لە جورف‌ ئەلسەخرەوە بۆ چارەنووسی هەرێمی کوردستان، ئایا عێراق بە شوێن پێی سوریادا هەنگاو دەنێت؟

توێژینەوە و شیکاریی

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

یەکەمین هەنگاوی زەیدی لە ناوچەی (جورف السخر) لە پاش وەرگرتنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، شەپۆلێکی بەرفراوانی لە خوێندنەوەی جیاواز و گریمانەی ستراتیژی لەنێو چاودێرانی سیاسی و ناوەندە شیکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا هێناوەتە ئاراوە، هاوکات مشتومڕی ئەوەشی دروست کردووە ئایا زەیدی بە شوێن پێی شەرعدا هەنگاو دەنێت؟ ئەوەی لێرەدا هەنگاوەکانی هەردوو حکومەتی سوریا و عێراقی خستووەتە تەرازوی بەراوردەوە ئەوەیە، کە زەیدیش لەژێر هەمان گوتاری ئەحمەد شەرعدا دەستی بە هەنگاوەکانی کردووە، ئەگەر سەرنجبدەین دیمەشق بە ناوی یەکخستنەوەی وڵات و گەڕاندنەوەی چەک و دەسەڵات بۆ دەوڵەتی ناوەندی، سەرەتا لە ناوچە عەلەوی‌ نشینەکان و دواتر لە سوەیدای دروزەکان هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆیـدا، پاشان ڕێڕەوەکە گەیشتە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئێستاش زەیدی بە ناوی گەڕاندنەوەی هەیمەنەی و شەرعیەتی دامەزراوەکانی دەوڵەت یەکەمین هەنگاوی بۆ (جرف السخر)ناوە، کە لە دوای ساڵی (٢٠١٤)ەوە لەژێر کۆنترۆڵی کەتائیبی حیزبوڵڵادایە، ئەمە جگە لەوەی ئەم گروپە لە هاوکێشەی پێکهێنانی حکومەتەکەی خۆشیدا رۆڵی هەبووە.

بەڵام ئەمە هەموو وێنەکە نیە، لەپشت ئەم هەنگاوەوە، گومان و گریمانەی دیکەش هەیە، کە ئایا هەر بەڕاست زەیدی دەستی بە کۆکردنەوەی چەک و سەپاندنی هەژموون و هەیمەنەی دەوڵەت کردووە، یان ئەمە بەشێکە لە سیناریۆیەکی گەورەتر بۆ رێکخستنەوەی نفوزی ئێران و گرووپە چەکدارییە وەلائییەکان بە میکانیزمێکی نوێ، ئەوەش لەپێناو خۆپاراستن لە بە ئامانجگرتنی سەربازی و فشار و سزا داراییەکانی ئەمریکا، لەگەڵیشیدا ئیحتیواکردنی سنووری دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەمان ئەو پڕۆژەیەی، کە تۆم باراک و ئیدارەی ترەمپ لە سوریا تەبەنییان کرد بۆ یەکخستنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، واتە لەیەک کاتدا پیکانی چەند ئامانجێک بەیەک ستراتیژ.

لە ڕواڵەتدا، بەڵێ دەکرێت لە یەک فۆرمدا کۆ بکرێنەوە و لێکچونییان هەیە بەڵام ئەگەر لە دۆخی سیاسی ناوچەکە، تایبەتمەندی و جیاوازیی عێراق لە سوریا و چەند هاوکێشەیەکی دیکەوە لێی وردبینەوە، ئەوا لە کرۆکدا نەخێر هەمان ئامانج نیە و فاکتەر و مولابەساتی دیکەی هەیە، بەتایبەت لەبەر دوو هۆکاری زەق:

