دەرکەوتنی گروپێکی چەکداریی نوێ بەناوی عەسائیبی جیهاد؛ سەرئێشەیەکی نوێ بۆ ناوخۆی عێراق‌و هەڕەشەکردن لەهێزە شیعەکان

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2678 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەرکەوتنی گروپێکی چەکداریی نوێ لەعێراق بەناوی (عەسائیبی جیهاد)و هەڕەشەکردنی لەو هێزو گروپە سیاسییانەی بەشداریی پرۆسەی سیاسییان کردوە، کاردانەوەی فراوانی لێکەوتوەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە چڕەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدیی بۆ کۆکردنەوەی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا، لەکاتێکدا سیاسییەکان کاریگەریی ئەم جیابونەوانە بەکەمدەزانن‌و جەخت لەکۆنترۆڵکردنی قەیرانی جورف سەخر دەکەنەوە، شارەزایانی ئەمنی ئەم دەرکەوتنە تەنها بەنمایشێکی میدیایی بێکاریگەر وەسفدەکەن‌و پرسیاری ئەوەدەکەن، دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، ئەم گروپە دەیەوێت دژی کێ بجەنگێت؟


هەڕەشەکردن لەهێزە شیعەکان‌و نمایشی درۆنی بۆمبڕێژکراو
ئێوارەی ڕۆژی هەینی گروپێکی چەکداریی نوێ بەناوی (عەسائیبی جیهاد) لەچوارچێوەی (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق) لەڕێگەی تۆمارێکی ڤیدیۆییەوە دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند کە تێیدا ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بۆمبڕێژکراویان نمایشکرد.

بەگوێرەی پەیامەکەیان، ئەم گروپە نوێیە هەڕەشەی توند لەو هێزو گروپە شیعانە دەکات کە پێشتر بەشێکبون لەبەرەی مقاوەمەو دواتر دەستبەرداری بون‌و تۆمەتباریان دەکات بەوەی بەدوای دەستکەوتی سیاسیی‌و ماددیدا دەگەڕێن، هاوکات هۆشداریداوە کە ئەو لایەنانە دەبنە ئامانجی هێرشەکانی داهاتویان، لەگەڵ ئەوەشدا، گروپەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ناسنامەی سەرکردەکانی‌و شوێنی بارەگا سەرەکییەکانی ئاشکرانەکردوە.

هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی: عێراق ناگەڕێتەوە دواوە
خالد عەلوان شەلال ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندوه‌، دەرکەوتنی گروپی نوێ شتێکی تازە نییەو لەساڵی 2014وە چەندینجار جیابونەوە لەناو گروپە گەورەکاندا ڕویداوە.

ناوبراو جەختیکردەوە، ئەم بابەتە هیچ کاریگەرییەکی نییەو قەیرانی جورف سەخر بەتەواوی کۆنترۆڵکراوەو هیچ پێکدادانێک لەنێوان سوپا، پۆلیس‌و ئەو گروپانەدا نییە.

شەلال ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەردەوامەو تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو درێژەی دەبێت‌و بەسەرکەوتویی کۆتایی دێت.

ئه‌وه‌شى وت، "دوای چەسپاندنی ئاسایش، چونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان، بەدیهێنانی سەروەریی‌و نەمانی داعش، هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئەو گروپە چەکدارانە نەماوەو عێراق بەپشتیوانیی هێزە سیاسییەکان لەعەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، بەرەو ئاوەدانی دەڕوات‌و ناگەڕێتەوە دواوە".

شارەزایانی ئەمنی: دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، بەرگریی دژی کێ دەکەن؟
لەلایەکی دیکەوە، فازڵ ئەبو ڕەغیف شارەزای کاروباری ئەمنی پێیوایە، نمایشکردنی چەک‌و تەقەمەنی لەلایەن ئەم گروپەوە تەنها هەوڵێکە بۆ سەلماندنی بونی خۆیان دوای ڕوداوەکانی دوو هەفتەی ڕابردوو، بەڵام بەدوریدەزانێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر شەقام هەبێت.

ناوبراو باس له‌وه‌شده‌كات، دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق زۆر بەهێزن‌و ڕێگە بەهیچ گروپێک نادەن ئاسایشی وڵات تێکبدات، چونکە عێراقی ئێستا وەک ساڵانی 2013و 2014 نییە.

هاوکات سەفا ئەعسەم شارەزای ئەمنی، سەرسوڕمانی خۆی لەکاتی دەرکەوتنی ئەم گروپە دەربڕیی‌و پرسیاری ئەوەیکرد، "لەسایەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان، هاوپەیمانان، هێزەکانی ئەمریکاو تورکیا لەعێراق، ئەم گروپە نوێیە دەیەوێت بەرگریی دژی کێ بکات؟ مەگەر دژی گەلی عێراق‌و بەرژەوەندییەکانی عێراق بجەنگێت".