نوسەرێکی تورکمان بۆ سەرکردەکانیان: بەدروشمی "گورگی بۆر" میللەتەکەتان چەواشەکردو کەرکوکتان دۆڕاند

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

"ئاڵاکەیان بەرزکردەوەو کلیلەکانیان فرۆشت"
نوسەرێکی تورکمان هێرشی توند دەکاتەسەر سەرکردەکانیان: بەدروشمی "گورگی بۆر" میللەتەکەیان چەواشەکردو کەرکوکیان دۆڕاند


ڕاپۆرت: ئومێد نەجم شوانی

لەوتارێکیدا کە لەناو شەقامی تورکمانیدا دەنگدانەوەی لێکەوتووەتەوە، هیجران قازانچی، نووسەر و چاودێری دیاری تورکمان، هێرشێکی زۆر توند دەکاتە سەر سەرکردە سیاسییەکانی نەتەوەکەی خۆی و تۆمەتباریان دەکات بە فرۆشتن و سازشکردن لەسەر مافەکانی تورکمان لە کەرکوک.

هیجران قازانچی نوسەرو چاودێری دیاری تورکمان له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا


خوێندنەوەیەک بۆ هۆکارەکانی پاشەکشەی ڕۆڵی تورکمان لە کەرکوک
لەوتارێکدا کە بە ناونیشانی "ئاڵای کەرکوکیان بەرزکردەوە.. و دەستبەرداری کلیلەکانی بوون" بڵاویکردووەتەوە، ئەو نووسەرە تورکمانە ئاشکرای دەکات کە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگار، کە بڕیار بوو گەورەترین دەستکەوت بێت بۆیان، بەهۆی بەرژەوەندییە کەسییەکان و کاندیدکردنی کەسانی نەشیاوەوە، بووەتە گەورەترین گورز بۆ سەر پێکهاتەکەیان.

دروشمە نەتەوەییەکان لە ململانێی بەرژەوەندییە کەسییەکاندا
قازانچی بە زمانێکی زبر ڕەخنە لە پەردەپۆشکردنی شکستەکان دەگرێت و دەڵێت: "ئەو سەرکردانەی دروشمی ‌کەرکوک تورکمانە‌ و هێمای (گورگی بۆر - بۆزقورت)یان بەرز دەکردەوە، هەموو ئەمانەیان تەنها بۆ قۆستنەوەی هەستی نەتەوەیی و چەواشەکردنی تورکمان بەکارهێنا، تا لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە و بۆ دەستکەوتی شەخسی، مامەڵە بە پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە بکەن."

"کورد و عەرەب شەڕی مانەوە دەکەن، سەرکردەکانی ئێمەش خەریکی سەودا و سازشن!"
لە بەشێکی تری وتارەکەدا کە جێگەی سەرنجە، ئەو نووسەرە بەراوردی مامەڵەی سەرکردەکانی خۆیان لەگەڵ سەرکردە کورد و عەرەبەکان دەکات. ئەو ئاماژە بە سەردەمی پارێزگارەکانی وەک نەجمەدین کەریم و ڕاکان جبوری دەکات و ڕوونیدەکاتەوە، لە کاتێکدا کورد و عەرەب وەک پێگەیەکی ستراتیژیی و مافێکی چارەنووسساز شەڕ لەسەر ئیدارەی کەرکوک دەکەن، "هەندێک لە سەرکردە تورکمانەکان مافی گەلەکەیان کردووەتە کاڵایەک بۆ سەودا و مامەڵە و لە یەکەم دەرفەتدا وازیان لێهێناوە".

کاریگەریی ئەجێندای دەرەکی لەسەر سەربەخۆیی بڕیاری تورکمان "بۆ ڕازیکردنی دەرەوەی سنوور، مافی تورکمانیان هەرزانفرۆش کرد"

هیجران قازانچی: "تورکمان وەک لایەنی لاوازی هاوکێشەی کەرکوک دەردەکەوێت"
لە لایەکی ترەوە، ئەم نووسەرە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندێکی دیکەی مەترسیدار کە بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی تورکمان، ئەویش کاندیدکردن و دانانی کەسانێکی بێتوانا و ناشارەزایە کە سەربەخۆییان لە بڕیارداندا نییە. 

قازانچی ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی تورکمان تەنها دوو کورسیی لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، بەڵام دەکرا لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە پۆستی پارێزگار وەک دەستکەوتێکی ستراتیژی بەکاربهێنێت. بەڵام لەبری ئەوە، بۆ ڕازیکردنی دڵی هەندێک پارت و هێزی سیاسی لە دەرەوەی سنوورەکان و قوربانیدان بە سەربەخۆیی پێکهاتەکە، ئەو دەرفەتە زێڕینە لەدەست درا. ئەمەش وایکردووە لە چاوی پێکهاتەکانی دیکەوە، تورکمان وەک لایەنێک دەربکەوێت کە ئامادەنییە وەک هاوبەشێکی ڕەسەن تا کۆتایی شەڕ لەسەر ماف و شایستەکانی بکات لە کەرکوکدا.

پۆستی وەزاریی جێگرەوە؛ قەرەبووکردنەوەیەکی وەهمی بۆ لەدەستدانی ئیدارەی پارێزگا
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئەم چاودێرە سیاسییە باس لەوە دەکات کە کێشەی بنەڕەتیی تورکمان قووڵترە لە تەنها لەدەستدانی پۆستی پارێزگار، بەڵکو قەیرانێکی گەورەی نەبوونی دیدگای ستراتیژی و لاوازیی توانای دانوستانە. 

قازانچی بە ئاشکرا ڕەخنە لەو بیرکردنەوەیە دەگرێت کە پێی وایە وەرگرتنی "پۆستێکی وەزاریی جێگرەوە" لە بەغدا دەبێتە قەرەبووی لەدەستدانی ئیدارەی کەرکوک. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسەکە ئەوە نییە کێ دەبێتە وەزیر یان پارێزگار، بەڵکو کێ دەتوانێت ئیرادە و مانەوەی تورکمان وەک هاوبەشێکی ڕەسەن و خاوەن بڕیار لە کەرکوکدا بپارێزێت. بە بڕوای ئەو، نەتوانینی سەرکردەکان بۆ گۆڕینی دەرفەتەکان بۆ دەستکەوتی بەردەوام، وایکردووە تەواوی پێگەی سیاسیی نەتەوەکەیان بکەوێتە مەترسییەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەم نووسەرە تورکمانە پەیامێکی توند ئاراستەی سەرکردەکانیان دەکات و دەڵێت: "ئەوەی ئاڵای کەرکوک لەبەردەم جەماوەردا بەرز دەکاتەوە، دەبێت ئامادەبێت لە ژوورە داخراوەکانیشدا بەرگریی لێ بکات، چونکە نەتەوایەتی بە دروشم ناپێورێت، بەڵکو بە پاراستنی پێگە و هەژموونی سیاسی دەپێورێت."

هیجران قازانچی سیاسەتمەدارێکی دیاری پێکهاتەی تورکمانە کە چەندین ساڵ نوێنەری بەرەی تورکمانی بوە لەتورکیا.