یەکێتیی دوو داواكاریى قورس دەخاتە بەردەم پارتی‌و وەڵامی پارتیش ئاشکرادەبێت

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14178 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەیەکەم کۆبونەوەی فەرمیی نێوانیاندا لەدوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان‌و سەرهەڵدانی گرژییەکان، ئەمڕۆ شەممە پارتی‌و یەکێتیی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی لەهەولێر کۆبونەوەو یەکێتیی دوو وەرەقەی داواکاریی قورسى خستە بەردەم پارتی.


بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لەئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ شارپرێس، لەکۆبونەوەکەدا کە هەریەکە لە(د. یوسف گۆران‌و د. ڕێواز فایەق) لەمەکتەبی سیاسیی یەکێتیی‌و (مەحمود محەمەدو پشتیوان سادق) لەمەکتەبی سیاسیی پارتی بەشداربون، یەکێتیی دوو داواکاریی قورسى خستوه‌ته‌ به‌رده‌م وه‌فده‌كه‌ى پارتى.

سەرچاوەکەی یەکێتیی ئاشکرایکرد، داواکاریی یەکەمی حزبەکەی بریتییە لەهەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەكه‌ى په‌رله‌مان‌و هه‌روه‌ها ئه‌و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانه‌ش کە بەبێ یەکێتیی ئەنجامدرا، هەروەها دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پەرلەمان‌و سەرۆکایەتییەکان بەهەمانشێوەی پێش چوارى مانگ.

سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، لەوەرەقەی دوەمدا، یەکێتیی داوایکردوە، سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی لەدەرەوەی فراکسیۆنی پارتین، بەڵام هاوکارو هەماهەنگبون لەگەڵ پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دەستلەکاربکێشنەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، وەفدی پارتی لەبەرامبەر داواکاریی یەکەمدا ڕایانگەیاندوە، "ئەم پرسە دەبەینەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، لەوێ گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین‌و دواتر وەڵامی فەرمیمان دەبێت".

سەبارەت بەوەرەقەی دوەمیش، سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایكرد، وەفدی پارتی جەختیانکردوەتەوە، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی وەک سەربەخۆ خۆیان ناساندوەو لەدەرەوەی فراکسیۆنی پارتین، هیچ پەیوەندییەکی بەئەوانەوە نییەو وتویانە، "ئێمە ناتوانین دەستوەردان لەو پرسەدا بکەین، چونکە ئەوان وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەشداریی کۆبونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیان کردوە، خۆتان وەک یەکێتیی دەتوانن قسەیان لەگەڵ بکەن".

هاوکات سەرچاوە تایبەتەکەی شارپرێس ئەوەشیخستەڕوو، یەکێتیی گۆڕانکاریی لەتیمی دانوستانکاری خۆیدا کردوەو بڕیارە لەکۆبونەوە فراوانەکانی داهاتودا، ئەندامانی نوێی وەفدەکەی یەکێتیی لەگەڵ پارتی کۆببنەوە.

پەرلەمانی کوردستان لەڕۆژی چواری تشرینی دوەمی 2026 (واته‌ 4ى ئه‌م مانگه‌) بەئامادەبونی 52 پەرلەمانتار کاراکرایەوە، لەو ژمارەیە 39 پەرلەمانتاریان سەر بەفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بون، لەگەڵ پێنج پەرلەمانتاری کۆتای پێکهاتەکان‌و هه‌شت پەرلەمانتاری سەربەخۆ (کە پێشتر لەفراکسیۆنەکانی یەکێتیی، نەوەی نوێ‌و ڕەوتی هەڵوێست) بون‌و له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا جیابونه‌وه‌ى خۆیان ڕاگه‌یاندو بەبەشداریکردنیان، نیسابی یاسایی دانیشتنەکەیان تەواوکرد.

بەپەلە