لە شکستی پرۆژەی دابەشکاری تا بەئامانجگرتنی مەسرور بارزانی

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسۆ حاجی


لە سیاسەتدا، کاتێک پرۆژەیەک شکست دەهێنێت، دوو ڕێگا لەبەردەم ئەو لایەنەدا دەبێت: یان داننان بە شکست و پێداچوونەوە بە هەڵەکانی، یان پەنابردن بۆ ئاژاوە و هێرش و گۆڕینی شکستە سیاسییەکان بۆ شەڕی کەسایەتی. وادیارە بافڵ تاڵەبانی و تیمەکەی ڕێگای دووەمیان هەڵبژاردووە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە گوتاری سیاسی و میدیایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەبینرێت، بەرامبەر مەسرور بارزانی، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت لە چوارچێوەی ڕەخنەی ئاسایی لە کارکردی حکومەتدا بخوێندرێتەوە. ئەمە گۆڕینی مەیدانی ململانێیە؛ لە مەیدانی پرۆژە و سیاسەتەوە بۆ مەیدانی هێرشە کەسییەکان، بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستەی سەرنجی گشتی و پەردەپۆشکردنی ئەو گرەوانەی بە ئەنجام نەگەیشتوون.

بافڵ تاڵەبانی و تیمەکەی، دوای ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی دەسەڵات و دروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسیی جیاواز لە سلێمانی بە ئەنجامی پێویست نەگەیشت، ئێستا وادیارە هێڵی ململانێکەیان بەرەو بەئامانجگرتنی مەسرور بارزانی گۆڕیوە. ئەوەی نەیان توانی لە مەیدانی سیاسەتدا بەدەستی بهێنن، دەیانەوێت لە مەیدانی میدیا و هێرشە کەسییەکاندا جێبەجێی بکەن.
بەڵام پرسیارەکە ڕوونە: ئەگەر پرۆژەی دابەشکاری شکست هێنا، بە هێرشکردنە سەر مەسرور بارزانی چی دەگۆڕێت؟

مەسرور بارزانی بووەتە ئامانجی ئەو هێرشە، چونکە لە ڕووی سیاسییەوە بەرامبەر ئەو ئاراستەیە وەستاوە کە دەیەوێت قەوارەی هەرێم لاواز بکات و دەستکەوتە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بخاتە مەترسییەوە. ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە حکومەت لە هەڵە و کەموکوڕی بەدوورە، یان ڕەخنە لە کارکردی مەسرور بارزانی نابێت؛ بەڵکو جیاوازییەکە لەوەدایە کە ڕەخنەی بەرپرسانە دەبێت لەسەر سیاسەت، کارکرد و بەرپرسیارێتی بێت، نە لەسەر شەڕی کەسی و گۆڕینی ناکۆکییە حزبییەکان بۆ هێرشێکی میدیایی.

ئەگەر بافڵ تاڵەبانی و تیمەکەی دەیانەوێت لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵێکی نیشتمانی بگێڕن، دەبێت لە گرەوە دابەشکاری و هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێم پاشگەز ببنەوە. ئەگەر نا، ئەوا هێرشەکانیان بۆ سەر مەسرور بارزانی و گوتاری میدیایییان، نیشانەی هێز و بردنەوە نیە، بەڵکو بەڵگەی پاشەکشە و شکستێکی سیاسییە، کە بە هیچ شتێک پەردەپۆش ناکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی