شارپرێس:
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند،
هەردوو وەزارەتی داراییو پلاندانان ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027یان
تەواوکردوە کە بۆ یەکەمجار ڕێژەی داهاتی نانەوتی تێیدا گەیشتوەتە 19٪؛ هاوکات
ئاشکرایکرد، ناکۆکی لەسەر ڕادەستکردنی 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بەربەستی
سەرەکییە لەبەردەم یەکلاکردنەوەی پڕۆژەیاساکەدا.
عەبودی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی
عێراقی (واع)، وردەکارییەکانی ناو ڕەشنوسی بودجەی 2027و ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو
هەولێری خستەڕوو وتى، "وەزارەتەکانی داراییو پلاندانان بهگوێرهى یاسای بەڕێوەبردنی دارایی
ڕەشنوسی بودجەی 2027یان تەواوکردوە، تێیدا داهات، خەرجی، کورتهێنانی پێشبینیکراوو
بودجەی بەرنامەو ئەدا دیاریکراون".
عەبودی وتیشى، "بودجەکە چەندین سەرچاوەی
پارەدارکردنی نوێی تێدایە، لەنێویاندا ڕێگای گەشەپێدانو سندوقی نەوەکان کە یارمەتیدەر
دەبن بۆ قەرەبوکردنەوەی هەر شڵەژانێکی چاوەڕواننەکراو لەبازاڕی نەوتدا".
بەوتەی عەبودی، بودجەی داهاتوو بۆ یەکەمجار
بەرزبونەوەی ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ لانیکەم 19٪ بەخۆیەوە دەبینێت کە بەرزترین
ڕێژەیە لەمێژوی عێراقدا (دوای ئەوەی پێش ساڵی 2026 لە 11٪ تێپەڕی نەدەکرد)؛ ئەمەش
لە ئەنجامی وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنورییەکانو
کۆکردنەوەی باج بەدەستهاتوە.
عەبودی ڕونیکردەوە، دواکەوتنی پەسەندکردنی
بودجە پەیوەستە بەگفتوگۆ سیاسییەکانەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بەپشکی هەرێمی
کوردستانەوە هەیە.
ئاشکرایکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێم سەبارەت
بەڕادەستکردنی داهاتی نەوت بەردەوامن؛ لەڕەشنوسی بودجەکەدا بڕی لانیکەم 445 هەزار
بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ هەرێم دیاریکراوە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دەڵێت،
"بەرهەمەکەی لەو بڕە کەمترە".
وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، "حکومەتی
عێراق ئاماژەو ڕاپۆرتی تایبەتی هەیە سەبارەت بەبەرهەمهێنانی نەوت بەئاستێکی بەرزتر
لەوەی هەرێم باسیدەکات، بەڵام گفتوگۆو لێکتێگەیشتنەکان هێشتا بەردەوامن".
عەبودی جەختیکردەوە، نەوتو غاز بهگوێرهى
دەستور موڵکی هەموو عێراقییەکاننو دەبێت داهاتەکانیان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتییو
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم گفتوگۆیە "گرێکوێرە سەرەکییەکەیە" کە ڕێگرە لەگەیشتن
بەڕێککەوتنی کۆتایی.
