سەرکەوتی جیهاز
هەندێک شار لە دەوری قەڵایەک یان بەندەرێک دروست دەبن؛ بەڵام قامیشلو لە دەوری هێڵێکی ئاسن و لەبەر سنوورێکی تازەکێشراو لەدایک بوو. سنوور خاکەکەی دابەش کرد، بەڵام نەیتوانی پەیوەندیی مرۆڤەکان، زمان، کولتوور و یادەوەریی هاوبەشیان ببڕێت.
ئەمڕۆ، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦، سەد ساڵ بەسەر دەستپێکردنی بنیاتنانی قامیشلوی نوێدا تێدەپەڕێت. بەڵام مێژووی خاک و خەڵکی ناوچەکە بە ساڵی ١٩٢٦ دەست پێ ناکات؛ قامیشلو پێش دروستبوونی بەشێک بوو لە دەشتی ماردین و جوگرافیای کوردستان، پڕ بوو لە گوند، کێڵگە و دانیشتوانی کورد.
دوای جەنگی یەکەمی جیهان و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، هێڵی ئاسنی بەغدا لە بەشێکی ناوچەکەدا کرایە سنووری نێوان تورکیا و سوریای ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا. بەو شێوەیە، نسیبین لە دەشت و گوندەکانی باشووری خۆی جیا کرایەوە. دەسەڵاتی فەرەنسا بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە پێویستی بە ناوەندێکی کارگێڕی، سەربازی و بازرگانی هەبوو؛ بۆیە لە ٢٠ی ئابی ١٩٢٦دا پلانی بنیاتنانی قامیشلو، لە بەرامبەر نسیبین و لە نزیک ڕووباری جەقجەق، جێبەجێ کرا.
لە ساڵی ١٩٢٨دا وێستگەی شەمەندەفەر بە هێڵی ئاسنی بەغداوە بەسترا و قامیشلو بوو بە خاڵی پەیوەندیی نێوان حەڵەب، نسیبین، موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەر. کشتوکاڵی دەشتی جەزیرە، بە تایبەتی گەنم و پەمۆ، بازرگانیی شارەکەی گەشە کرد. توێژینەوەیەکی زانکۆی کەمبریج دەڵێت قامیشلو لە ١٩٢٦دا دامەزرا و تەنها سێ ساڵ دواتر بوو بە گرنگترین ناوەندی بازرگانیی ناوچەکە.
کورد، سریانی، ئاشوری، کلدانی، ئەرمەن، عەرەب و جوو، هەر یەک بە پیشە، هونەر، زمان و نەریتەکانی خۆی، بەشێکیان لە ژیانی شارەکە بنیات نا. ئەم فرەڕەنگییە سامانی قامیشلو بووە؛ بەڵام نابێت بە ناوی فرەڕەنگییەوە ڕاستیی جوگرافی و ناسنامەی شارەکە بشاردرێتەوە.
قامیشلو شارێکی کوردی و کوردستانییە؛ لە دڵی ڕۆژئاوای کوردستان و لە ناو دەشت و گوندە کوردنشینەکانی جەزیرەدا هەڵکەوتووە. زمانی کوردی، نەورۆز، گۆرانی، جلوبەرگ، خەبات و یادەوەریی کوردی لە ڕۆح و سیمای شارەکە جیا ناکرێنەوە. دانپێدانان بەو ڕاستییە، بە هیچ شێوەیەک ماف و بەشداریی پێکهاتەکانی تر کەم ناکاتەوە؛ چونکە کوردستان لە مێژوودا ماڵی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بووە.
لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا، تورکیا یەکێک بووە لە سەرەکیترین لایەنەکانی پیلانگێڕی و فشار لە دژی ناوچە کوردنشینەکان. لە سەرەتاکانی کێشانی سنوورەوە، هەوڵی دا ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی خۆیدا بهێڵێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە ناکۆکیی عەشیرەتی و هاوکاریی هەندێک لایەنی ناوخۆیی و ناوچەیی کەڵکی وەرگرت. بەڵگەنامە مێژووییەکان ئاماژە بە هاندانی هەندێک سەرۆکی عەشیرەتی کورد و عەرەب بۆ دروستکردنی نائارامی لە جەزیرە دەکەن. ئەم سیاسەتە بە شێوەی جیاواز تا سەردەمی ئێستا بەردەوام بووە.
قامیشلو لەگەڵ ئەو هەموو فشار و پیلانانەشدا بوو بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی ئەدەب، ڕۆشنبیری، ڕۆژنامەگەری، هونەر و هۆشیاریی نەتەوەیی کورد. جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٤٦دا لە قامیشلو نیشتەجێ بوو و شارەکەی کردە ناوەندی چالاکیی ئەدەبی و سیاسیی خۆی. ناوەکانی عوسمان سەبری، قەدری جان و نوورەدین زازا بە مێژووی زمان و ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە گرێدراون. لە هونەریشدا، قامیشلو محەمەد شێخۆی بە کوردستان بەخشی و ئارام تیگرانی ئەرمەنی لەو شارەدا لەدایک بوو و بە سەدان گۆرانیی کوردی، بوو بە پردی برادەرایەتیی کورد و ئەرمەن.
بەڵام هەوڵی سڕینەوەی کوردبوونی قامیشلو هەرگیز نەوەستا. لە سەرژمێریی نائاسایی ساڵی ١٩٦٢دا نزیکەی ١٢٠ هەزار کورد لە ڕەگەزنامەی سوری بێبەش کران. دواتر «پشتێنی عەرەبی»، گۆڕینی ناوی گوند و شارۆچکەکان، قەدەغەکردنی زمان و ڕێگرتن لە نەورۆز و چالاکییە کولتوورییەکان، هەوڵێکی ڕێکخراو بوون بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی. ڕاپۆرتی مافەکانی مرۆڤ
لە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤دا قامیشلو جارێکی تر بوو بە ناونیشانی ڕاپەڕین و خۆڕاگری. دوای تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە یاریگای تۆپی پێ، ناڕەزایەتییەکان بۆ شار و ناوچە کوردییەکانی تر بڵاو بوونەوە. لانیکەم ٣٦ کەس کوژران، زیاتر لە ١٦٠ کەس بریندار و زیاتر لە دوو هەزار کورد دەستگیر کران. ئەو ڕاپەڕینە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کوردانی سوریا. چاودێری مافی مرۆڤ
لە ماوەی سەد ساڵدا، زۆر هەوڵ درا کوردبوونی قامیشلو بسڕدرێتەوە؛ بەڵام هیچکام سەرکەوتوو نەبوون. کورد نە لە زمانەکەی دەستبەردار بوو، نە لە نەورۆز و کولتوورەکەی و نە لە مافی سیاسی و نەتەوەیی خۆی.
ئەمڕۆ ڕۆحی کوردایەتی لە قامیشلو لە ئاستێکی بەرزدایە. زمانی کوردی لە قوتابخانە، ڕاگەیاندن، ئەدەب، هونەر و دامەزراوەکاندا دەبیسترێت؛ ئاڵا و نەورۆز و گۆرانیی کوردی بەشێکی ئاشکرای ژیانی شارەکەن. کوردبوونی قامیشلو چیتر داواکارییەکی شاراوە یان ناسنامەیەکی قەدەغەکراو نییە؛ بووەتە ئەمری واقیع و ڕاستییەکی نکۆڵی لێنەکراو.
فەرەنسا پلانی شارێکی کێشا، بەڵام خەڵکی کوردستان ژیان، ڕۆح و ناسنامەیان پێ بەخشی. قامیشلو ئەمڕۆ شارێکی کوردی و کوردستانی، ماڵی هاوبەشی پێکهاتە جیاوازەکان و یەکێکە لە شارە زیندووەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
سەدەمین ساڵیادی قامیشلوی کوردستان پیرۆز بێت
