جبەخانەیەک لەبازاڕە مەدەنییەکانەوە.. حزبوڵڵا چۆن دور لەئێران خۆی پڕچەک دەکاتەوە؟

جیهان

18/11/2026‌ 2153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆو چاودێرییە توندەی خراوەتەسەر ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی چەک لەئێرانەوە، حزبوڵڵای لوبنانی پلانێکی نوێی گرتوەتەبەر؛ ئەویش کڕینی کەرەستەو ئامێری مەدەنی‌و بازرگانییە لەبازاڕەکانی جیهان‌و کۆکردنەوەو بەستنەوەیانە لەناوخاکی لوبناندا، تاوەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرو چاودێرییان لێ دروستبکات.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانی بۆ ماڵپەڕی (ئیرەم نیوز)، ئەم شێوازە نوێیە تێچوەکەی زۆر کەمترەو ئامانج لێی پڕکردنەوەی بەشێک لەو زیانانەیە کە لەشەڕەکاندا بەر جبەخانەی درۆنەکانی حزبوڵڵا کەوتون، هەرچەندە هێشتا بۆ درۆنە گەورەو ئاڵۆزەکانی وەک (مهاجر، ئەبابیل‌و شاهد) پشت بەئێران دەبەستێت.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاشکرایکردوە، حزبوڵڵا لەبری ئەوەی چاوەڕێی گەیشتنی چەکی ئامادەکراوبێت لەئێرانەوە (کە ئێستا ڕێگه‌کانی زۆر لەژێر چاودێریی‌و بۆردوماندان)، ڕویکردوەتە کڕینی چەندین پێداویستیی بازرگانی کە بۆ هەردوو مەبەستی مەدەنی و سەربازیی بەکاردێن، بۆ نمونه‌ بزوێنەری کارەبایی (ماتۆڕی بچوک)‌و پارچەی ئەلیکترۆنی له‌گه‌ڵ تەختەی فایبەرگلاس‌و کاربۆن بۆ دروستکردنی لاشەی فڕۆکەکان‌و ئامێری پەیوەندیی‌و کێبڵی تیشکی (فایبەر ئۆپتیک).

بەسودوەرگرتن لەم کەرەستە سادانە، ئەندازیارانی حزبوڵڵا لەناوخۆی لوبناندا درۆنی بچوکی خۆکوژ (جۆری FPV)و درۆنی چوارپەڕە دروستدەکەن، بەتایبەت ئەو جۆرە درۆنانەی کە لەشەڕەکانی ئه‌مساڵدا بەکاریانهێنان‌و لەڕێگەی وایەری تیشکییەوە ئاڕاستە دەکرێن (بۆ ئەوەی سیستەمی تەشویش‌و پەکخستنی بێتەل کاریان تێنەکات).

سه‌رچاوه‌كان وتویانه‌، ئەم کڕینە نائاساییانە سەرنجی دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان‌و ئەوروپایان ڕاکێشاوەو چەندین زانیاریی مەترسیداریان ئاشکراکردوە، تۆمارەکانی گومرگی لوبنان نیشانیدەدەن کە هاوردەکردنی کێبڵی تیشکی (فایبەر ئۆپتیک) لە 83 هەزار تۆنەوە لەساڵی 2023 بۆ 146 هەزار تۆن لەساڵی 2024 بەرزبوەتەوە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت بۆ دروستکردنی بەکرەی ئاڕاستەکردنی درۆنەکان بەکارهاتبێت.

هاوكات بەمدواییانە لەبەندەری تەرابلوس دەستبەسەر کۆنتێنەرێکدا گیراوە کە لەچینەوە هاتبوو؛ لەکاغەزەکاندا وەک کەرەستەی کشتوکاڵی تۆمارکرابوو، بەڵام لەناویدا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەبون کە توانای هەڵگرتنی تەقەمەنییان هەبوە.

پێشتر دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاو ئەوروپا تۆڕێکی بازرگانییان ئاشکراکردبوو کە پارچەیان بۆ حزبوڵڵا دەکڕیی‌و بڕەکەی بەشی دروستکردنی سەدان درۆنی دەکرد؛ هەروەها لەحوزەیرانی ئه‌مساڵیشدا لێکۆڵینەوەی هاوبەشی لوبنانی‌و فەرەنسی لەسەر چەند بارێکی ئامێری کارەبایی دەستیپێکردوە.

عەلی حەمادە توێژەرو شارەزای کاروباری سەربازی پێیوایە، هەرچەندە کڕینی کەرەستەی مەدەنی دەستکراوەییەکی زۆر دەداتە حزبوڵڵا بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی هەرزانبەها، بەڵام ئەمە بەمانای گەڕاندنەوەی تەواوی هێزە سەربازییەکەی نییە.

وه‌كو ئه‌و وتویه‌تى، "ئەم درۆنە ناوخۆییانە ناتوانن جێگەی موشەکە دورمەوداو پێشکەوتوەکان بگرنەوە کە پێویستیان بەپیشەسازیی زۆر ئاڵۆز هەیە، هه‌روه‌ها بەهۆی نەبونی کارگەی ستانداردو سنورداریی شارەزایی تەکنیکی، زۆرجار ئەو درۆنانەی لەناوخۆدا بەکەرەستەی مەدەنی دەبەسترێنەوە، توشی لەکارکەوتنی تەکنیکی دەبن‌و ئامانجەکانیان ناپێکن".