دوای هێرش و پەلاماری سوپای عەرەبی سوریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب، شەپۆلێکی تر ڕقلێبوون لە عەرەب لەناو کوردستان سەری هەڵدایەوە. تەنانەت هەندێ خاوەنکار کرێکاری عەرەبی سورییان لەسەر کار دەرکردووە.
ئەم شەپۆلە پێیناوترێ ڕەگەزپەرستیی، بەڵکو دیسان کولاندنەوەی زامی قوڵی کوردە لەگەڵ دەسەڵاتدار و چەک بەدەستی عەرەب. ڕەگەزپەرستیی زۆر بە سادەیی واتا پیرۆزکردنی توخماتی خۆت و بەکەمزانین و سووککردنی ئەوانیتر. لەم پێناوەشدا شەرعیەت بدەیت بە لەناوبردنی توخمات و ڕەگەزە کەم و سووکەکە!
کامە جوولەکە هەیە لە دنیا رق و خوێنی تۆڵەکردنەوەی نەجووڵێ کاتێک ناوی هیتلەر و هۆڵۆکۆست دەبیستێ، ئەمە بە بیستن نەک دیسان هۆڵۆکۆستێکی تر و دووان و سیانیتر تاقی بکاتەوە!؟ کامە ئەرمەنیی هەیە خوێنی ڕژاوی سەدساڵ لەمەوبەری ئەرمەنییەکان پشتگوێ بخات کاتێک ببینێتەوە دیسان تورکەکان لە گۆشەیەکیتر و بەجلوبەرگ و ناوێکیتر قەتڵوعامیان دەکەنەوە!؟
مەسەلەی خوێنڕشتن و قەڵوعامی گەلێک، ئێشێک و برینێک نییە بە سەدەیەک و دووان ساڕێژبێت. مەسەلەکە شکاندنی کەرامەتی میللەتێکە لەڕێی دەسەڵاتەوە. لە هەموویشی بە ئازارتر پێدانی شەرعیەت و ڕەوایەتیدانە بەو قەتڵوعامە بەناوی دین یان پیس و چرووکی توخمات و ڕەگەزی کوژراوەکانەوە.
مێژووی زۆر دوورناڵێین.. بەڵام سەدساڵی لەمەوبەری کورد لەگەڵ دەسەڵاتدار و چەکبەدەستی عەرەب چ لە عێراق چ لە سوریا، پڕ پڕە لە قەتڵوعام و بێنرخکردنی ئینسانی کورد. پڕیەتی لە داماڵین لە ئینسانیبوون و فڕێدانی بۆ دەرەوەی ژیان.
مێژووی کورد لەگەڵ دەسەڵاتدار و چەکبەدەستی عەرەب، مێژووی لەکەدارکردن و بچووککردنەوەی ئینسانی کوردە. ئیتر ئەم عەرەبە چ دینیی بووبێ یان قەومیی و شۆڤێنیی؛ هیچ لە بەڵا و موسیبەت و شکاندن و قەڵوعامەکان کەمینەکردووە. کارەساتی هەرەگەورەی عەرەب ئەوەیە، سپەیس و مەسافە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆیان دانانێن. بەناوێکیتر بە شێوازێکیتر هەمان عەقڵیەتی وەحشییانە چەندبارە دەکەنەوە.
ئەڵمانەکانی دوای هیتلەر، هاتن بەرپرسیارێتی تاوانی هۆڵۆکۆستیان لە ئەستۆ گرت و بەتەواوی نەفرەتیان لەو سەردەمەکرد. قەرەبوویان بەزیانلێکەوتووانی جوولەکەداو بۆ ئەوەشی هەست و شعووری جوولەکەکان بریندار نەبێتەوە، ناوی هیتلەرو نازی و هێما چەپەڵەکانیان قەدەغەکران. کەچی عەرەبی سوریا و عێراق سەرەڕای باش ئاگاداربوونیان لە دڕندەیی و وەحشیەتی دەسەڵاتدارەکانی پێشوویان؛، کەچی هێشتا ئامادەن بە هەمان عەقڵیەتی خۆسەپێنی و فەرزکردنی فەزڵی قەومیەت، کورد بچەوسێننەوەو تەنانەت زۆر دڕندە و وەحشی ئاسا کورد بکوژن! هەموو جۆرەکانی عەرەب شەرعیەتی دینیی قەومیی دەدەن بەتاوانەکانیان بەرامبەر کورد.
زۆر دڵنیام لەوەی کورد ڕەگەزپەرست نییە و گیانی تۆڵەی قەومیی لەخۆیدا دەکوژێت، بەڵام عەقڵی ئامادەی دەسەڵاتدار و چەکبەدەستی عەرەب زوو زوو بەناوی نوێ و جلوبەرگی نوێ و ڕوخساری نوێ، ئامادەی قەتڵوعام و شکاندنی کەرامەتی کوردن.
هەتا دەسەڵاتدار و چەکبەدەستی عەرەب هەڵگری ئەو عەقڵیەتە بۆگەن و ڕەشەبن کە بوویانە و ئێستایش هەیانە، ئەگەری چەندبارەبوونەوەی کارەساتو قەتڵوعامی کورد دەمێنێتەوە. هەر ئەوانیش دەبنە باعیسی کولاندنەوەی ئێشوئازاری خوێنەڕژاوەکەی سەدان و هەزاران ژن و منداڵ و پیر و بێدەسەڵاتی کورد.
بەرچاوڕوونیی.. ئەم نووسینەم بۆ ئەوە نییە ڕەوایەتی بە رقلێبوون و دەرکردنی کرێکاری عەرەب بدەم. بەڵام ئەوە حاشاهەڵنەگرە، عەرەبەکان هۆکاری دیسان کولاندنەوەی برینی کوردن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی