شارپرێس:
لەپێشێلکارییەکی نوێی
مافەکانی مرۆڤدا، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای تێپەڕبونی تەنها
15 ڕۆژ بەسەر نەشتەرگەرییەکانیدا، مونا مەلەکی بەندکراوی سیاسیی تەمەن 27 ساڵی خەڵکی
سنەیان پێش چاکبونەوەی تەواو لەنەخۆشخانە دەرکردو بەدۆخێکی تەندروستیی نالەبارەوە
گەڕاندیانەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە
ناوبراو زیاتر لەچوار مانگە لەمافی پارێزەرو بینینی بنەماڵەکەی بێبەشکراوەو پێشتر
لەلایەن سەرۆکی دادگوستەریی سنەوە هەڕەشەی لێکرابوو.
مونا مەلەکی بەندکراوی
سیاسیی تەمەن 27 ساڵی خەڵکی سنە، دوای ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەکانی
کرماشانو سنە، پێش تەواوکردنی قۆناغی چاکبونەوەو لەدۆخێکی تەندروستیی نالەباردا بەفەرمانی
ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گەڕێندرایەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی
مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکان دوای تێپەڕبونی 15 ڕۆژ
بەسەر مانەوەی مونا مەلەکی لەناوەندێكى پزیشكى، ڕێگرییان لەتەواوکردنی چارەسەرە پزیشکییەکانی
کردوە، ناوبراو کە ڕۆژی (8ی تشرینی دوەم) بەهۆی تێکچونی توندی دۆخی تەندروستیو
توشبون بەبەردی زراو گواسترابوەوە بۆ نەخۆشخانە، دوو نەشتەرگەریی لەنەخۆشخانەکانی
کرماشانو نەخۆشخانەی (کەوسەر)ی سنە بۆ ئەنجامدراوەو لەتەواوی ئەو ماوەیەدا لەژێر
چاودێریی توندی هێزە ئەمنییەکاندا بوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان
ئاشکرایانکردوە، محەمەدڕەزا جەباری سەرۆکی گشتیی دادگاى پارێزگای سنە، لەکاتی سەردانکردنی
بەندیخانەداو لەبەر چاوی بەندکراوانی دیکە، بەخستنەڕوی تۆمەتی ئەمنی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆی
لەمونا مەلەکی کردوە.
مونا مەلەکی بەرەبەیانی
ڕۆژی 14ی تەممووزی 2026 لەئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیتڵاعات بۆسەر ماڵی بنەماڵەکەی
لەسنە بەبێ فەرمانی دادوەریی دەستبەسەرکرا؛ لەماوەی زیاتر لەچوار مانگ دەستبەسەربونیشیدا،
لەمافی هەبونی پارێزەرو چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشکراوەو ڕوبەڕوی دۆسیەسازییو
تۆمەتی قورس کراوەتەوە.
