شارپرێس:
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیارێکی تەفسیریی یەکلاکەرەوەو پابەندکەری دەرکرد؛ تێیدا دەستوریبونی سەرجەم ڕێکارەکانی عەلی زەیدیی پەسەندکردو مافی بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکانی لەسنورە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان، سەرپەرشتیکردنی کێڵگە نەوتییەکانو گەڕاندنەوەی سنوری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێش 19ی ئاداری 2003 یەکلاییکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری ژمارە (268/اتحادیه/2026)ی بەزۆرینەی دەنگو ناڕەزایی دوو ئەندام دەرکرد کە حوکمێکی کۆتاییو پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکانو حەوت خاڵی جەوهەریی لەخۆگرتوە.
لهیهكهمیاندا باسى بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لەسنورەکانی هەرێم كراوهو دهڵێت، پاراستنی سنورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەدەسەڵاتە ڕەهاکانی حکومەتی فیدراڵییە؛ بەوپێیەش حکومەتی عێراق مافی هەیە هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان بڵاوەپێبکاتو ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەرجەم سنورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەو سنورانەشەوە کە دەکەونە ناو خاکی ژێر ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە.
لهدوهمیشدا دادگاى باڵاى فیدراڵى ئاماژهى بهسەرپەرشتیو کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم كردوهو جهختدهكاتهوه، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافیان هەیە سەرپەرشتی، چاودێرییو کۆنترۆڵی کارەکانی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق بکەن (بەدەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە) بهگوێرهى یاسای دەستەی دەروازە سنورییەکان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مادەی (114/یەکەم) تایبەت بەبەڕێوەبردنی گومرگ بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم.
لهسێیهمیشدا دادگاى باڵاى فیدراڵى باسى بەئەلیکترۆنیکردنو بەستنەوەی دەروازەکانى بەبەغداوە كردوهو ڕایدهگهیهنێت، "دروستکردنی سیستمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنورییەکانو گومرگەکانو بەستنەوەیان بەوەزارەتو دەستە فیدراڵییەکانەوە لەسەرتاسەری عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، لەدەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە".
ههروهك دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق بەسەر کێڵگەو گرێبەستەکانی هەرێمدا لهخاڵى چوارهمدایهو دهڵێت، "وەزارەتی نەوتی فیدراڵو دەزگا چاودێرییەکانی عێراق مافیان هەیە سەرپەرشتی، چاودێرییو وردبینی لە سەرجەم کێڵگە، پرۆسەو گرێبەستەکانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕکردنو هەناردەکردنی نەوتو غازدا بکەن لەهەرێمی کوردستان، بەپشتبەستن بەبڕیارەکانی پێشوی دادگای فیدراڵی لەساڵی 2022".
پێنجهم خاڵیش كه دادگاكه یهكلایكردوهتهوه، گەڕاندنەوەی داهاتە نانەوتییەکانه بۆ خەزێنەی گشتیی عێراق، لهوڕوهشهوه نوسیویهتى، "دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافیان هەیە پێناسی گومرگیی یەکگرتوو دیاریبکەنو سەرپەرشتیو وردبینی لەسەرجەم داهاتە گشتییەکانی باج، ڕسوماتو داهاتە نانەوتییەکاندا بکەن لەتەواوی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوەو بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت".
دادگاى باڵاى فیدراڵى بابهتێكى ههستیارى یهكلاكردوهتهوه كه ئهویش سنوردارکردنی جوگرافیای دەسەڵاتی هەرێمه بۆ پێش 19ی ئاداری 2003و وهكو خاڵى شهشهم دهڵێت، "مەودای جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان تەنها ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لەڕۆژى 19ی ئاداری 2003 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبران (لەپارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دیالەو نەینەوا)؛ بەهیچ شێوەیەک نابێت دەسەڵاتی هەرێم درێژببێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو سنورە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مادەی 140ی دەستور".
كۆتا خاڵو بڕیارى دادگا گەڕاندنەوەی ناوچەکانی دەرەوەی سنوری 2003یه بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا، لهوبارهیهشهوه جهختیكردوهتهوه لهسهر، "بەڕێوەبردنو مومارەسەکردنی سەرجەم دەسەڵاتە دەستوریی، کارگێڕییو جێبەجێکارییەکان لەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی سنوری دیاریکراوی هەرێم (سنوری 19ی ئاداری 2003)، تەنها هی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەو بەڕێوەبردنی کردەیی ئەو ناوچانە لەلایەن هەرێمەوە لەساڵانی ڕابردودا هیچ مافو دەسەڵاتێکی دەستوریی بۆ دروستناکات".
