حکومەت دەڵێت: دەچینە جورف سەخرو حزبوڵڵاش دەڵێت: ناڕۆین

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کەمێک پێش ئێستا حزبوڵڵای عێراقی ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئیسماعیل قائانی کۆبونەوەیەکی بەرهەمداریان هەبووە، بەڵام وتەبێژی حزبوڵڵا دەڵێ: ناوچەکە چۆڵ ناکەین، هۆزە عەشائیرەکان دەڵێن بمێننەوە.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی عەلی زەیدی بڕیار دراوە بە پێکهێنانی "بارەگای سەرپەرشتیاری هێزەکان" لە ناحیەی جورف سەخر و لە کاتژمێر شەشی بەیانیی سبەینێ هەینییەوە دەست بە کارەکانی دەکات.

بەپێی فەرمانەکە، فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم حەمید وەک فەرماندەی بارەگاکە دەستنیشان کراوە و هەریەکە لە لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نسەیف وەک جێگر بۆ کاروباری بەرگری و عودەی عەبدولئەئیمە مەسحەب وەک جێگر بۆ کاروباری حەشدی شەعبی دیاری کراون.

لەبەرامبەردا حزبوڵڵای عێراقیی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ: لەگەڵ ئیسماعیل قائانی لەبارەی جورف سەخر کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان ئەنجامداوە، بێ ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە.

بەڵام ئەبو تاڵب سەعیدی، وتەبێژی حزبوڵڵا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆیشتنیان لە جورف سەخر بە دەست خۆیان نیە، هۆزەکان داوای مانەوەیان لێدەکەن، هاوکات وتیشی: بڕیاری کشانەوەمان لە جورف سەخر نە بە دەست ئێمەیە نە حکومەتی عێراق.