سەرکردە و زڕەسەرکردە!

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارێز عەبدوڵلا


پێش ئەوەی هەردوو جۆرەکە لێک جیا بکەمەوە، پێویستە کەمێک بە دوای ڕیشەی دەستەواژەی (زڕ)دا بچم.
لە کوردەواری دەگوترێ: زڕدایک، زڕباوک، زڕخوشک، زڕەهەنجیر، زڕەتوو... زڕباوک و زڕبرا پێچەوانەی باوک و برای ڕەسەن و نەریتین. زڕباوک تەنیا مێردی دایکە، ، هەرچی زڕبرا و زڕخوشکە ئەوا تەنیا لە دایک یان لە باوک بران، واتە خوشک و برای دایک و باوکی نین.بە کورتی زڕ ريزپەڕ   يان نا نەريتی دەگەيەنێ .
هەرچی سەبارەت بە ناوی درەخت و ڕووەکە، بۆ ئەو جۆرانە بەکار دێ کە بەرهەمدار نین ، يان لەسەر پنجی خۆيان گۆڕاون .لە هەمان باسدا  ئێستریش زڕە ، چونکە لە دایک و باوکێکی ڕەسەن نییە.
زۆر جار دەگوترێ : ئەو کەسە دەڵێی زڕباوکی منداڵەکانێتی، ئەو حکومەت ئەلێی زڕ دايکە …..
ئەم دەستەواژەیە پێوەرێکی کۆمەڵایەتیی گرنگە و  جۆری سەرکردەشی پێ ديار دەکرێ ،چونکە   سەرکردە  و زڕەسەرکردەش هەيە .
سەرکردە ئەو کەسەیە کە بە توانا و لێهاتوویی و ڕەوشتی بەرزی  خۆی کاریگەری لەسەر دەوروبەر دروست دەکات و دەبێتە ڕێبەرێکی چاولێکەر و متمانەپێکراو، سەرکردە رادتەقينەکان لە تنگانە و قەيرانەکان رۆليان جوانتر دەردەکەوێ ،ديارە سەرکردە بە پلە و  پۆست دروست نابێ،  ئەوانەيش کە  تەنیا بە دەسەڵات شوێنی سەرکردان دەگرن، نەک ناتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن، بگرە ڕۆڵی ئەوانەش دەپووکێننەوە کەلە بنەڕەتەوە سەرکردەن.
سەرکردە لەناو کایەی سیاسی و ئەزموون و دەسەڵاتدا هەڵدەکەون، کەچی زڕەسەرکردە هەلدەتۆقن و دەردەکەون.
سەرکردەی ڕاستەقینە بەرچاوڕوونە، لێهاتووە، خەمخۆرە، پێشبینیکەرە، ڕزگارکەری ناو قەیرانە، لەگەڵ خەڵکە و خاکییە، خۆشەویستی خەڵک و قوربانیدەرە.
ئەو سەرکردانەی پێ بە پێ لەگەڵ هەلومەرجەکان پێدەگەن و تێدەگەن، خۆیان لە سەرووی گەل نابینن، چونکە ڕابەری ڕاستەقینەن.
هەرچی زڕەسەرکردەیە با هەر جۆرە پۆستێک و دەسەڵاتێکی هەبێ، سەرکردەیەکی ناڕاستەقینە و بێبەرهەمە.
کاتێک زڕەسەرکردەیەکی بەسەرداکەوتە، یان بە هەر هۆکارێک شوێنی سەرکردەیەکی ڕاستەقینە بگرێ، خۆی پێ لە سەرووی گەلە و کاتێکیش هەر گوێ لە خۆی بگرێتەوە و هەوڵ بدات بە زەبری چەک و پارە، نەک خۆنەویستی و خۆشەویستی، مورید و  شوێنکەوتە پەیدا بکات، دەبێ تەنیا چاوەڕوانی ماڵوێرانیی لێ بکرێ. زڕەسەرکردەکان کەسانی  ناشایستە لە شوێنی شایستە و کەسپەرست لە شوێنی نیشتمانپەروەر، گەندەڵ لە شوێنی دەستپاک و جاش لە شوێنی شۆڕشگێڕ و ماستاوچی لە شوێنی ڕەخنەگر و بیرمەند دادەنێن.
مخابن لەم سەردەمەی پڕوپووچییەدا زڕەسەرکردە گەلەک زۆرن و بەهۆی پارە و تەکنۆلۆژیای پەیوەندی و ڕاگەیاندن ماسکێکی وا  بۆ خۆیان دروست دەکەن ،ماوەیەك پێی  لێ بخوڕن، بەڵام  زوو يان درەنگ هەر دەناسرێنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی