ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی لێدوانەکانی ترەمپ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌؛ ئێران هێشتا 2500 موشەکی لەجبەخانەکەیدا ماوەو کۆگاکانی نۆژەنکردوەتەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 208 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا پەردەیان لەسەر ڕاستییەکی مەترسیدار هەڵدایەوە کە پێچەوانەی بانگەشەکانی پێشوی کۆشکی سپییە؛ به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، تاران هێشتا لەنێوان 1500 بۆ 2500 موشەکی لەجبەخانەکەیدا ماوە، ئەمەش توانایەکی گەورە دەداتە ئێران بۆ هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا، ئەگەربێت‌و جەنگ دەستپێبکاتەوە.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی بەرپرسانی ئەمریکی بەڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)یان داوە، سەرەڕای ئەوەی دیاریکردنی ژمارەی وردی موشەکە ئامادەکراوەکان قورسەو ڕاپۆرتەکەش ئاستێکی نزمی لەدڵنیایی تێدایە، بەڵام هیچ گومانێک لەوەدانییە کە ئێران هێشتا جبەخانەیەکی زەبەلاحی هەیە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، سەرەڕای ئەو گورزانەی ئەمریکاو ئیسرائیل لەدامەزراوە موشەکییەکانی ئێرانیان داوە، تاران بەسودوەرگرتن لەپێکهاتەو کەرەستە عەمبارکراوەکانی پێشوی، بەردەوامە لەنۆژەنکردنەوەی کۆگاکانی (هەرچەندە بەخێراییەکی کەمتر لەپێش جەنگ)‌و جگە لەو 2500 موشەکە، ئێران هێشتا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و موشەکی کورتمەودای لەبەردەستدایە.

ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، ئەم داتایانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو بەرپرسانی ئیدارەکەیدا یەکناگرنەوە کە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان كردبوو، توانای سەربازیی ئێران بەتەواوی وێرانکراوە، لەئێستاشدا ئەم زانیارییە نوێیانە لەگفتوگۆ نهێنییەکانی واشنتۆندا سەبارەت بەئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە هاوبەشەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بەهەند وەرگیراون‌و حسابی وردیان بۆ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران زیاتر لە 1500 موشەکی بالیستیکی تەنها بۆ ئامانجە دورەکان لەبەردەستدایە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سیمۆن لێدین جێگری یاریدەدەری پێشوی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر ئێران ئێستا 1500 موشەکی هەبێت، واتە توانیویەتی زیاتر لەنیوەی کۆگای پێش جەنگی نۆژەنبکاتەوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە تاران لەنێوان جەنگە 12 ڕۆژییەکەی حوزەیرانی 2025و دەستپێکردنەوەی ململانێکانی شوباتی 2026دا، توانیبوی تەواوی جبەخانەکەی وەک خۆی لێبکاتەوە.