ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا

none

شارپرێس:
شێانگ بۆ، باڵیۆزی چین لە عێراق، ڕایگەیاندووە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2026دا بەهۆی زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتۆتە 19.8 ملیار دۆلار.

 باڵیۆزی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ئاشکرایکردووە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین لە ساڵی 2025دا گەیشتۆتە 51 ملیار دۆلار، بەڵام لە ماوەی ساڵێکدا بەهۆی ناکۆکییە ناوچەییەکانەوە بەرەو 19.8 ملیار دۆلار دابەزیوە.

بەپێی پێشبینیی باڵیۆزەکە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات تا کۆتایی ساڵی 2026 و سەرەتای ساڵی داهاتوو چاوەڕێ دەکرێت بەرز ببێتەوە و بگاتە 26 ملیار دۆلار.

لە لایەکی دیکەوە، ئاماژەی بەوەدا کە عێراق و چین لە ساڵی 2019دا ڕێککەوتنی چوارچێوەیان واژۆکردووە، کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە پڕۆژەی فڕۆکەخانەی ناسریە و دروستکردنی 1000 قوتابخانە جێبەجێکراون.

شێانگ بۆ جەختی لەوەکردەوە کە چین خوازیاری بەهێزکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراقە. هەروەک ڕاوێژکاری بازرگانیی باڵیۆزخانەی چینیش ئاشکرایکرد کە کۆمپانیا چینییەکان پلان بۆ گۆڕینی پاشماوەکان بۆ وزەی کارەباییان هەیە و دەیانەوێت پڕۆژە نوێکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 2019دا جێبەجێ بکەن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی