F16كانى عێراق مۆڵگەکانی داعش دەسوتێنن‌و نەخشەی نهێنیی گروپه‌كه‌ ئاشکرادەکەن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2178 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بۆسەر ناوچە جیاکەرەوەکانی نێوان قەزای دوبزو هەرێمی کوردستان، سەرنجی ناوەندە ئەمنییەکانی گەڕاندەوە بۆسەر یەکێک لەمەترسیدارترین بەرەکانی ڕوبەڕوبونەوە لەوڵاتدا، ئەم هێرشانە کە مۆڵگەو حەشارگەکانی داعشیانکردە ئامانج، نیشانەی ئەوەن کە ئەو ناوچانە هێشتا ژینگەیەکی لەبارن بۆ جوڵەی پاشماوەکانی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌، سەرەڕای تێپەڕبونی چەندین ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی سەربازیی بەسەریدا، دوبارەبونەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لەو شوێنانەدا، ئەو پرسیارە دروستدەکات کە ئایا بۆشاییە ئەمنییەکان‌و سەختیی ناوچه‌كه‌ هۆکاری سەرەکین بۆ مانەوەی ئەم شانە تیرۆریستییانە؟.


تەنگژەی سێگۆشەی ئەمنی
ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە فڕۆکەکانی (F-16) ئەنجامیاندان، دوای بەدواداچونێکی هەواڵگریی چڕ هات کە پێنج ڕۆژی خایاند، هێرشەکان تیشکیانخستەسەر ئەو ناوچەیەی کە بە"سێگۆشەی داعش" ناسراوەو لەنێوان (کەرکوک، سەڵاحەدین‌و دیالە)دا درێژدەبێتەوە، ئەم ناوچەیە بەکۆتا پەناگەی پاشماوەکانی گروپه‌كه‌ دادەنرێت کە تێیدا سود لەدۆڵ، ئەشکەوت‌و دژواریی سروشتی زەوییەکە وەردەگرن بۆ خۆشاردنەوە.

پسپۆڕانی ئەمنی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ناوچانە بەهۆی فراوانی‌و جوگرافیا سەختەکەیانەوە، بونەتە حەشارگەی کاتیی بۆ شانەکانی داعش، چونکە ئەوان چیتر خاوەنی سەربازگە یان هێزی جێگیرنین‌و تەنها پشت بەجوڵەی بەردەوام دەبەستن، بۆیە کۆتاییهێنان بەمەترسییەکانیان تەنها بەبۆردومانی ئاسمانی نابێت، بەڵکو پێویستی بەهەماهەنگیی بەردەوامی نێوان دەزگا ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنی مەیدانیی سەر زەوی‌و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی چاودێریکردن هەیە.

بۆشایی ئەمنی‌و شەڕی چەتەیی
ناوچەکانی نێوان کەرکوک‌و هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ڕوبەری بەرفراوانیان تێدایە کە هێزەکانی حکومەتی ناوەندی‌و هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا بڵاونەبوەتەوە، ئەم بۆشاییە ئەمنییە لەساڵی 2017وە لەلایەن داعشەوە قۆستراوەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی‌و ئەنجامدانی هێرشی پچڕپچڕ.

سەرەڕای شکستی سەربازیی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كه‌، شێوازی کارکردنی گۆڕاوە؛ لەکۆنترۆڵکردنی شارەکانەوە بوەتە شەڕی چەتەیی، ئەوان ئێستا لەگروپی بچوکدا کاردەکەن‌و پشت بەکەمین، تەقاندنەوەی بۆمب‌و بەکارهێنانی حەشارگە سروشتییەکان دەبەستن بۆ کۆگاکردنی چەک‌و پێداویستییەکانیان.

پێشکەوتنی هەواڵگریی‌و ئامارە نوێیەکان
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایدەکەن، ئەگەرچی جوڵەی داعش لەو شوێنانەدا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی توندکردنی چاودێریی‌و ڕێوشوێنە هەواڵگرییەکانی مانگەکانی ڕابردوەوە، چالاکییەکانیان بەبەراورد بەساڵانی پێشوو یەکجار کەمبوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان هاوکارییەکانیان لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکاندا بەهێزترکردوەو کامێرای چاودێریی شەوانە‌و ئامێری پێشکەوتویان لەو ڕێڕەوانەدا داناوە کە چەکداران بەکاریاندەهێنان.

ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکان، دژەتیرۆرو دەزگای هەواڵگریی، گەشەکردنێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوە لەپوچەڵکردنەوەی چەندین هێرش پێش جێبەجێکردنیان، شارەزایانیش جەختدەکەنەوە، دوبارەبونەوەی ئۆپەراسیۆنەکان نیشانەی گەڕانەوەی داعش نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌یه‌كى دیاریكراو، بەڵکو تەنها بونی شانەی گەڕۆک دەسەلمێنێت کە سود لەکەلێنە ئەمنییەکان وەردەگرن.

به‌گوێره‌ى دوایین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتیی سەر بەئەنجومەنی ئاسایش کە لەشوباتی 2025دا دەرچوە، گروپى تیرۆریستى داعش هێشتا لەنێوان 1500 بۆ 3000 شەڕکەری لەعێراق‌و سوریادا ماوە، ئەم هێزانە بەسەر شانەی بچوک‌و تۆڕی نهێنیدا دابەشبون‌و هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشی پچڕپچڕو قۆستنەوەی ناوچە سەختەکانیان هەیە، ئەمەش وادەکات دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانە بەکراوەیی بمێنێتەوە.

بەپەلە