شارپرێس:
فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستور بوونی هەیە و دەبێت بڕیار و رێكارەكانی حكومەتی فیدراڵ لەبارەی دۆسیەكانی نەوت و دەروازە سنورییەكان، بە پشتبەستن بە دەستور و رێككەوتنە سیاسییەكان، لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن.
فەرهاد ئەتروشی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت "هەرێمی كوردستانی عێراق بەپێی دەستور بوونی هەیە و ئەو بڕیارانەی لە لایەن حكومەتی فیدراڵەوە دەردەچن، هەروەها رێكارە كارگێڕی و هونەرییەكانی پەیوەست بە هەردوو دۆسیەی نەوت و دەروازە سنورییەكان لە هەرێم، پێویستە لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە و بە پشتبەستن بە دەستور و رێككەوتنە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن."
دەشڵێت "هەماهەنگی و هاوكاریی هاوبەش و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامن، پێشكەوتنیش لە رێڕەوی گفتوگۆكان و كاری لیژنە هونەرییەكاندا هەیە".
ئەتروشی ڕاشیگەیاند "گەلی كوردستان مافی دەستوریی هەیە و گفتوگۆ رێگەی گونجاو و مسۆگەرە بۆ چارەسەركردنی كێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم."