شارپرێس ناوەڕۆکی پەیامە توندەکەی زەیدی بۆ بارزانی ئاشکرادەکات؛ هەڕەشەی گەڕاندنەوەی هەرێم بۆ پێش ساڵى 2003و دورخستنەوەی وەزیرە کوردەکان دەکات

کوردستان

22 خولەک پێش ئێستا‌ 4869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی تایبەت لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وردەکاریی پەیامێکی زۆر توندو یەکلاکەرەوەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌ڕێگه‌ى شارپرێس-ه‌وه‌ ئاشکرادكات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "په‌یامه‌كه‌ لەڕێگەی فالح فەیازەوە ئاراستەی مەسعود بارزانی کراوەو تێیدا مەرجی قورس بۆ ناردنی پشکی هەرێم لەبودجەی 2027 دانراوه‌و هەڕەشەی دورخستنەوەی وەزیرە کوردەکان‌و کۆنترۆڵکردنی سنورەکانیش دەکات".


بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە تایبەتەکەی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق بۆ شارپرێس، لەکۆبونەوەیەکی تایبەتدا عەلی زەیدیی بەئامادەبونی چەند بەرپرسێک، بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، پارەیان لەسەر دەبڕێت‌و وەزیرە کوردەکانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم.

سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، پەیامەکە لەڕێگەی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە گەیەندراوەتە دەست سەرکردایەتیی هەرێم‌و چه‌ند خاڵێكى زۆر هه‌ستیارو پڕ له‌هۆشداریى له‌خۆى ده‌گرێت.

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى شارپرێس، زه‌یدیى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، بەغدا هیچ بڕە پارەیەک لەبودجەی ساڵی 2027 نانێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، تائه‌وكاته‌ى هەرێمى كوردستان تەواوی داهاتی نەوتی هەناردەکراوو ئەو نەوتەشی کە پێشتر بەقاچاخ براوە، ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵى نه‌كات؛ بەپێچەوانەوە "تاکە دینارێک" ناگاتە هەرێم.

ئه‌وه‌شى وت، "زه‌یدیى له‌و كۆبونه‌وه‌ تایبه‌ته‌دا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شیكردوه‌، لەئەگەری ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی بەغدا، هەرێمی کوردستان دەگەڕێنرێتەوە بۆ سنوری پێش ساڵی 2003 ، هەروەها سەرجەم وەزیرە کوردەکان لەکابینەی حکومەتی عێراق بەوەزیری دەرەوەو وەزیری ئاوەدانکردنەوەشەوە دوردەخرێنەوەو تەنها یەک وەزیری دەوڵەت بۆ هەماهەنگیی نێوان هەرێم‌و بەغدا دەهێڵرێتەوە".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى زانیاریه‌كانى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس-دا باسى له‌وه‌شكرد، "دوای تەواوبونی ڕێکارە ئەمنییەکانی ناوچەی (جورف سەخر)، قۆناغی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدراڵی دەستپێدەکات‌و هەمان ڕێکار لەکەرکوک‌و هەرێمی کوردستان دەگیرێتەبەر، هێزە فیدراڵییەکان سەرجەم دەروازەو سنورە دەرەکییەکان (بەسنورەکانی باکوری هەرێمیشەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ) کۆنترۆڵدەکەن، کە ئەم هەنگاوەش پێشوازیی هەریەکە لەتورکیا، ئێران‌و سوریای لێدەکرێت".

هه‌ر له‌و زانیاریانه‌ى به‌شارپرێس دران جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌، "سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردوەتەوە کە تەواوی داهاتی نەوتی قاچاخ ئاشکرایەو ڕاپۆرتی نێودەوڵەتییان لەسەر گەیشتوەتە بەغدا، هاوکات عەلی زەیدیی ئامرازی پێشکەوتوی چاودێریی بەدەستەوەیەو مانگی دەستکردی (سەتەلایت) بەکرێگرتوە بۆ ڕوپێوکردن‌و چاودێریکردنی مەیدانیی تەواوی جوگرافیای عێراق، بەجۆرێک هەر جوڵەیەکی قاچاخچێتیی نەوت یان هەر کاڵایەکی دیکە ڕاستەوخۆ ئاشکرادەبێت".

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شارپرێس ڕونیشیکردەوە، "لایەنی ئەمریکی داوای لەبەغدا کردوە هێرشنەکاتەسەر هەرێمی کوردستان‌و گەمارۆی نەدات، بەڵکو پەنا بۆ گفتوگۆ ببات، بەڵام عەلی زەیدیی سورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو بستێکی خاکی عێراقداو مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەمەش بەپشتبەستن بەدەستور، یاساو پشتیوانیی هێزە سیاسییەکانی عێراق".

لەتەوەرێکی دیکەی زانیارییەکاندا سەبارەت بەگروپە چەکدارەکان‌و بەتایبەت کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، پێدەچێت ئەمریکییەکان وەک پێویست پشتیوانیی جوڵەکانی حکومەت نەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی کەتیبەکان، کە ئەمەش وەک جۆرێک لەهاوکاریی شاراوە دەبینرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، کەتیبەکانی حزبوڵڵا لەئاستی داواکارییەکانیان هاتونەتە خوارەوە؛ بەجۆرێک (ئەبو کەمامە ـ ئەبو حسێن حەمیداوی) بڕی ئەو پارەیەی کە وەک مەرج بۆ تێکەڵبونەوە بەدەوڵەت‌و ڕادەستکردنی چەک داوایدەکرد، لەیەک ملیار دۆلارەوە دابەزاندوە بۆ 200 ملیۆن دۆلار، کە ئەم پەیامەش لەڕێگەی جەعفەر حسێنی-یەوە گەیەندراوەو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیش شایەتحاڵی ئەو ڕێککەوتنە بوە.

بەپەلە