شارپرێس:
دۆسیەی حەسرکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەرەو قۆناغێکی
توندترو هەستیارتر هەنگاو دەنێت، لەکاتێکدا هەوڵە حکومیو تەشریعییەکان بۆ ڕێکخستنەوەی
چەکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان چڕتربونەتەوە، ئازادکردنی عەباس یەعقوبی بهرپرسى
ههواڵگریى بزوتنەوەی نوجەبا، گرژییەکانی نێوان حکومەتو گروپە چەکدارەکانی گەیاندە
لوتکە.
عەباس یەعقوبی، دوای ئازادکردنی لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا
دەرکەوتو سوپاسی سەرکردایەتی نوجەبا، حەشدی شەعبی، عەشایەرو میدیای مقاوەمەی کرد،
بەڕاشکاوی تۆم باراک نێردەی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی، لەپشت دەستگیرکردنەکەیەوە
بوەو وتی، "ئەوەی بەرامبەر من کرا، تۆم باراک نەخشەی بۆ کێشابوو بەئامانجی هەڵگیرسانی
شەڕی ناوخۆیی، بەڵام حیکمەتی سەرکردایەتییەکەمان ئەو پلانەی پوچەڵکردەوە".
یەعقوبی ڕایگەیاند، "لەڕێگەی ڕاوێژکاری یاساییەوە
سکاڵا لەسەر دەزگای هەواڵگری تۆماردەکاتو دادگای عێراق دەبێتە یەکلاکەرەوەی نێوانمان".
ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدایە کە بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان،
لەکاتی دەستگیرکردنی یەعقوبیدا هەڕەشەی سوتاندنی بەغدا گەیشتوەتە عەلی زەیدیی سەرۆک
وەزیرانى عێراق كه ئەگەربێتو فشارەکان بۆسەر گروپە چەکدارەکان بەردەوامبن، ئەمەش
ڕەهەندێکی ئەمنیی مەترسیداری بەململانێ سیاسییەکە بەخشیوە.
لەلایەکی دیكهوه، مخلەد حازم شارەزای ئەمنی پێیوایە،
عێراق پێویستی بەیاسایەکی نوێو ڕون هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنى چەک، چونکە یاسای ساڵی
1969 وەڵامگۆی دۆخی ئێستا نییە، بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات، گەورەترین ئاستەنگ لەناو
پەرلەماندایە؛ چونکە هەندێک پەرلەمانتار سەر بەگروپە چەکدارەکاننو ڕێگریی دەکەن لەتێپەڕاندنی
هەر یاسایەک کە چەکەکانیان بخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت.
د.چیمهن بارزانی ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی
لەپەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردوه، حکومەت "بەڵێنیداوە لەماوەی 20 ڕۆژدا پڕۆژەیاسای
كۆنترۆڵكردنى چەک بنێرێتە پەرلەمان، دەبێت 30ی ئەیلول وەک دوا وادە (سەقفێکی زەمەنی)
دیاریبکرێت بۆ ڕادەستکردنی هەموو چەکەکانی دەستی گروپەکان بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەکان".
لەبەرەی بەرامبەریشدا، زوهێر چەلەبی پەرلەمانتاری
پێشوو، هۆشداریدەدات لەداماڵینی چەکی گروپەکان تائەوکاتەی هێزی بیانی لەوڵاتدا مابێتو
پێیوایە، "دەبێت پێش هەر هەنگاوێک، توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق بەهێزتر
بکرێن".
ئەم ململانێیە نیشانیدەدات کە عێراق لەبەردەم
تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ ئایا دەوڵەت دەتوانێت سەروەریی یاسا بەسەر چەکەکاندا بسەپێنێت،
یان فشارو هەڕەشەکان هاوکێشەکە بەلایەکی دیكهدا دەبەن؟.