یەکەم: عێراق بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هەژموون و پێگەی گرووپە چەکدارەکان، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە ناو ملمـلانێی واشنتۆن و تارانەوە، فشارەکانی ئیدارەی ترەمپیش بەغدایان لەبەردەم دووڕیانێکی قورسی هەڵبژاردن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا داناوە، کە بێجووڵەیی بۆ زەیدی تێچوویەکی قورسی سیاسی و ئابووری دەبوو، لەم دۆخەدا، دۆسیەی گومانی بەقاچاخبردنی نەوت لە (جورف السخر)، دەرفەتێکی بۆ رەخساند تا هەنگاوێک بنێت هەم فشارەکانی واشنتۆن سوک بکاتەوە، هەم رەچاوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە نزیکەکانی تاران بکات، تەنانەت پێدەچێت ڕێککەوتنێکیش لەسەر ئەو جووڵەیە کرابێت بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی ئامادەبوونی گرووپە چەکدارەکان، واتە جووڵەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو میحوەر تا نەشویش بسوتێت و نە کەباب، نەک دوبارەکردنەوەی ئەوە بێت، کە لە سوریادا جێبەجێکرا.

دووەم: جیاوازی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی و پێکهاتەی دەسەڵات لە هەردوو وڵاتدا هەیە، ئەحمەد شەرع دوای رووخانی ڕژێمی ئەسەد، بە ئۆکەی ئەمریکا و پشتیوانی وڵاتانی ناوچەیی بەتایبەت تورکیا و وڵاتانی کەنداو، هاوکات بە پاڵپشتی هێزە سەربازییەکانی گەیشتە سەر حوکم، سوریاش هێشتا لە قۆناغی گواستنەوە و سیاغەکردنەوەی هەیکەلی دەوڵەتدارییدایە، سەرۆک بە هەڵبژاردنێکی گشتی هەڵنەبژێردراوە و هیچ مەرجەعێکی دەستووری جێگری هەمیشیەیی لەسەروویــەوە نییە.

بەڵام زەیدی نە خاوەنی پاشخانێکی سیاسییە، نە حیزب و نە کوتلەیەکی پەرلەمانی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵکو لە ڕێگەی سازشی هێزە سیاسییەکانی ناو ئیتاری تەنسیقی گەشتووەتە سەرۆکایەتی حکومەت و ئەم پێگەیەی ئێستا، مانەوەشی پەیوەستە بە متمانەی پەرلەمان و هاوپەیمانەکانییەوە، بۆیە لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هەمان ویست و بەرنامەی شەرعیشی هەبێت، ناتوانێت بە هەمان شێواز جێبەجێی بکات و بۆی ناچێتە سەر، چونکە لە عێراقدا ئەو هێزانەی دەستیان بۆ دەبات خۆیان بەشێکن لە بنەمای دەسەڵاتەکەی، هەر هەنگاوێکی توندیش لە دژیان دەتوانێت پێش گەیشتن بە ئامانج، متمانەی پەرلەمانی و پشتیوانی سیاسی لێ بسەنێتەوە، ئەم دوو فەکتەرەش تاڕادەیەک کیفایەتە، کە ئەوەی ئێستای عێراق دەستی داوەتێ وەک دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی سوریا نەبینرێت، هەرچەندە لە سیاسەتدا مەحاڵ نییە و پێچەوانەکەشی هەر ئەگەرە و رێـی تێدەچێت.

دیوی دووەم، ئەگەری سیناریۆی ئیحتیواکردنی هەرێمی کوردستان: لە دیوی دووەمی ئەم هاوکێشەیەدا، لێرەو لەوێ ئەگەری سیناریۆی ئیحتیواکردنی هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێشەوە، ئەم گریمانەیەش دوابەدوای لێدوانەکانی زەیدی و وتەبێژەکەی زیاتر زەق بووەتەوە، کە زەیدی جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە قاچاخی نەوت لە سەرتاسەری عێراق، لە زاخۆوە تا بەسرە کردبویەوە و حەیدەر عەبودیش ئاماژەی بە ئەگەری چوونە ناوەوەی هێزە حکومیە فیدڕاڵیەکانی کردبوو بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق بەبێ ئیستیسنا، قسەکانی هەردوولاش مەترسی و ئەگەری ئەوەی لێخوێندراوەتەوە، کە دۆسیەی قاچاخی نەوت و ناوچە جێناکۆکەکان بکرێنە دەروازەیەک بۆ کشانی هەژموونی بەغدا و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم

بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەرێمی کوردستان بە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەری کوردانی سوریادا بچێت، چونکە پێگەکەی بە تەواوی جیاوازە، هەرێم واقیعێکی دەستووری و یاسایی چەسپاوە و خاوەنی شەرعییەتێکی مێژوویی و نەتەوەییە، ماددەکانی (١١٧ و ١٢١)ی دەستووری عێراقیش بە روونی دانیان بە قەوارە و دەسەڵاتەکانیدا ناوە، راستە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەرژەوەندی و هاوکێشەی هێز هەمیشە پابەندی دەستوور و مافە یاساییەکان نابن، بەڵام هێشتا ئەم تایبەتمەندییە دەستوورییە هێڵێکی جیاکەرەوەیە لە نێوان ئەزموونی هەرێم و کوردانی سووریادا، ئەوەی گرفتی سەرەکییە، ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تێکچوونی شیرازەی حوکمڕانییە، بەتایبەت لە دوای (٤)ی نۆڤەمبەر و زەقبوونەوەی ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئەزموونی دووئیدارەیی، ئەمەش مەترسی ئەوەی هێناوەتە گۆڕێ بەغدا دۆخەکە بە هەل بزانێت و بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم تێکەڵی هەڵمەتەکەی زەیدی بکات.

دەرئەنجام: لەنەتیجەدا، ئەقڵیەتی ناوەندگەرایی ترەمپ و تۆم باراک تەنیا مەترسی نیین بۆ سەر کورد، بەڵکو هەڕەشەشن بۆ سەر گروپە چەکدارەکان و خودی چوارچێوەی هەماهەنگیش، لە حاڵەتێکدا ئەگەر زەیدیش چووبێتە ناو پڕۆژەکەی ترەمپ و باراکەوە و هەنگاوەکانی لەو پڕۆژەیەوە سەرچاوەیان گرتبێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێناو تێپەڕاندنی ماوەی خولی سەرۆکایەتیەکەی ترەمپ و دوورکەوتنەوە لە گورزی سەربازی و سزای دارایی، ڕێگەی بۆ ئەم هەنگاوانە خۆش کردبێت و وەک واجیهەیەک بۆ قوتاربوونی خۆیان بێدەنگییان لێ کردبێت، کە ئەمش هەر ریسکە ئەگەرنا، چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو قورساییە سیاسی و پەرلەمانییەی هەیە، کە هەرکەی بیەوێت متمانە لە زەیدی وەربگرێتەوە.

لە بەرامبەردا، دۆخەکە بۆ کورد زۆر هەستیارترە و پێویستی بە حەزەرێکی زیاتر هەیە، چونکە بە پێچەوانەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، خاوەنی ئەو سەنگە پەرلەمانییە نییە، کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا ببێتە بەربەست لەبەردەم زەیدی و تەحجیمی بکات، هەر ئەم ناهاوسەنگییەش لە کورد دەخوازێت بە ئاگاییەکی تەواوەوە چاودێری ئەم دوو ساڵەی دەسەڵاتی ترەمپ بکات و ناکۆکییەکانی بەلاوە بنێت ئەگەر بۆ فەترەیەکی دیاریکراویش بووە، تاکو بیانو بەدەستەوە نەدات، لەبەر ئەوەی ئەم قۆناغە نەک تەنیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە پڕمەترسییە و بەڕووی هەموو ئەگەر گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی لەناکاودا کراوەیە.

بەپەلە