وەزارەتی دارایی داواکارییەکانی لەبارەی پشکی هەرێم لەبودجەی گشتی 2027 رادەستی بەغدا کرد

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایگەیاند، پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2027 و ناردنی بۆ بەغدا بە کۆتاهات.


وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پاش زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەکان، داهاتی گشتی و میلاکی گشتی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2027 ڕاگەیاند.

ئەوەشیخستەڕوو، پڕۆژەکە بە هەردوو شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کرا.

بەپێی راگەیەنراوەکە، لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە:

-دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

-دابینکردنی موچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا.

-دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان.

-جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو.

-هاوتاکردنی موچەو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە.

-هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان.

-چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە بەهۆکاری جیاواز لە سیستمی(UPN)  تۆمار نەکراون یاخود کێشەیان هەیە.

-دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية).

-بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان.

-دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بروانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان.

وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم.

وەزارەتی دارایی وتیشی،" هیواداریشین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکەن ".