شارپرێس:
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی ئەمنیی باڵادا، بەڵگەنامەیەکی فەرمیو نوێی لەژێر ناونیشانی «تێڕوانینی ناتانیاهۆ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل» بڵاوکردەوە کە تێیدا نەخشەیەکی جیۆپۆلەتیکی نوێی بۆ دابەشبونی هێز لەناوچەکەدا کێشاوە، ئەم بەڵگەنامەیە کە یەکەم دۆسیەی لەمجۆرەیە لەدوای 10 ساڵی ڕابردوەوە، لوتکەی پەرەسەندنەکان پیشاندەدات؛ بەتایبەت کاتێک ناتانیاهۆ لەسەر نەخشەکەدا، هەرێمی كوردستان (باشوری کوردستان)ى وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ، جیابوەوەو دابڕاو لەدەسەڵاتی (عێراق) نمایشکردوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونی ئیسرائیلە بۆ ئایندەو چارەنوسی سیاسیی هەرێمەکە.
ستراتیژیی نوێی ئیسرائیل؛ هێرش لەبری دانبەخۆداگرتن
ناتانیاهۆ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 وادەکات ئیسرائیل بنەماکانی باوەڕی ئەمنیی خۆی بەهاوکاریی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، شموئێل بن عەزرا نوێبکاتەوە، ستراتیژییە نوێیەکە لەبری (داپڵۆسینو بەرگریی)، پێشینە دەداتە وەشاندنی گورزی پێشوەختە دژ بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تەنانەت ئەگەر واشنتۆنو ئەمریکاش پاڵپشتیی نەکەن، ئیسرائیل دەڵێت، "لەڕێگەی هێرشەکانی لەغەززەوە تا یەمەنو لوبنان توانیویەتی گەمارۆی میحوەرەکەی ئێران بشکێنێت".
ئەندازیاریی ئایندە؛ دیوارو تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد
بەڵگەنامە سێ لاپەڕەییەکەی ناتانیاهۆ، موشەکی ورد، درۆنەکان، هێرشی ئەلیکترۆنیو (تیرۆری ناوخۆییو دوژمنانی ناوخۆ) لەپاڵ شەڕی ساردو گۆشەگیریی نێودەوڵەتی وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دەستنیشاندەکات، بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان، یاساکە داوای دروستکردنی هێڵی ئارام لەسەر سنورەکان، بونیادنانی دیوارێکی گەورە لەسەر سنوری ڕۆژهەڵات بۆ ڕێگریکردن لەدرۆنەکان، پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەچەکی دەرەکیو مسۆگەرکردنی باڵادەستیی تەکنەلۆژی لەبواری ژیریی دەستکرد (AI)و بۆشاییی ئاسماندا دەکات.
سێ ڕەنگەکەی نەخشەی ناتانیاهۆ؛ میحوەرەکانی ناوچەکە
نەخشە نوێیەکەی ناتانیاهۆ، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەفەرمی بۆ سێ میحوەری دژ بەیەک جیاکردوەتەوە، یهكهمیانى بهڕهنگى شین جیاكردوهتهوه كه وهك (هاوپەیمانێتیی ئیسرائیل) ناسێندران ئهوانیش پێکدێن لەهاوپەیمانێتیی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلو ئیمارات (بەڕەنگی شینی تۆخ)، هاوكات لایەنە دۆستەکانی ئەم ڕەوتە (بەڕەنگی شینی کاڵ) دیاریکراون کە پێکهاتون لە(ئەسیوپیا، خاکی سۆماڵ، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لەسودان، هێزەکانی خەلیفە حەفتەر لەلیبیاو ناوچەکانی باشوری یەمەنو هێڵکاریی جوگرافیای هەرێمی کوردستان).
میحوەرى دوهمیش بهڕهنگى سەوز دیاریكراون كه پێكهاتون لههاوپەیمانێتیی سوننە، ئهوانیش بریتین لەچوار هێزی سەرەکی (عەرەبستانی سعودیە، تورکیا، میسرو پاکستان)، لایەنە هاوسۆزەکانی ئەم بەرەیەش (بەسەوزی کاڵ) بریتین لە(سوریا، ئوردن، دەسەڵاتی فەڵەستین، قەتەر، کوهیت، حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لەلیبیاو قوبرسی تورکی).
میحوەرى سێیهمیش ڕهنگى مۆرە كه (میحوەرەکەی ئێران)ه، ئێران وەک ناوهێنەری سەرەکی لەناو جەرگەی ڕەنگەکەدا جێگیرکراوە، هاوشان لەگەڵ گروپە هاوپەیمانەکانی لەبەشێک لەخاکەکانی یەمەن، لوبنانو عێراق.
پەرچەکردارەکان؛ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن یان دابەشکاریی نوێ؟
نمایشکردنی ئەم نەخشەیە، بەفەرمی شەپۆلێکی قورسی نەیارێتیو ناڕەزایەتیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تەقاندوەتەوە، چاودێران دەڵێن، ناتانیاهۆ دەیەوێت ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکاتەوە کە ئەمریکا لەناوچەکەدا جێیهێشتوە، لەناوخۆی ئیسرائیلیشدا، ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆن بەتوندی هێرشیانکردەسەر ناتانیاهۆو ڕایانگەیاند، ئەم بەڵگەنامەیە هیچ ستراتیژییەتێکی وردی سەربازییەو ناتانیاهۆ تەنها بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کنێست (کە بڕیارە لە27ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت) بەکاریهێناوە تاوەکو سەرنجی دەنگدەران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
