شارپرێس:
ئەمیندارێتیی
بەغدا پاکێجێکی توندی غەرامەکردنی بڕی پێنج ملیۆن دینار خستە بواری جێبەجێکردنەوە،
ئەوەش دژی ئەوکەسانەی ڕێنماییەکانی پاکوخاوێنی پێشێلدەکەنو سیمای شەقامو گۆڕەپانەکان
دەشێوێنن، هاوکات داوا لەهاوڵاتیان دەکات لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە سەرپێچیکاران
ئاشکرابکەن، لەبەرامبەردا، شارەزایانی تەکنەلۆژیا پێشنیازدەکەن بەغدا سود لەئەزمونی
شاری دوبەی وەربگرێتو کامێراکانی چاودێریی بخاتە کار بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان
بەشێوەی ئەلیکترۆنی.
لیستی
غەرامەکان: لە 500 هەزارەوە تا پێنج ملیۆن دینار
عودەی
جەندیل وتەبێژی فەرمیی ئەمیندارێتیی بەغدا ڕایگەیاند، بڕیاری غەرامەکردنەکان (پاڵپشت
بەبڕیاری ژمارە 296ی ساڵی 1990ی هەموارکراو) دوای ئەو پڕۆژە گەورانەی ئاوەدانکردنەوەو
نۆژەنکردنەوەی شەقامو گەڕەکەکانی پایتەخت دێت، بەمەبەستی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەو
بەشداریکردنی هاوڵاتیان لەپاکڕاگرتنی شارەکەیاندا.
بەگوێرەی
ڕونکردنەوەکانی وتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا بڕی غەرامەکان بەمشێوەیە دیاریکراون،
(فڕێدانی پاشماوەو خۆڵوخاشاکی بیناسازیی لەشوێنە نایاساییەکان، غەرامەکەی لەنێوان
دوو ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبێت، شێواندنی سیمای پایتەخت بەهەر شێوەیەک بێت وەک
دەستکاریکردنی شەقامو شۆستەو گۆڕەپانەکان، یان نوسین لەسەر دیوارەکان، غەرامەکەی
یهك ملیۆن دینارە، بەردانەوەی ئاوی قورسو ئاوەڕۆ ڕاستەوخۆ بۆسەر شەقامەکان غەرامەکەی
دەگاتە یهك ملیۆن دینار، شۆردنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی ناو بەغدا غەرامەکەی
500 هەزار دینارە).
هاوڵاتی
دەبێتە چاودێر
ئەمیندارێتیی
بەغدا داوای لەهاوڵاتیان کردوە ببنە چاودێرو لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی بێبەرامبەری
(بغداد صوت المواطن کە بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆیدو ئای ئۆ ئێس) بەردەستە، وێنەی ئەو
ئۆتۆمبێلانە بگرن کە سەرپێچی دەکەن بەمەرجێک ژمارەی تابلۆکەیان ڕون بێت.
جەندیل
جەختیکردەوە، تیمەکانیان ڕۆژانە بەدواداچون بۆ سکاڵاکان دەکەنو ڕێکاری توند دەگرنەبەر
کە دەگاتە ئاستی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەو سەپاندنی غەرامە بەسەر خاوەنەکەیدا.
سودوەرگرتن
لەئەزمونی دوبەی
زیاتر
لەساڵێک پێش ئەم هەنگاوەی بەغداو لە12ى ئابی 2025دا، شارەوانیی دوبەی ئەپڵیکەیشنی
(التزام)ی خستەکار، کە دەسەڵاتی دادوەریی دەداتە چاودێرانی شارەوانی بۆ ئەوەی دەستبەجێ
سەرپێچییەکانی پاکوخاوێنی بەوێنەو دیاریکردنی شوێنی جوگرافی تۆماربکەن.
لەم
سۆنگەیەوە، مستەفا کامل شەریف شارەزای تەکنەلۆژیاو ڕاوێژکاری ئاسایشی زانیاریی، پێشنیازدەکات
ئەمیندارێتیی بەغدا هەمان ئەزمونی دوبەی بگوێزێتەوەو ئەپڵیکەیشنێکی مەیدانی بۆ
چاودێرەکانی دروستبکات بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی وەک (فڕێدانی خۆڵ، ڕژاندنی ئاوی
قورس بۆ ناو ڕوبارەکان، سوتاندنی زبڵو بڕینەوەی دارەکان).
چۆنیەتیی
بەکارهێنانی کامێراکانو کێشە یاساییەکان
ئەو
شارەزا تەکنەلۆژییە پێیوایە، دەکرێت سود لەکامێراکانی ئێستای چاودێریی بەغدا وەربگیرێت
بۆ ناسینەوەی تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پاشماوە فڕێدەدەنو دواتر لەڕێگەی تۆمارەکانی
هاتوچۆوە خاوەنەکانیان بدۆزرێنەوە، بەڵام سەبارەت بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (ناسینەوەی
ڕوخسار ـ Face Recognition) بۆ سزادانی پیادەڕەوە سەرپێچیکارەکان، شەریف هۆشداریدەدات، ئەوکارە پێویستی
بەیاسایەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق هەیە تاوەکو ڕێگە بدرێت زانیارییەکانی (کارتی
نیشتمانی) بەکاربهێنرێنو سنورێک بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی هاوڵاتیان دابنرێت.
بۆیە
پێشنیازدەکات سەرەتا پڕۆژەکە بەبێ تەکنەلۆژیای ناسینەوەی ڕوخسارو تەنها لەو ناوچانەدا
تاقیبکرێتەوە کە زۆرترین سەرپێچییان تێدا دەکرێت، وەک دەوروبەری بازاڕو گۆڕەپانەکان.
لەکۆتاییدا،
ئەگەرچی بەغدا بەتوندکردنەوەی غەرامەکان هەنگاوی یەکەمی ناوە، بەڵام سەرکەوتنی ئەم
هەڵمەتە بەندە بەبەستنەوەی سەرپێچییەکان بەبەڵگەی دروستو جێبەجێکردنی بێ جیاوازیی
سزاکان لەسەر ئەرزی واقیع.
