ئافەرین، عەلی زەیدی!

21 خولەک پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم ئایا عەلی زەیدی، سەرۆک‌وەزیرانی عێراق، بە پشتبەستن بە کام ماددەیەکی دەستووری، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە ئەو پەیامەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوە با بۆ کاتی خۆی بمێنێتەوە.

لێرەدا تەنیا لەسەر کاردانەوەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئەو پەیامە ڕادەوەستم، لە پەیامی دوو هێزی سەرەکی دەسەڵاتەوە (پارت، یەکێتی)، هەروەها کاردانەوەی هێزە سیاسییەکانی دیکە، تا دەگاتە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان.

عەلی زەیدی بەو پەیامەی، پارتی و یەکێتی ناچار کرد یەک ڕاگەیەندراوی هاوبەش دەربکەن. بەیەکەوە درەنگانی شەو بچن عەلی زەیدی ببینن، کارێکی باشیان کرد، ئەوە سیاسەتە درووستەکەیە، بەڵام مافی خۆمانە لێردا بپرسین بۆچی لە ماوەی 21 ساڵی دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا هەمیشە بەو سیاسەتە کارتان نەکردووە؟

بەڕێزینە.... ئەگەر پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەوەندە بەلاتانەوە گرنگە، بۆچی ساڵانێکە گوێ بە هۆشداریەکان نادەن؟ لە پلاسخارتەوە تا نێردەی دبلۆماسی وڵاتان، هێزە سیاسییەکان و خەمخۆرانی ناوخۆ، هاواریان کرد ناکۆکیەکانتان هەرێمی کوردستان لاواز دەکات، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.

دوو ساڵە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە بەهۆی ناکۆکی دوو هێزی دەسەڵات پەرلەمانی کوردستان دەستبەکارنەبووە، کە لایەنکیش کاری کردەوە بۆ کاراکردنی، ئەو پەندە عەرەبیەتان جیبەجێکرد کە دەڵێت:" وویستی چاکی بکات کوێری کرد"، هەر ئەوەش بوو هەرێمی کوردستانی برد لێوانی ترازان و دوو کەرت بوون، بۆیە دەڵێین" ئافەرین زەیدی لەلێواری هەڵدێر هەرێمی کوردستانت گەڕاندەوە"

سەبارەت بە کاردانەوەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، دەبوو ئەوە بەبیر ئەو دوو هێزە بهێنەوە کە کە هەرێمی کوردستان تاپۆی ئەو دوو لایەنە نییە، بگرە بەری خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی گەلی کوردستانە، ئێمە بە خرابەی ئێوە ناکەین، ئێوە هەرێمتان لەبەرانبەر نەیاران لاوزکرد، بەڵام ئەوە ئێمەین داکۆکی لێدەکەین.

هەرچی پەیوەندارە بە هەڵوێستی خەڵک، نابێت سیاسەتی ئیدارەدانی فاشیلی دەسەڵات، لە (برسیکردنی خەڵک، نادادی، قۆرغکاری بازاڕ، گرانی) وایان لێبکات بە لەقالبدانی هەرێمی کوردستان دڵخۆش بن، دەسەڵاتدارن خۆیان دەوڵەمەند کردووە، باکیان بە نەمانی هەرێمی کوردستان نییە، بۆیە داکۆکیکردن لە هەرێمی کوردستان بریتی نییە لە داکۆکی لە دەسەڵات، دەسەڵات دەڕواو نامێنێت، بەلام هەرێم دەبێت بمێنێت.

دیسان دەڵێین: ئافەرین، عەلی زەیدی!
بەڵام ئەو ئافەرینە تەنیا بۆ ئەوە نییە کە پارتی و یەکێتی بە پەیامەکەت لە یەکتری نزیک بوونەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پەیامەکەت جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە ئەو دوو هێزە، کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لە مەترسیدا بێت، دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا لەسەر هەڵوێستێکی هاوبەش کۆببنەوە.

هێشتان لای ئەوان بەرژەوەندی گشتی نەبۆتە خاڵی کۆکەرەوەی هەمووان، بگرەهێشتا ئەوان لە ڕوانگەی پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیان هەنگاو دەنێن!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە