هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەڵمەتی دەستگیركردنی ناڕازییانی ئاودانانیان دەستپێكرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 222 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵمەتی دەستگیردنی هاووڵاتیانی ناڕازی شارۆچكەی ئاودانانیان دەستپێكردووە و تا ئێستا ژمارەی هاووڵاتییە كوردە دەستبەسەركراوەكان بۆ هەشت كەس بەرز بووەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەكاردانەوەی ئاڵۆزییەكانی شارۆچكەی ئاودانان كە بەهۆی گیانلەدەستدانی ١٣ كرێكاری پیشەسازیی نەوت و گازی دێلوڕان لەڕووداوێكدا سەریهەڵداوە، هێزە ئەمنییەكان لانیكەم هەشت كەسیان دەستگیركردووە.

  ڕۆژی  ١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی شارۆچكەی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە كەمتەرخەمیی بەرپرسان لە دۆخی سەلامەتیی ڕێگاوبانەكان و گیانلەدەستدانی كارمەندانی پیشەسازیی نەوت و گازی دێلوڕان گردبوونەوەیان ئەنجام دا و دروشمیان دژی حكوومەت وتەوە. ئەم گردبوونەوە ئاشتییانەیە بە دەستێوەردانی هێزەكانی یەكەی تایبەت و تەقاندنی گازی فرمێسكڕێژ بەرەو توندوتیژی برا.

  سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت، لە ڕەوتی سەركوتكردنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا لانیكەم هەشت هاووڵاتیی كوردی خەڵكی ئاودانان بە ناوەكانی پەیمان كەریم‌زادە، ئارمین سولەیمانی، ئەسغەر ئەكبەری، بێهنام مورادی، سینا دەروێشی منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئیرەج حەیدەری و موحسین باویر لەلایەن هێزە حكوومییەكانەوە دەستبەسەر كراون.