وەزیری نەوت لەحکومەت دوردەخرێتەوە؛ زەیدیی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت بۆ دەستگیرکردنی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ بەکاردەهێنێت

عیراق

58 خولەک پێش ئێستا‌ 2562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە ئاگادارەکان لەبەغدا ئاشکرایدەکەن، باسم عەبادی وەزیری نەوتی عێراق، یەکەم وەزیر دەبێت کە لەگۆڕانکارییە وزارییەکانی داهاتودا لەحکومەتەکەی عەلی زەیدیی دوردەخرێتەوە، ئەوەش لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی هاوپەیمانییەکەی، هاوکات حکومەتی عێراق دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتی کردوەتە دەروازەیەک بۆ چەککردن‌و دەستگیرکردنی سەرکردەی گروپە چەکدارەکان بەبێ پەنابردن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی.


بەگوێرەی ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕۆژنامەی (مەدا) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا پرسی گۆڕینی وەزیری نەوت تەنها گلەیی نییە، بەڵکو کوتلەکەی محەمەد شیاع سودانی (هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان) بەفەرمی خواستی گۆڕینی باسم عەبادیی هەیە، بەهۆی خاویی کارەکانی‌و ڕۆتین لەبەڕێوەبردنی وەزارەتەکەدا کە ئەمەش لەگەڵ خواستی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیراندا یەکدەگرێتەوە.

چاوەڕواندەکرێت، عەبادی لەیەکەم هەموارکردنەوەی حکومەتدا (لەکۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو) لاببرێت‌و نزیکەی 15 كاندید بۆ شوێنگرتنەوەی هەن کە پێدەچێت ئەمجارە کەسایەتییەکی سیاسیی هەڵبژێردرێت نەک تەکنۆکرات.

هاوکات پەرلەمانی عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی وەزیر سەبارەت بەئاشکرابونی زیاتر لەچوار هەزار حاڵەتی کونکردنی بۆرییەکانی نەوت‌و ئەگەری هەیە لێکۆڵینەوەکان وەزیرانی پێشوتریش بگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڕەزامەندیی سودانی بۆ لادانی وەزیری نەوت، هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەی ئەو توڕەییەی بەهۆی ئاشكرابونى (کێڵگەکەی نەجەف) دروستبوە، دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتاری کوتلەکەی (عەبدولهادی حەسناوی)و براکەی (محەمەد حەسناوی سەرۆکی لیژنەی وزەی نەجەف) دەرچوو.

هەرچەندە خالد مەرسومی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانییەکەی سودانی ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندییان بەو دۆسیەیەوە هەبێت‌و دەڵێت، پەرلەمانتارەکە لەنەجەفەو هەڵنەهاتوە بۆ ئێران، بەڵام تێوەگلانی کەسانی نزیک لەسودانی (لەوانەش محەمەد سەیهود ئامۆزای سودانی لەدۆسیەیەکی دیکەدا) هاوپەیمانییەکەی خستوەتە دۆخێکی هەستیارەوە.

هەستیارترین بەشی ئەم پێشهاتانە ئەوەیە کە عەلی زەیدیی دۆسیەی (کونکردنی بۆرییەکانی نەوت) وەک چەکێک بۆ یەکلاییکردنەوەی قەیرانی گروپە چەکدارەکان بەکاردەهێنێت، به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، پلانی حکومەت لەدوای ئۆپەراسیۆنەکەی (جورف سەخر) بریتییە لەبەئامانجگرتنی سەرکردەکان نەک لیواو چەکدارەکان؛ واتە حکومەت بەناونیشانی بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتیی نەوت‌و گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو سەرکردە چەکدارانە دەردەکات کە تێوەگلاون‌و هەر ئەوانەشن کە ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە، بەمەش بەبێ پێکدادانی سەربازیی کۆتاییان پێدەهێنێت.

هەرچەندە زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، پلانەکە ئامانجی چونەدەرەوەی لیواکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵایە لەجورف سەخر پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کۆتایی ساڵی 2027، بەڵام کەتیبەکان لەڕێگەی دزەپێکردنی زانیارییەوە بانگەشەی ئەوەدەکەن، هێشتا لەناوچەکەدان‌و ئەو هێزانەی چونەتە ناو جورف سەخر هێزی دۆستن نه‌ك دوژمن.

لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا ترسێکی گەورە هەیە لەوەی شکست لەدۆسیەی چەککردنی گروپەکان‌و گەندەڵیدا ببێتە کارەساتێکی هەڵبژاردن بۆیان؛ بەجۆرێک خەمڵاندنە ناوخۆییەکان هۆشداریدەدەن، ئەگەر دۆخەکە بەم خاوییە بەردەوامبێت، ڕەنگە دەنگەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەتشرینی دوەمی 2027 بۆ کەمتر لە10%ى دەنگەکانی پێشویان داببەزێت.

لەئێستادا واشنتۆن چیتر بەبەڵێن ڕازینابێت‌و داوای هەنگاوی کرداری دەکات، هەر ئەمەش وایکردوە، چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر نیگەران بێت لەهەڕەشە بەردەوامەکانی عەلی زەیدیی بۆ دەستلەکارکێشانەوە.

دوای کۆبونەوەکان لەگەڵ ئیسماعیل قائانی (فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران کە سەرپەرشتیی ڕێککەوتنەکەی جورف سەخری کرد)، ئێستا بەڕێوەبردنی دۆسیەی گروپە چەکدارەکان ڕاستەوخۆ خراوەتە ئەستۆی تەنها سێ سەرکردەی شیعە کە بریتین لە(هومام حەمودی، نوری مالیکی‌و هادی عامری) کە دەبێت پێش هەڵبژاردن هاوکێشەکە لەنێوان گوشارەکانی ئەمریکاو توڕەیی شەقامدا یەکلایی بکەنەوە.

بەپەلە