شارپرێس:
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بەپشتبەستن بەبەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ڕۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل بەپێشنیازی قەتەر بۆ ئاگربەست لەغەززە ڕازیبوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس بۆ تەواوکردنی دانوستان لەبارەی بارمتەو ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.
بەگوێرەی ئاکسیۆس، بەپشتبەستن بەبەرپرسانی ئیسرائیل، "ئەگەر دانوستانەکانی ئاگربەستو ئاڵوگۆڕی دیلەکان پێشکەوتن بەدەستنەهێنن، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەغەززە پەرەپێدەدەن".
ئاکسیۆس باسی لەوەشکرد، ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە پێیڕاگەیاندوە، "ئەوەی بەڕەفحمان کرد، بەشاری غەززەو کەمپەکانی پەنابەرانی ناوەندیی دەیکەین ئەگەر هیچ جوڵەیەک بەرەو ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان نەبێت".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لەحەماس کرد، ڕازیبێت بە"پێشنیازی کۆتایی" بۆ ئاگربەستی 60 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل لەغەززە، لەلایەن بەرپرسانی نێوەندگیریی قەتەرو میسرەوە پێشکەشدەکرێت.