شارپرێس:
لەگەڵ ئاڵوگۆڕە خێراو مەترسیدارەکانی هاوسەنگیی هێز لەسوریاو بڵاوبونەوەی دەنگۆی لوتکەی سێقۆڵیی ئەمریکا، ڕوسیاو چین بۆ پەراوێزخستنی هاوپەیمانەکان، جوڵەیەکی کتوپڕ لەناوخۆی دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکادا دەستیپێکردوە، ڕاوێژکارێکی ناوداری سەربازیی ئەمریکا بەفەرمی هۆشداریداوە کە نابێت واشنتۆن پشت لەدڵسۆزترین هاوبەشی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتو داوای لایەنگرییو پاراستنی بەپەلهی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو کورد دەکات.
بانگەوازی مایکل سکادن بۆ جەنگاوەرە دێرینەکان
مایکل سکادن ڕاوێژکاری ئەمنیو سەربازیی ئەمریکا کە هاوکات سەرۆکی کۆمپانیای (Ocelotl Group)و ئەفسەرو ڕەقیبی پێشوی نێو سوپای ئەمریکایە، بەفەرمی داوای لەسەرجەم ئەو جەنگاوەرە دێرینە ئەمریکییانە کرد بێنە دەنگ کە پێشتر لەسەر زهوى هاوشان لەگەڵ کورددا دژى دوژمنانو تیرۆریستان شەڕیانکردوە.
سکادن داوادەکات، ئەو ئەفسەرو سەربازانەی ئەمریکا کە لەبەرەکانی جەنگدا لەنزیکەوە هاوشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یهپهژه) خزمەتیانکردوە، کەمپەینی بەهێزی لایەنگرییو ڕای گشتیی لەواشنتۆن دروستبکەن بۆ پاراستنی هاوڕێ کوردەکانیان.
زامنکردنی هاوبەشیو ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی داعش
بهگوێرهى سەرچاوە متمانەپێکراوەکان، ئامانجی سەرەکیی ئەم جوڵە کتوپڕە، بەرزکردنەوەی دەنگی ناوخۆیی فەرماندەکانی پێنتاگۆنە تاوەکو کۆشکی سپی ناچاربکەن پابەندبێت بەبەردەوامبونی هاوبەشیو هاوکاریی سەربازییو لۆجستی لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا.
سکادن هۆشدارىدەدات، هەرجۆرە پاشەکشێ یان پچڕانی پهیوەندییەک لەم قۆناغەدا، ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەو سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی شانە نوستوەکانی گروپى تیرۆریستیی داعش لەناوچەکەدا دروستدەکات.
ململانێی کۆشکی سپیو هێڵە دیپلۆماسییەکان
ئەم جوڵەیە لەکاتێکدا دێت، میدیا نێودەوڵەتییەکان پەردەیان لەسەر پێشنیازە نهێنییەکەی پوتن لادا بۆ سازکردنی لوتکەی سێقۆڵیی (ئەمریکا، ڕوسیاو چین) کە تێیدا بڕیارە کایەی سیاسیی سوریا بەبێ ڕەچاوکردنی خواستی پێکهاتە ناوخۆیییەکان تەیاربکەن، لایەنگرانی کورد لەناو سوپای ئەمریکادا دەیانەوێت ببنە کارتی گوشار دژ بەجێبەجێبونی هەرجۆرە پاشەکشەیەکی کتوپڕی هێزەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئەزمونی ڕابردوی جێهێشتنی هاوپەیمانەکان دوبارەنەبێتەوە.
