پەیامێکی بەپەلە لەفەرەنساوە بۆ پارتی‌و یەکێتیی: با هەولێر ناوەندی چارەسەربێت، نەک بەغداو ئەنكەرەو تاران

کوردستان

15 خولەک پێش ئێستا‌ 2046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆڕی کوردانی دانیشتوی فەرەنسا لەڕاگەیەندراوێکی بەپەلەو هۆشداریدەردا ڕوو لەلایەنە سیاسییەکان‌و کۆمەڵگەی مەدەنیی باشوری کوردستان داوادەکات، "سەروەریی نەتەوەیی لەسەروی بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە دابنرێت"، هاوکات هۆشداریدەدات، "قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتیی، دڵەڕاوکێیەکی گەورەی سەبارەت بەپارچەپارچەبونی هەرێمی کوردستان دروستکردوە".


لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "ئەزمونی هەرێم وەرچەرخانێکی مێژویی‌و دەستکەوتێکی گەورەیە کە وەک نوێنەری سیاسیی کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لەمانگەکانی ڕابردودا ململانێکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەرلەمانیان کردوەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی مەترسیدار کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر داهاتوی هەرێم".

کۆڕی کوردانی فەرەنسا تیشکیخستوەتەسەر دۆخی هەستیاری ناوچەکەو جەختیکردوەتەوە، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی جدیدایە؛ بەجۆرێک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەڵدێری ڕوخاندایە، سوریا بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع هێشتا سەقامگیر نەبوەو تورکیاش نیگەرانی لاوازبونی پێگەی خۆیەتی، هەموو ئەم وڵاتانەش هەوڵدەدەن کورد بێهیوا بکەن تا مۆدێلی هەرێمی کوردستان لەبەشەکانی دیکە دوبارەنەبێتەوە".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆڕی کوردانی فەرەنسا سێ داواکاریی سەرەکیی ئاراستەی پارتی، یەکێتیی‌و لایەنەکان کردوە، یه‌كه‌میان ده‌ڵێت، "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان لەسەروی بەرژەوەندییە تەسکەکانی هەر حزب‌و گروپێکەوە دابنرێت".

داواكاریى دوه‌میش ده‌ڵێت، "با هەولێر ڕۆڵی ناوەند بگێڕێت نەک بەغدا، ئەنكەرە یان تاران؛ کێشەکان لەناوخۆی کوردستان‌و بەدیالۆگ‌و ڕێکاری دیموکراسی چارەسەربکرێن، سێه‌میش، کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕوناکبیران‌و میدیاکان کەشێکی ژیرانە بۆ گفتوگۆی ڕەخنەگرانە بڕەخسێنن‌و ڕێگریی بکەن لەوەی متمانە‌و هیوای سیاسیی لەناو خەڵکدا دابڕمێت".