نهێنیی دواخستنی سەردانەکەی زەیدیی‌و دۆسیەی بۆریی نەوتی تەرابلوس‌و پارە دزراوەکان

عیراق

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواخستنی کتوپڕی سەردانەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەیروت، مشتومڕێکی فراوانی لەناوەندە سیاسییەکاندا دروستکردوە؛ لەکاتێکدا زەیدیی دەیەوێت لەڕێگەی زیندوکردنەوەی بۆریی نەوتی (کەرکوک – تەرابلوس)و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق لەبانکەکانی لوبنان پەیوەندییە ئابورییەکان ببووژێنێتەوە، هاوکات دۆسیەی ئەمنی‌و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەژمونی گرووپە چەکدارەکان لەهەردوو وڵاتدا ئەم سەردانەی خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی هەستیارەوە.


ڕاگەیاندن‌و پاشگەزبونەوەی کتوپڕ
محەمەد ڕەزا حوسێنی باڵیۆزی عێراق لەلوبنان ڕایگەیاندبوو، عەلی زەیدیی ڕۆژى چوارشەممە (واته‌ دوێنێ) سەردانی بەیروت دەکات، بەڵام دواتر باڵیۆزەکە گەڕایەوەو بڕیاری دواخستنی سەردانەکەی بۆ کاتێکی نادیار ڕاگەیاند بەبێئەوەی هیچ هۆکارێک ئاشکرابکات.

ئەم سەردانە تەواوکەری گەشتە هەرێمییەکەی زەیدییە کە لە14ى تشرینی یەکەمی 2026وه‌ بەسەردانیکردنی سعودیەو دیدار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان دەستیپێکرد، پاشان لە26ى هەمان مانگدا سەردانی ئوردنی کردو چاوی بە شا عەبدوڵڵای دوەم کەوت، دوو ڕۆژ دواتریش چوە دیمەشق‌و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوەوە؛ هەروەها لەچوارى ئه‌م مانگه‌ش سەردانی بەحرەینی کردو بڕیاربوو لە8ى ئه‌م مانگه‌ش سەردانی کوەیت بکات پێشئەوەی ئەویش دوابخرێت.

بۆریی نەوتی (کەرکوک – تەرابلوس)‌و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان
حوسێن شەیحانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق له‌لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی عاله‌م جه‌دید وتویه‌تى، "سەردانەکەی زەیدیی بۆ لوبنان ڕەهەندی سیاسیی، ئابوریی‌و ئەمنی هەیەو نابێت تەنها لەیەک لایەندا کورتبکرێتەوە.

شەیحانی ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆ هەیە لەسەر ئەگەری زیندوکردنەوەی پڕۆژەی بۆریی نەوتی عێراق لەکەرکوکەوە بەرەو بەندەری تەرابلوسی لوبنان بەناو خاکی سوریادا؛ ئەم پڕۆژەیە ئەگەر مەرجە سیاسیی‌و تەکنیکییەکانی بۆ بڕەخسێت، دەبێتە دەروازەیەکی ستراتیژیی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرەو دەریای ناوەڕاست.

شەیحانی داوایکرد، هاوکاریی نێوان بەغداو بەیروت تەنها لەبازرگانیدا قەتیس نەمێنێت، بەڵکو بگاتە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، وشککردنی سەرچاوەکانی سپیکردنەوەی پارەو گەڕاندنەوەی ئەو پارە تاڵانکراوانەی عێراق کە لەهەندێک بانکی لوبناندا دانراون، جەختیشیکردەوە، "عەلی زەیدیی شارەزاییەکی وردی لەبەڕێوەبردنی دۆسیە داراییەکاندا هەیە".

ئه‌وه‌شى وت، "عێراق بەلۆژیکی دەوڵەت نەک جەمسەرگیریی مامەڵە دەکات‌و دەیەوێت پێداویستییەکانی لوبنان لەسوتەمەنی دابین بکات بەمەرجێک مافە داراییەکانی عێراقیش پارێزراوبن".

دۆسیەی ئەمنی‌و ئەزمونی مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان
لای خۆیەوە، ڕەمەزان بەدران شرۆڤەکاری سیاسیی ئاشكرایكردوه‌، "دیارترین ئاڵنگاریی بەردەم زەیدیی بریتییە لەلاوازیی سەربەخۆیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهۆی دەستوەردانی حزبی‌و هەژمونی ئێران‌و گروپە چەکدارەکانەوە".

به‌بڕواى بەدران، "سەردانەکەی پێشوی زەیدیی بۆ بەحرەین‌و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ لوبنان، پەیوەستن بەبونی هەژمونی ئێران لەو وڵاتانەدا؛ زەیدیی دەیەوێت لەنزیکەوە ئاشنابێت بەمیکانیزمی مامەڵەکردنی لوبنان لەگەڵ تێکەڵبونی حزب‌و گروپە چەکدارەکانی وەک حزبوڵڵا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتداو سود لەئەزمونەکانیان وەربگرێت".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییه‌ باس له‌وه‌شده‌كات، "دۆسیەی ئەمنی‌و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، هەستیارترین تەوەری هاوبەشی نێوان بەغداو بەیروت دەبێت، لەپاڵ پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەرەکانی لوبنانەوە".