوو توێ پەرەکان و بەیانی کردارەکان و پەرچە کردارەکان بکات بە نوسینێک لە پەرەگرافێک یان کتێبێک یان وتارێکدا .

مەرج نییە ئەوەی نوسەر دەینوسێت خۆی پێیدا تیپەربێت بەڵکو لە سیما و کارکتەرەکانی بەرامبەریدا گەراوە و نهێنیەکانی دۆزیوەتەوە ، لە پاشدا کردویەتیە نووسین ، نوسەر ناتوانێت لە یەک کاتدا تاوانبار بێت و بێ تاوان بێت ناتوانێت راستگۆ بێت و درۆزن بێت ناتوانێ سوزدار بێت و رق لە دەرون بێت ، بەڵام دەتوانێت هەموو سیفەتە باش و خراپەکان لە دوو توێی نوسینێکدا کۆ بکاتەوە و لایەنی باشی و خراپی کردار و پەرچە کردارەکان بخاتە روو دەتوانێت هەم نیشانی بدات هەم شی بکاتەوە و پەنجە بخاتە سەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی، ئەوەی وا دەکات نوسەر ئەم توانایەی هەبێت ژیری و ئەزمون و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بەردەوامە ، گەران بە دوای راستی و بیرکردنەوەی دروست لەمەر بابەتەکان ، کاتێک لە ( جی کی رولینغ ) دەپرسن لەسەر زنجیرە ڕۆمانەکانی ( هاری پۆتەر ) خۆت لە کوێی رۆمانەکاندا دەبینیتەوە ، بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێ جا کەسمان دەتوانین بچینە دونیای ئەفسان و سیحر و جادوەکان بەراستی ، ئەم وەڵامەی رولینغ رونکردنەوەی توانای دیدبینی و بونیاتە راستەقینەکەی نوسەرە کە چەند توانایەکی بەرزی هەیە لە خەیاڵکردن و بونیات نان و دارشتن دا لە کاتێکدا کتێبەکانی هاری پۆتەر بە پرفرۆشتنین کتێب دادەنرێن و لە چوارچیوەی ئەفسانە و جادوەکاندا دەسورێتەوە . ئاجاثا کریستی هیچ تاوانێک ئەنجام نەداوە بەڵام توانیوێتی تەواو دەرونی تاوانبار بخوێنێتەوە لە چوارچێوەی ووشەو رستەدا دەرون و کارلێکەکانی تاونبار دارێژێتەوە ، هەموو نوسەران بەهەمان شێوە دونیایەکی خەیاڵی فراوان و بیرێکی وورد و ژیریەکی باش دەیانکاتە نوسەر کە توانای بەرجەستەکردنی خەیاڵەکان و لێکۆڵینەوەی کردارەکانی مرۆڤ بکەن و بە نوسین دایرێژنەوە .

مەرج نییە ئەوەی لەسەر جەنگ نوسی خۆی پاڵاوان بێت ، مەرج نییە ئەوەی لەسەر خۆشەویستی نوسی خۆی عاشق بێت مەرج نییە ئەوەی لەسەر کوشتن نوسی خۆی تاوانبار بێت ئەمە توانی راستەقینەی نوسەرە کە دەتوانێت هەموو کارێزماکان لە نوسینەکاندا کۆ بکاتەوە بە بێ ئەوەی خۆی ئەزمونی کار و کردار و پەرچە کردارەکانی کردبێت . نوسەری باش کێیە ؟ نوسەری باش ئەوە کەسەیە ئازار و مەینەتیەکانی دەورو بەرەکەی ببینێت ، کێشەکانی کۆمەڵگاکەی شی بکاتەوە وخاڵە لاواز و نەرێنیەکانی بەیان بکا ، نوسەری باش ئەوە کەسەیە راستی بڵێت و بوێر و ئازا بێت و قەڵەمەکەی وەک چەکێک بێت دژی نا دادپەرەوەری و گەندەڵی و تاوان و خراپەکاری ، لە هەمان کات بتوانێت راستی و باشی و پاکی خۆی بپارێزێت و تێکەڵ بە قورمساغیەکانی دەوری نەبێت و دەرونی خۆی وون نەکات و پێنوسەکەی هەراج نەکات بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدار و خراپەکارەکان . نوسەری خراپیش پێویستی بە رونکردنەوەی زۆر نییە تەنها ئەوەندە بەسە بڵێین نوسەری خراپ گەورەترین تاوانباری مرۆڤایەتیە لە مێژودا کە ناوی دەمێنێتەوە بە پێناسەی خراپترین مرۆڤ .

نوسین بنەمای بیرکردنەوە وژیری و پێشکەوتن و زانینە لە نێو هەموو کۆمەڵگاکان لە سەرەتای دروستبونی نوسینەوە لە مێژودا ، نوسین بە بناغەی پێشکەوتنی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت بۆیە نوسەر وەک رابەری پێشکەوتنەکانە بۆ مرۆڤایەتی وەک چۆن دەشتوانێ روخێنەر و لە ناو بەر بێت ، بەڵام مێژوو هەمیشە باشەکانی هێشتۆتەوە و خراپەکانی لە ناو بردوە بۆیە نوسینە باشەکان زۆرتر دەبینین وەک لە نوسینە خراپەکان ئەمەش وایکردوە لەوە تێبگەین ئەرکی نوسەر باشترکردنی ژیانە نەکا تێکدانی . زەبەنگ بەهادین

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی