شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان
چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمى ئهمساڵو کشانەوەی هێزە سەربازییەکان
بوو بۆ مۆڵگەکانی خۆیان، کەچی گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا، بەتایبەت گروپه چهكدارهكانى
حەمزاتو عەمشات، ڕویەکی دیكهى شەڕو پێشێلکارییان لەدەوروبەری کۆبانێ پیشانی جیهاندا،
ڕوانگهى سوری-ش بۆ مافهكانى مرۆڤ زانیاریى گرنگ لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
تاڵانکاری لەژێر
سێبەری ڕێكهوتندا
بەگوێرەی زانیارییە
مەیدانییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گوندی (خانیک ئەڤدۆ) لەگوندەواری کۆبانێ
بوەتە قوربانیی شاڵاوێکی فراوانی تاڵانکاریی، چەکدارانی ئەو دوو گروپە بە12 ئۆتۆمبێلی
سەربازیی هەڵگری دۆشکەوە هەڵیانکوتاوەتەسەر گوندەکە.
سەرچاوە خۆجێییەکان
باس لەدیمەنێکی تراژیدی دەکەن؛ چەکدارەکان نەک هەر دەستیان بەسەر ئامێری کشتوکاڵیو
ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیاندا گرتوە، تەنانەت مەڕوماڵات، پەلەوەرو کەلوپەلی ناوماڵەکانیشیان
بەبەرچاوی خاوەنەکانیانەوە تاڵانکردوەو بەرەو شوێنێکی نادیار باریانکردون.
کۆبانێ؛ گەمارۆیەک
کە کۆتایی نایەت
ئەو هێرشو تاڵانکارییانە
لەکاتێکدایە کە کۆبانێ لە 18ی کانونی دوەمی ڕابردوەوە لەژێر گەمارۆیەکی تونددایە،
هەرچەندە ڕێککەوتن لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتی دیمەشقدا
واژۆکراوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام ئەم گروپە چەکدارانەی کە بەناو لەژێر چەتری
وەزارەتی بەرگری (ئۆپۆزسیۆنی سەر بەتورکیا) کاردەکەن، ئاگربەستەکەیان وەک دەرفەتێک
بۆ کۆکردنەوەی هێزو تاڵانکردنی گوندەکان بەکارهێناوە.
پەیامێک بۆ کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی
ڕوانگهى سوری
جهختدهكاتهوه، ئەوەی لەدەوروبەری کۆبانێ ڕودەدات، تەنها جوڵەی سەربازیی نییە،
بەڵکو هەوڵێکی ڕونە بۆ بڕینی سەرچاوەی بژێوی گوندنشینانو تێکدانی ئەو ئارامییە ڕێژەییەی
کە بڕیاربوو بهگوێرهى ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم بێتە کایەوە.
ئێستا دانیشتوانی
ناوچەکە دەپرسن، تا کەی ماڵو سامانیان دەبێتە دەستکەوتی شەڕ بۆ ئەو گروپانەی کە هیچ
سنورێکی ئەخلاقیو یاسایی ناناسن، ئایا ڕێککەوتنەکان تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن لەکاتێکدا
دۆشکەکان لەناو گوندەکاندا دەسوڕێنەوە؟
ناوبانگی گروپه
چهكدارهكانى (حەمزاتو عەمشات) لەناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین، مێژویەکی پڕە
لەچیرۆکی هاوشێوە، ئەو گروپانەی کە ڕۆژێک بەناوی شۆڕشو ڕزگارییەوە هاتن، ئێستا لەناو
خەڵکدا وەک گروپە مریشکدزەکان دەناسرێن؛ چونکە هیچ شتێکی بچوکو گەورە لەدەستیان دەرناچێت،
لەزەیتونی عەفرینەوە تا دەگاتە پەلەوەرو کەلوپەلی کۆنی ماڵان لەگوندەکانی کۆبانێ.
ئەوەی لەخانیک ئەڤدۆ
ڕویدا، تەنها تاوانێکی جەنگ نییە، بەڵکو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو گروپانە لەبری
پاراستنی نیشتمان، بونەتە باندێکی چەکداریی غەنیمەکۆکەرەوە کە تەنها لەو شوێنانەدا
ئازان کە خەڵکی سڤیلو بێبەرگری لێ نیشتەجێن، کۆبانێ کە لەبەرامبەر گەورەترین گروپی
تیرۆریستی جیهان (داعش) چۆکی دانەدا، ئێستا ڕوبەڕوی گروپگەلێک بوەتەوە کە شکۆی سەربازییان
لەتاڵانکردنی ماڵە هەژارەکاندا دەبیننەوە.
