بەغدا چوه‌ لێواری تەقینەوە؛ دەستگیرکردنی پیاوی زانیارییەکانی نوجه‌با، زەیدیی‌و میلیشیاکان دەخاتە جەنگی چاو بەرامبەر چاو

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەوی دوشەممە لەسەر سێشەممە، بەغدا یەکێک لەپڕگرژیترین شەوەکانی مێژوی ئەمدواییەی بەخۆوە بینی، دەستگیرکردنی (عەباس یەعقوبی) بەڕێوەبەری هەواڵگریی بزوتنەوەی نوجه‌با لەباشوری ناسریە، بوە هۆكارى تەقینەوەی قەیرانێک کە خەریکبوو پایتەخت بەرەو ئاگر پەلکێش بکات، پەیامەکان ڕونبون وتیان، "ئەگەر شوێنی یەعقوبی دیار نەبێت، بەغدا دەسوتێت".


ساتەوەختی یەکلاکەرەوە لەماڵی حەکیم
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ماڵپه‌ڕى مه‌دا ئاشكرایكردوه‌، لەکاتێکدا هێزەکانی دژەتیرۆر یەعقوبییان گواستبوەوە بۆ شوێنێکی نادیار، سەرکردەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی ـ شیعه‌كان) لەماڵی عەممار حەکیم لەکۆبونەوەیەکی پڕ لەهاوارو گرژیدا بون، زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، میلیشیاکان ئامادەکارییان کردبوو بۆ گەمارۆدان‌و بۆردومانکردنی ناوچەی سەوز.

باس له‌وه‌شكراوه‌، بۆ ڕێگریی لەکارەسات، "سازشێکی کاتیی" کرا؛ یەعقوبی ئازادنەکرا، بەڵکو لەدەستی دژەتیرۆر دەرهێنراو ڕادەستی "ئاسایشی حەشد" کرا، ئەم هەنگاوە ئاگری ئەو شەوەی دامرکاندەوە، بەڵام پەردەی لەسەر ململانێیەکی قووڵتر لادا کە تێیدا عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران، ڕوبەڕوی مەترسیدارترین تاقیکردنەوەی سەروەریی بوەتەوە.

هەڕەشەی "چاو بەرامبەر چاو"و مەرجی نوێی میلیشیاکان
سه‌باره‌ت به‌کاردانەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ ئەم ڕوداوە، جه‌ختده‌كرێته‌وه‌، زۆر توند بوو، گروپەکە بەفەرمی هەڕەشەی لەزەیدیی کردو ڕەفتارەکانی بەپاڵەوانبازیی بەتاڵ‌و بێزارکەر ناوبرد، ئەبو موجاهید عەساف بەرپرسی ئەمنیی کەتائیب ڕایگەیاند، سەبریان بەرامبەر زەیدیی نەماوەو لەمەودوا بەبنەمای چاو بەرامبەر چاو مامەڵەى له‌گه‌ڵ دەکەن.

ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، میلیشیاکان نەک هەر ڕەتیانکردوه‌ته‌وه‌ چەک دابنێن، بەڵکو مەرجی نوێیان خستەسەر مێز؛ وتیان جگە لەچونە دەرەوەی ئەمریکا، دەبێت تورکیاش بکشێتەوەو هێزی پێشمەرگەش هەڵبوەشێتەوە، ئەگینا دەستبەرداری چەکەکانیان نابن.

فایەق زێدان‌و زەیدیی لەبازنەی تیرۆردان
به‌شێكى دیكه‌ له‌و زانیاریه‌ هه‌ستیارانه‌ى مه‌دا ئاشكرایكردون ده‌ڵێت، قەیرانەکە تەنها لەشەقامدا نییە؛ حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەت وتویه‌تى، "هەوڵی جدیى هەیە بۆ تیرۆرکردنی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، ئه‌ویش بەهۆی ڕۆڵی لەدۆسیەی داماڵینی چەکی گروپەکان‌و هه‌روه‌ها خودی سەرۆک وەزیرانیش لەژێر هەڕەشەی تیرۆردایە، هاوشێوەی ئەو سیناریۆیەی پێشتر بەرامبەر مستەفا کازمی تاقیکرایەوە".

جادوی 30ی ئەیلول‌و چەکی سوك
وادەی 30ی ئەیلول بۆ كۆنترۆڵكردنى چەک لەبەردەم هەرەسهێناندایە، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لایەنە شیعەکان دەیانەوێت تەنها نمایشی چەکدانان بکەن؛ واتە کۆکردنەوەی هەندێک چەکی سوک لەخەڵک‌و عەشایەره‌كان، لەکاتێکدا موشەکە بالیستییەکان‌و درۆنەکان لە 12 بنکەی ستراتیژیی لەبەسرەوە تا نەینەوا به‌پارێزراوى دەمێننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "تەنانەت پێشنیازێک هەیە لەبری داماڵینی چەک، تەنها کۆگاکردنی چەک لەناو بنکەکانی حەشدى شه‌عبیدا ئەنجامبدرێت تاوەکو وەک هێڵی بەرگریی پێشەوەی ئێران بمێننەوە".

سێ ڕێگەی بەردەم زەیدیی
میسال ئالوسی سیاسەتمه‌دارى عێراقی پێیوایە، "تاران هەرگیز ڕێگەنادات عێراق چەکی گروپه‌كان دابماڵێت، بۆیه‌ من سێ پێشنیاز بۆ زەیدیی دەخه‌مه‌ڕوو، یه‌كه‌م، تەواوکردنی کابینەکەی بۆ وەرگرتنی شەرعییەتی زیاتر، دوه‌م، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەوەزارەتە ئەمنییەکاندا تاوەکو لەگەڵ پلانی دەوڵەتدا بگونجێن‌و سێیه‌میش بونیادنانی هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی ڕاستەقینە لەگەڵ هەولێر؛ چونکە پشتیوانیی بەهێزی بەغدا لەهه‌ولێردایه‌و بەبێ ئەمە، حکومەت لاوازتر دەبێت لەوەی بتوانێت میلیشیاکان بترسێنێت".

چاودێرانیش پێیانوایه‌، سەردانی محەمەد باقر قالیباف بۆ بەغدا لەمکاتەدا كه‌ دوێنێ به‌یانى گه‌یشته‌ شارى به‌غداو له‌سه‌ر ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى شاره‌كه‌ ئه‌و شوێنه‌ى قاسم سوله‌یه‌مانى‌و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى لێ كوژرا، تەنها سەردانێکی پەرلەمانی نییە، بەڵکو هەوڵێکی تارانە بۆ پاراستنی هاوکێشەی چەک، عەلی زەیدیی-ش کە داهاتوی سیاسیی خۆی به‌30ى ئەیلولى ئه‌مساڵ سپاردوه‌، ئێستا لەبەردەم دوڕیانێکدایە، یان دەبێت ببێتە سوپرایزو ڕوبەڕوی چەکەکان ببێتەوە، یان ئەوەتا مێژوی گه‌مارۆدانى ناوچەی سەوزو پاشەکشەی دەوڵەت بەرامبەر میلیشیاکان دوبارە دەبێتەوە.